رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە، لەبارەی کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکاریی دیالۆگی نیشتمانی لە دیمەشق لەبارەی داهاتووی حەسەکە رایگەیاند، نابێت هیچ کۆبوونەوەیەک لەبارەی داهاتووی سووریا بکرێت بەبێ کورد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20.02.2025، فەیسەڵ یووسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ 20ی شوبات لەبارەی داهاتووی پارێزگای حەسەکە کە لە دیمەشق کرا، دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سنووری حەسەکە هیچ حیزب و لایەنێکی کوردی بانگهێشت نەکردبوو.
فەیسەڵ یووسف دەڵێ: "تەنیا چەند کەسایەتییەکی کورد وەکو تاک بانگهێشت کراون، ئەمەش پەراوێزخستنی حیزبە کوردستانییەکانە، بۆیە داوای بەشداریکردنی حیزبی کوردی دەکەین، چونکە نابێ کورد لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا پەراوێز بخرێت."
پێشتر لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگەوازی بۆ دانیشتنێکی دیالۆگ لە چوارچێوەی "رێڕەوی دیالۆگی نیشتمانی" بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە لە دیمەشق کردبوو.
ئەنەکەسە لە راگەیێندراویکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵات، بەڵام پەراوێزخستنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە دانیشتنەکانی دیالۆگی نیشتمانی، پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشیی نیشتمانییە.
ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگوێخستنی رۆڵی پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریایە کە بۆ چەندین دەیە لە سیاسەتی جیاکاری و پەراوێزخستن رەنجی کێشاوە و لە سایەی سیستمە یەک لەدوای یەکەکاندا لە مافە رەواکانی بێبەش کراوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە، بزووتنەوەی سیاسیی کورد خاوەنی دیدێکی تەواوە کە رەنگدانەوەی ئازارەکانی گەلی کوردە و چارەسەری واقیعی بۆ کێشەکانی لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی گشتگیردا پێشکەش دەکات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە دەڵێت: هەر دیالۆگێکی نیشتمانی کە پەیوەندی بە داهاتووی سووریاوە هەبێت، ناتوانێت جیدی یان بەرهەمدار بێت ئەگەر بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکان، لە پێشیانەوە گەلی کورد بە نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییەکانی، مسۆگەر نەکات.
بە بڕوای ئەنەکەسە، دیالۆگی گشتگیر کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و دانپێدانانی دووقۆڵی دامەزرابێت، تاکە رێگەیە بۆ دامەزراندنی بناخەکانی سووریایەکی نوێ، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و رێزگرتن لە فرەیی سیاسی و هاوڵاتیبوونی یەکسان بنیات بنرێت، دوور لە هەر پەراوێزخستن و پشتگوێخستنێکی هێزە نیشتمانییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ