یەپەگە لە حەلەب دەمێنێتەوە

18-06-2017
دڵخواز بەهلەوی
نیشانەکردن حەلەب
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەریەک لە رژێمى سووریا و یەکینەکانى پاراستنى گەل، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە رژێمى سووریا داواى لە یەپەگە کردبێ لەو ناوچانەى حەلەب بکشێتەوە کە کۆنترۆڵى کردوون. بەرپرسێکى سەربازیى رژێمى سووریا دەڵێت "لە هاوکارییەکانمان بۆ یەپەگە بەردەوام دەبین".
شەڕی حەلەب گرنگترین رووداوی قەیرانی سووریایە. چەندین لایەن بەشدارییان لەو شەڕەدا کرد: سوپاى رژێمى سووریا، سوپاى سووریاى ئازاد، میلیشیا شیعەکانى لایەنگرى ئەسەد و ئێران، رووسیا، حیزبوڵڵا و یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە). هەر لایەنێک لەوانە دەیویست مۆرى خۆى لە حەلەب بدات، بەڵام شەڕەکە لە 22ى کانوونى یەکەمى 2016 بە قازانجى رژێمى سووریا کۆتایى هات.

هەریەک لە یەپەگە و یەپەژە بەشدارییان لەو شەڕەدا کرد، بە تایبەتى لە گەڕەکەکانى شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کە دوو گەڕەکى زۆرینە کوردن. ئەو دوو هێزە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنى سووریاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پاڵپشتى لە رژێمى سووریا دەکەن، بەڵام هەر دواى شەڕى حەلەب دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەوە کە رژێمى سووریا داواى کردووە یەپەگە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەمێنن.

لیوا عەلی مەقسوود، ئەفسەرى سوپاى سووریا لەبارەى وجودی هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە لە حەلەب بە (رووداو)ى گوت: "یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی سووریا لە دژی گرووپە تیرۆریستەکان شەڕی کرد لەم شارەدا و ئێستاش بەهاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا ئاسایشی چەندین ناوچەی وەک شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەپارێزن".

لیوا مەقسوود رەتیکردەوە حکومەتى سووریا بەنیازى دەرکردنى ئەو هێزانە بێت و گوتى: "حکومەت هیچ نیازێکی نییە ئەم هێزانە دوورخاتەوە، چونکە ئەوان قوربانییان دا بۆ پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆریستان".

هەر لەوبارەوە ساڵح گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی کوردی لە سووریا کە حیزبەکەى بەشدارە لە ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان، بە (رووداو)ى گوت "رژێمی سووریا هیچ داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی یەپەگە نەکردووە بۆ کشانەوەیان لە ناوچە کوردییەکانی حەلەب، هەرچەندە دەنگۆیەک لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام ئەگەر راستیش بێت، ئەو هێزە ناکشێنەوە، چونکە ئەوان هێزێکى سەربەخۆن و بڕیار لە حکومەتى سووریا وەرناگرن".

بەپێى زانیارییەکانى (رووداو)، پەیەدە لەبەرامبەر دەرکردنى هێزەکانى لە حەلەب، هەڕەشەى لە رژێمى سووریا کردووە چوارگۆشەى ئەمنى لە قامشلۆ و حەسەکە (کە دەزگا ئەمنى و ئیستخباراتییەکانى رژێمى لێیە) ناهێڵێ.

بەڵام ساڵح گەدۆ دەڵێت "یەکینەکانی پاراستنی گەل و کوردیش لەو باوەڕەدان وەلانانی چوارگۆشەی ئەمنی لە بەرژەوەندیی کورد نابێت، بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا فڕۆکەخانە هەیە کە خزمەتی سڤیلەکان دەکات و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەسەر کارەکانیانن و مووچەکانیشیان لە رژێم وەردەگرن. ئەم چوارگۆشە ئەمنییە تەنیا رووکەشە".

هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان رۆڵی سەرەکی دەبینن لە ململانێی سووریادا. پارتی یەکێتی دیموکرات کە باڵە سەربازییەکەیان (یەپەگە) کۆڵەگەی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدەهێن، ئێستا لەلایەن ئەمریکاوە پڕچەک دەکرێن.

لیوا مەقسوود دەڵێت "ئەمریکا سەرجەم هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەدەستدا، تەنیا هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گۆڕەپانەکەدا دەبینێت کە تاکە هێزی شەڕکەری راستەقینە بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. بۆیە ئەمریکا زۆر پێویستی بەو هێزە هەیە".

ئەو ئەفسەرەی سوپاى سووریا ئاماژە بە سیاسەتەکانى پەیەدە دەدات و دەڵێت "ئەو حیزبە هێلکەکانی تەنیا لەنێو سەبەتەیەکدا دانانێت. مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەکات. کاتێک دەستی خستە نێو دەستی ئەمریکا مانای ئەوە نییە پشتی لە حکومەت و سوپای سووریا کردووە. بە بەڵگەی ئەوەی کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات، شاری منبج و پێنج ناوچەی دیکەیان کۆنترۆڵ کرد، ناوچە سنوورییەکانیان رادەستی هێزەکانی پاراستنی سنووری سەر بە سوپای سووریا کرد".

سەبارەت بە هاوکارییەکانى سوپاى سووریا بۆ ئەو هێزە، لیوا مەقسوود گوتى "کاتێک داعش هێرشى کردە سەر حەسەکە، سوپاى سووریا چەکى زۆرى بە یەپەگە دا، ئێستاش پشتیوانی سەربازیى تەواوى ئەو هێزە دەکات".

بەڵام ساڵح گەدۆ رەتیدەکاتەوە یەپەگە هاوکارى لە رژێمى سووریا وەربگرێ و گوتى "بەهیچ شێوەیەک سووریا پشتیوانى یەپەگەى نەکردووە، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە هاوکارییان دەکات. رژێمی سووریاش ناڕازییە و نیگەرانە لە هاوپەیمانێتی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان".

پارتى یەکێتیى دیموکرات بە حیزبێکى نزیکى سەر بە پەکەکە لە رۆژئاواى کوردستان دادەنرێ. لەدواى کشانەوەى هێزەکانى سوپاى سووریا لە رۆژئاواى کوردستان، لەگەڵ چەند حیزبێکى رۆژئاواى کوردستان و پێکهاتەکانى ئەو ناوچەیە، ئیدارەیەکیان بۆ بەڕێوەبردنى رۆژئاواى کوردستان پێکهێنا.

ئیدارەکە لە سێ کانتۆن پێکهاتووە (کۆبانێ، عەفرین و جەزیرە) بەڵام حکومەتى سووریا تاوەکوو ئێستا دانى بەو ئیدارەیەدا نەناوە، تەنانەت ئێستاش مووچەى فەرمانبەرانى ئیدارەکە دەدات و دەزگا ئەمنى و ئیستخباراتییەکانى لە قامشلۆ هەر ماون.

بەرپرسە سەربازییەکەى سوپاى سووریا سەبارەت بە گفتوگۆى رژێم لەگەڵ ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان، دەڵێت "حکومەتی سووریا ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆزی کورد و سەرجەم پڕۆژە و بیرۆکە پێشکەشکراوەکان بە پرۆژەی خۆسەریشەوە، کێشە نابێت ئەگەر سەرجەم پرسەکان لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سووریا و دەستووری سووریادا تاوتوێ بکرێن کە بەزۆرینەی دەنگی سوورییەکان پەسەندکراوە".

ئێستا لە رۆژئاواى کوردستان دوو ئەنجوومەن هەن: (ئەنجوومەنى گەل) کە سەر بە پەیەدەیە، لەگەڵ ئەنجوومەنى نیشتیمانیى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە ژمارەیەک پارتی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێ. بەڵام ئیدارە بە دەست ئەنجوومەنى گەلە. پەیەدە ئەنجوومەنەکەى دیکەی لە دەسەڵات بێبەش کردووە، چونکە ئەنەکەسە رازى نییە بچێتە ژێر سێبەرى ئەنجوومەنى گەل.

لیوا مەقسوود دەڵێت "پەیەدە نوێنەرایەتى هەموو کورد ناکات، بەڵام ئەگەر سەرجەم نوێنەرانی کورد لەسەر بیرۆکەیەک و پڕۆژەیەکی تایبەت رێکبکەون، ئەوسا دەکرێت تاوتوێ بکرێت و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی یەکێتیی خاک و گەلی سووریادا". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە