بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: نووسینگەی نوێنەرایەتیمان لە سووریا دەکەینەوە

20-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، نووسینگەی نوێنەرایەتیی حیزبەکەیان لە دیمەشق دەکەنەوە و کەسێکیشیان بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەکە دەستنیشانکردووە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-1-2025) عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی راگەیاند، "نووسینگەی نوێنەرایەتی لە دیمەشق دەکەینەوە، بەڵام پێویستی بە ئامادەکارییە و لەم رۆژانە دا دەستپێدەکەین."
 
لەبارەی پەیوەندیی بزووتنەوەی ئیسلامی و دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی "پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تەحریر شام نییە، بەڵام یەکدی دەناسین و ئەوان مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی و رابەرانی باش دەناسن، بۆیە بۆ ئێمە ئاسان دەبێت نووسینگە بکەینەوە."
 
عەبدوڵڵا وەرتی، باسی ئامانجی کردنەوەی نووسینگەکەیانی کرد و گوتی "بۆ هێڵێکی پەیوەندییە لەپێناو بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، کەسێکمان دەستنیشانکردووە و ئەگەر پلانەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، ئەو کەسە نوێنەری داهاتووی بزووتنەوە دەبێ لە دیمەشق."
 
08ـی کانوونی یەکەمی 2024، عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر مەکتەبمان هەبووە لە دیمەشق و ئاگاداری بارودۆخی سووریاین."
 
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "وەکو هەموو موسڵمانانی جیهان ئێمەش خۆشحاڵ بوون بە کۆتاییهاتنی رژێمی بەشار ئەسەد و بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە، بە چەند خاڵێک ئامۆژگاری ئەو بەڕێزانەی ئەوێمان کرد."
 
عیرفان عەبدولعەزیز گوتی "ئەحمەد شەرع ئێمە لە دوورەوە دەناسێت بەڵام وەکو پەیوەندی، پەیوەندیمان نەبووە بەهۆی دووریمانەوە."
 
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ قسەی لەگەڵ خەڵکانێکی کوردی نێو تەحریری شام دا کردووە پێیان گوتووە "شێخ ئەحمەد شەرع، جەنابت دەناسێت و خۆشیدەوێیت، حەزدەکەین نامەی بۆ بنووسیت، منیش گوتم بەسەرچاو."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە