ئەندامێکی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: خۆمان لە دۆسییە مشتومڕهەڵگرەکان بە دوور گرتووە

دوێنێ کاژێر 01:11
نەهرۆ محەممەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد قوربی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد قوربی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

ئەندامێکی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا دەڵێت، دۆخی ئێستای سووریا پێویستی بە سەرکردایەتییەکی ناوەندی هەیە تاوەکو بتوانن پارێزگاری لە دەوڵەتی سووریا بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نوێنەرانی گەلی سووریا لە دەستووری هەمیشەییدا دەتوانن ئەو شێوازە فەرمانڕەواییە هەڵبژێرن کە بۆ سووریا بە گونجاوی دەزانن. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 15-03-2025، ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10 پێشنیوەڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دۆخی ئێستای سووریا پێویست بە بوونی سەرکردایەتییەکی ناوەندی هەیە تاوەکو بتوانین پارێزگاری لە بوونی دەوڵەتی سووریا بکەین؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە ئێستا دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ سووریا نانووسین".
 
ئەندامەکەی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا دەشڵێت، لە نووسینەی دەستووری کاتی سووریادا خۆیان لە دۆسییە مشتومڕهەڵگرەکان بە دوور گرتووە.
 
ئەحمەد قوربی جەختی لەوەکردەوە، ئەمە دەستوورێکی کاتییە و ئەوەی دیکەیان بۆ نوێنەرانی گەلی سووریایان جێهێشتووە تاوەکو لە دەستووری هەمیشەییدا ئەو شێوازە فەرمانڕەواییە هەڵبژێرن کە بۆ سووریا بە گونجاوی دەزانن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد قوربی 
 
رووداو: راگەیاندنی دەستووری زۆر ناوەندییە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتێکی تاکڕۆیی نوێ دروست دەکات بە پێی ڕای پسپۆڕانی دەستوور. ئایا ئەمە بە داوای سەرۆککۆمار بوو یان بەرهەمی بیروڕای ئێوە بوو؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی پێمان دەدەن. پێم وایە قسەکردن لەبارەی گرنگی راگەیاندنی دەستووری لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە، بەتایبەتی ئەنجامی ئەو دۆخ و واقیعەیە کە سووریا تێیدایەتی. هەموومان دەزانین کە سووریا  ئێستا رووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆز بووەتەوە؛ چەک بەربڵاوە، چەندین گرووپی چەکداری جیاواز هەن و وەزارەتی بەرگری بەم دواییانە دامەزراوە؛ هەروەها دۆخی ئاسایشیش ئاڵۆزە. ئەم دۆخانە پێویستیان بە بوونی سەرکردایەتییەکی ناوەندی هەیە تاوەکو بتوانین پارێزگاری لە بوونی دەوڵەتی سووریا بکەین. ئێمە ئێستا دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ سووریا نانووسین، باسی دامەزراوەی جێگیر ناکەین تاوەکو بتوانین سیستمی لامەرکەزییەت جێبەجێ بکەین. جێبەجێکردنی لامەرکەزییەت پێویستی بە بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێزە تاوەکو بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکان یان پارێزگاکانی لامەرکەزییەت یان تەواوی ناوچەکان بکات. ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندیی لاواز بێت، ئەوا ئەگەری دابەشبوون دێتە ئاراوە، ئەمەش ئەوەیە کە هەموو سوریاییەکان رەتی دەکەنەوە. ئێمە دەمانەوێت سەرەتا دامەزراوەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بنیاد بنێین. نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە ئێستا  پەرلەمانمان نییە، دادگای دەستووریمان نییە، حکومەت بەم دواییانە پێکهێندراوە و دەسەڵاتی دادوەرییش بە هەمان شێوە. ئەمانە هەموویان لێکەوتەی رژێمی ئەسەدن، ئەو رژێمەی کە دامەزراوە سوورییەکانی وێران کرد و لاوازی کردن لە ماوەی ئەو جەنگەی کە 14 ساڵی خایاند. لەبەر ئەوە ئێمە بینیمان کە سەرەتا پێویستە سەرنج بخەینە سەر دامەزراوە ناوەندییەکان تاوەکو بتوانین بنیاتیان بنێین و بۆ نوێنەرانی گەلی سووریای بە جێبڵێین کە لە دەستووری هەمیشەییدا کام شێوازی فەرمانڕەوایی بە گونجاو دەزانن بۆ سووریا، دوای بنیادنانی دامەزراوەکانی.
 
رووداو: بۆچی ناسنامە و ناوی عەرەبیتان لە ناوی دەوڵەتی سووریادا هێشتەوە؟
 
ئەحمەد قوربی: راستییەکەی، لەبارەی ناوی دەوڵەتەوە چەندین خاڵ هەبوون،  رای لیژنەکە ئەوە بوو کە پارێزگاری لە دۆخی هەنووکەیی بکەین. نموونەیەکی دیکە دەهێنمەوە، جگە لە ناوی دەوڵەتی سووریا، لە سووریادا ئێستا سیستمێکی دادوەریی دوو لایەنە هەیە، بەو مانایەی کە دادگایەکی ئاسایی هەیە کە نوێنەرایەتی دەکرێت لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە؛ دادگایەکی کارگێڕیش هەیە. بیروڕا هەبوون کە باشترە سیستمێکی دادوەریی یەکگرتوو هەبێت لە پێناو رێکی و ئاسانکاریدا تاوەکو جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکان و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دادوەری بە شێوەیەکی رێکوپێکتر . لەگەڵ ئەوەشدا، بینیمان کە پێویستە واز لە شتەکان بێنین لەسەر دۆخی خۆیان بمێننەوە. ئێمە نامانەوێت ئێستا ئاڵۆزی دروست بکەین لەسەر بنیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت. بۆ نموونە، ئێمە پارێزگاریمان کرد لە ناوی دەوڵەت و جەختمان کردەوە لەسەر سرووشتی سیستمی دادوەریی دوو لایەنە. هەروەها، هەوڵمان دا بە ئەندازەی توانا واز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاسا بەرکارەکان بهێنین تاوەکو وەک خۆیان بمێننەوە، خۆمان بەدوور بگرین لەو دۆسییە مشتومڕهەڵگرانەی کە رەنگە ببنە هۆی جیابوونەوە و دەنگۆی نێوان سووریاییەکان. هاوڕێی ئازیزم، نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە سووریا زۆرترین پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە لەم ساتانەدا. گۆڕینی هەر بابەتێک رەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان پێکهاتە سوریاییەکاندا. ئێمە ئێستا دەمانەوێت هەموو شتێک وەک خۆی بهێڵینەوە، پاشان وەک ئەوەی ئاماژەم پێ کرد، بۆ نوێنەرانی گەلی سووریا وازی لێبهێنین کە دەستووری هەمیشەیی دەنووسن تاکو رێکبکەون لەسەر داهاتووی سووریا و داهاتووی نەوە سوریاییەکان، و لەسەر شێوازی فەرمانڕەوایی و ناوی دەوڵەت و ئاڵا و هتد. ئەم بابەتانە دەتوانرێت لەلایەن نوێنەرانی گەلی سووریاوە بگۆڕدرێن. ئەگەر ئێمە ئێستا هەر دەستکارییەک لەم بابەتانەدا بکەین، رەنگە ئەوە ببێتە هۆی هەستیاری و درز لە نێوان پێکهاتە سوورییەکاندا، ئەمەش پێویستە بۆ ئێمە لە کاتی قۆناخی گواستنەوەدا هێڵی سوور بێت، بەو مانایەی کە خۆمان بەدوور بگرین لەم بابەتانە تاوەکو واز لە شتەکان بێنین وەک خۆیان ئامادەکارییەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، پاشان وەک ئەوەی ئاماژەم پێکرد لە کاتی نووسینی دەستووری هەمیشەییدا هەموو ئەم بابەتانە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن.
 
رووداو: هەندێک دەڵێن ئەم دەستوورە هیوای هەموو ئەوانەی لە سووریا بۆ دیموکراسی راپەڕین، وەلاناوە. وەڵامی ئێوە چییە؟
 
ئەحمەد قوربی: باسی بابەتێک دەکەین کە پەیوەندی بە پرسیاری یەکەمەوە هەیە کە باسی ناوەندیی دەسەڵات دەکات. ئێمە ئێستا لە دۆخی دەوڵەتێکی جێگیردا نین،  ئێمە باسی دامەزراوەی دێرین ناکەین کە دەتوانین تێیدا باسی گۆڕانکاریی هێمایی دەسەڵات بکەین، بەڵکو باسی بۆشاییەکی گشتیی کراوە دەکەین. ئێستا باسی دۆخێکی نائاسایی دەکەین؛ باسی قۆناخێکی گواستنەوە دەکەین؛ باسی دۆخێک دەکەین کە کورتهێنان هەیە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا؛ ئەمڕۆ کارەبا نییە، کێشە هەیە لە کاردا، 90٪ی گەلی سووریا لەژێر هێڵی هەژارییدان، باسی دوو ملیۆن سووریایی دەکەین لە کەمپەکاندان، باسی نیوەی گەلی سووریا دەکەین. لە دۆخێکی وەهادا پاراستنی گەلی سووریا و دەوڵەتی سووریا و دامەزراوەکان کاری لەپێشینەیە، پاشان دەتوانرێت حیزبەکان پێکبهێنرێن، دوای بنیادنانی دامەزراوەکان و کردنەوەی کەشی گشتی. لێرەدا دەتوانین باسی پڕۆسەیەکی دیموکراسی بکەین. دیموکراسی تەنیا وشە نییە، بەڵکو بریتییە لە سیستمێکی تەواو. ئەم سیستمە پێویستی بە دەرفەتی کاری گشتی هەیە، پێویستی بە بوونی حیزبەکان هەیە، پێویستی بە رێکخستنەکان هەیە، پێویستی بە رۆشنبیری هەیە و پێویستی بە سەقامگیری هەیە. بێ بوونی ئەم مەرجانە ناتوانین باسی دیموکراسی بکەین. ئێمە لە ئەزموونی لیبیادا بیرمان دێت کە دوای ئەوەی رژێمی موعەممەر قەزافی رووخا، هەوڵیان دا جێبەجێی بکەن و گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان دوای ساڵێک. چی روویدا لە لیبیا؟ لیبیا دابەش بوو بۆ دوو دەوڵەت و ململانێکە بۆ 12 ساڵ بەردەوام بوو، تەنانەت تاوەکو ئێستاش کۆتایی نەهاتووە. ئایا دەمانەوێت هەمان ئەزموون دووبارە بکەینەوە؟ ئەمە پرسیارەکەیە. بە بڕوای من، ئەگەر لە هەر سووریاییەک بپرسین ئایا رازی دەبێت بە مۆدێلی لیبیا؟ پێم وایە وەڵامەکە بە رەهایی ئەوە دەبێت کە نامانەوێت ئەزموونێکی وەها دووبارە بکەینەوە.
 
رووداو: بۆچی دەرگاتان داخست لەوەی کە کریستیانێک یان ئێزیدییەک ببێتە سەرۆککۆماری سووریا، لە کاتێکدا چینی سیاسی دەسەڵاتدار و ئێوە باستان لە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان بۆ هەموو سووریاییەک دەکرد؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: بەڵێ، پرسیارەکە لەم وەڵامەدا لە دوو گۆشەنیگاوە دێت. گۆشەنیگای یەکەم پەیوەندی هەیە بەو بنەمایەی کە پێشتر ئاماژەم پێ کردکە ئێمە پارێزگاریمان کرد لە دەقە سەرەکییەکان کە لە دەستووری پێشوودا هەبوون. لەو کاتەوەی دەستووری 1920 کە ئەو دەستوورەیە سووریا لە کۆنگرەی سووریی گشتییدا دامەزراند، دەقێک هەبوو کە سەرۆکی دەوڵەت پاشا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی روون باسی ئەوە دەکرا کە پاشا دەبێت موسڵمان بێت. ئەم دەقە لە دەستووری 1950وە ماوە. ئێمە نەمان ویست ئەم بابەتە بگۆڕین. خاڵی دووەم کە گرنگە ئەوەیە کە لە زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهاندا کاتێک باسی بنەمای هاووڵاتیبوون دەکرێت و ئەوەی کە هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا لەسەر بنەمای رەگەزیی یان ئاینیی یان مەزهەبیی بوونی نییە، ئەم یاسا گشتییە دژی بوونی هیچ دۆخێکی تایبەت نییە، بەو مانایەی کاتێک باسی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەین و ئەوەی کە ئاینی سەرۆککۆمار ئیسلامە، بێگومان ئێمە باسی رەگەز ناکەین، باسی ئەوە ناکەین کە دەبێت عەرەب بێت، بەڵکو ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە دەبێت ئاینی سەرۆکی دەوڵەت ئیسلام بێت. ئەم بابەتە دژی بنەما سەرەکییەکە نییە؛ زۆر دەوڵەتی سکەندەناڤی هەن، لە دەوڵەتە ئەورووپییەکاندا و لە ئەرژەنتیندا باسی ئایینی سەرۆکی دەوڵەت دەکەن، باسی مەزهەبی سەرۆکی دەوڵەت دەکەن. ئەمەش دژی بنەمای هاووڵاتیبوون نییە و دژی بنەما دیموکراسییەکان نییە.
 
 
رووداو: ئەوەی کە دەڵێن ئیسلام بێت، عەلەوەکانیش دەگرێتەوە. هیچ کێشەیەکتان لەگەڵ ئەمەدا نییە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: ئەم بابەتە پەیوەندی بە دامەزراوە ئاینییەکەوە هەیە کە ئەوە بڕیار دەدات. لێکدانەوە و فەتوای پێشوو هەیە لەلایەن فتوای سورییەوە کە عەلەوییەکان بە بەشێک لە پێکهاتەی ئیسلامی دادەنێت.
 
رووداو: هەموو گەلی کورد و هەموو حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانی سووریا رەتکردنەوەی خۆیان بۆ ئەم دەستوورە راگەیاندووە. ئایا ئەمە لە رەوایەتی دەستووری کاتی کەم ناکاتەوە؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: راستییەکەی، کاتێک ئێمە ئەم راگەیاندنە دەستوورییەمان نووسی، هەوڵمان دا بە ئەندازەی توانا نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بکات. دەقێک لەم راگەیاندنە سوورییەدا هاتووە سەبارەت بە بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان لەنێوان هەموو سوورییەکاندا بەبێ جیاکاری لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای رەگەز یان ئایین یان مەزهەب. باسمان لە دڵنیاییکردنەوەی مافە کولتووریی و زمانییەکان کرد بۆ پێکهاتە سوورییە جیاوازەکان. راستییەکەی، ناڕەزاییە سەرەکییەکە رەنگە لەلایەن برایانی کوردەوە هاتبێت سەبارەت بە ناوی کۆماری عەرەبیی سووریا. من باسم لەوە کرد کە ئێمە هەوڵمان دا ئەم ناوە وەک خۆی بهێڵینەوە و  بۆ نوێنەرانی گەلی سووریا وازی لێ بهێنین لە کاتی نووسینی دەستووردا تاوەکو ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن، هەروەک ئەوەی باپیرانمان لە ساڵی 1950دا کردیان.
 
 بەڵام بابەتەکانی دیکە پێم وایە بەدیهێنانی بنەمای یەکسانی و هاووڵاتیبوون لە نێوان سوورییەکاندا پێویستی بە تەرخانکردنی ئەم بنەمایانە هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە پارێزگاریمان لێ کرد. رەنگە داواکارییەکانی برایانی کورد چڕ بووبێتەوە لە دەوری پرسی ناناوەندێتی. من وەڵامم دایەوە کە ئەگەر ئێمە ئەم بابەتە لە دۆخێکی نائاساییدا جێبەجێ بکەین، لە قۆناخێکی گواستنەوەدا لەژێر لاوازیی دامەزراوە ناوەندییەکاندا، ئەوا ئەمە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دابەشکردنی سووریا، کە هێڵی سوورە لەلای هەموو سوورییەکان، لەنێویاندا برایانی کورد کە لە زۆر جار و بە بەردەوامی لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی کە واژۆیان کردوون، جەختیان کردووەتەوە لەسەر یەکگرتوویی سووریا.
 
رووداو: بۆچی دانتان بە بوونی کورد و مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی لەم دەستوورەدا نەناوە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا:  ئێمە پێمان وایە کاتێک دەڵێین بنەمای هاووڵاتیبوون لەنێوان هەموو سووریاییەکاندا، ئەوا هاووڵاتییان بە یەکسان لەبەردەم یاسادا لە ماف و ئەرکەکاندا دادەنرێن. ئەمە بنەما سەرەکییەکەیە لە هەموو دەوڵەتان. ئێمە نەمان ویست بگەڕێینەوە بۆ جۆرێک لە پشک پشکێنە یان تەرخانکردنی هەر پێکهاتەیەک بە مامەڵەیەکی تایبەت تاوەکو هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی پشک پشکێنە نەبێت. ئێمە ئاگاداری ئەو ستەمەین لە برایانی کورد کراوە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، بەڵام راستییەکەی ئەم ستەمە تەنیا لە برایانی کورد نەکراوە، بەڵکو هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە عەرەبەوە بگرە تاوەکو کورد و تورکمان و ئاشووری و ئێزدی لەلایەن رژێمی ئەسەدی شۆڤێنییەوە ئازاریان چەشتووە، لەبەر ئەوە نەمانویست پێکهاتەیەک بە مادەیەکی دیاریکراو تایبەت بکەین. ئێمە گوتمان کە هەموو سوریاییەکان یەکسانن و دڵنیایی هەیە بۆ مافە کولتووریی و زمانییە جیاوازەکان. ئەمەش برایانی کورد، تورکمان، ئێزدی و ئاشووری و مەسیحییەکان دەگرێتەوە؛ هەموو ئەم پێکهاتانە دەقێکیان هەیە کە پارێزگاری لە مافە کولتووریی و زمانییەکانیان دەکات.
 
رووداو: پێت وا نییە کە ئەم دەستوورە دەرگای پەرتەوازەبوون لە سووریا دەکاتەوە، چونکە دەستوورێکی کۆکەرەوە و گشتگیر نییە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: کاتێک دەڵێیت ئەمە دەستوورێکی کۆکەرەوە و گشتگیر نییە، دەکرا پرسیارەکە بەو جۆرە بووایە کە چ خاڵێک یان بابەتێک هەبوو کە دەکرا لە دەستووردا بێت تاوەکو سووریا بۆ هەموو سوریاییەکان گشتگیر بێت؟ کاتێک ئێمە باسی بنەمای هاووڵاتیبوون دەکەین و ئەوەی کە هەموو سوورییەکان یەکسانن لەبەردەم یاسادا لە ماف و ئەرکدا، هیچ جیاکارییەک لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای رەگەز یان زمان یان مەزهەب نییە، کاتێک باسی دڵنیایی مافەکان دەکەین، کاتێک باسی بوونی دامەزراوەیەک دەکەین کە یەک بێت بۆ هەموو سوورییەکان، ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە ئێمە سووریا یەک دەخەین یان پارچەی دەکەین؟ بەڕێز، لە هەموو دەوڵەتەکانی جیهاندا کاتێک تۆ دەست دەکەیت بە چڕکردنەوە یان بنیادنانی دامەزراوەی لامەرکەزی، ئەوا تۆ رێخۆشکەر دەبیت بۆ دابەشکردنی دەوڵەت. ئەوەی لە سوودان روویدا، ئەوەی لە هەندێک دەوڵەت روویدا کە ململانێیان کرد، ئەگەر دامەزراوەی دەوڵەت بەهێز نەبێت، ئەوا ئێمە رێگەخۆشکەر دەبین بۆ دابەشکردنی دەوڵەت. پێم وایە لەسەر ئاستی سەرکەوتندا هەموو راگەیاندنە دەستوورییەکە قسەی بۆ سوورییەکان کردووە لەسەر ئاستێکی یەکسان بە مافی یەکسان بە ئەرکی یەکسان، لەبەر ئەوە ئەو خاڵە لە کوێیە کە تۆ بەوە دادەنێیت کە سورییەکان جیادەکاتەوە؟
 
رووداو: ئەوەی لایەنە کوردییەکان، کریستانەکان و دروزەکان دەڵێن ئەمە دەستوورێکی گشتگیر نییە، مافی نەتەوەیی و سیاسی کوردی تێدا نییە و بە دەستووری خۆشیانی نازانن؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: بە پێچەوانەوە، ئەمە بە تەواوی بانگەشەیەکە بێ بەڵگەیە. کاتێک دەڵێم هەموو سووریاییەکان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا، هیچ دەقێک نییە کە جیاوازی بکات لەنێوان سوورییەکاندا. من سەرم سووڕ دەمێنێت کاتێک دەبیستم باسی ئەوە دەکرێت مافی پێکهاتەکان دابین نەکراوە. کاتێک دەڵێم هەموو سووریاییەکان یەکسانن، تۆ چۆن لەم دەقە تێدەگەیت؟ کاتێک دەڵێم هەموو سووریاییەکان هەمان ماف و ئەرکیان هەیە، باسی بنەمای یەکسانی دەرفەتەکان دەکەم، باسی ئازادیی کولتوور و راگەیاندن دەکەم، باسی مافە کولتووریی و زمانییەکان دەکەم. راستییەکەی، شتێکی زۆر سەیرە کاتێک قسەیەکی ئاوا دەکرێت بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک. پێم وایە ئەمە بانگەشەیەکە کە سووریاییەکان زیاتر جیادەکاتەوە نەوەک ئەوەی یەکیان بخات. ئێستا زۆر کەس هەوڵ دەدەن گەلی سووریا جیابکەنەوە و درز لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا دروست بکەن. ئێمە هیوامان بە هۆشیاریی برایانی کورد و برایانی دروز و برایانی عەلەوی و هەموو پێکهاتەکانی سووریا هەیە کە گوێ نەدەن بە بانگەشەی وەها بێ بەڵگە.
 
رووداو: ئەو دەستوورەی جەنابتان باسی دەکەن لەلایەن کورد و کریستیان دروز رەتکراوەتەوە. ئێستاش پێداگیری لەسەر ئەو دەستوورە ئەوان رەتیانکردووەتەوە؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: ئەم بابەتە هەیە، دەقێکی روون هەیە لە مادەی سێیەم یان چوارەم کە بە روونی باسی دڵنیاییکردنەوەی مافە کولتووریی و زمانییەکان دەکات بۆ پێکهاتە جیاوازەکان. ئایا ئێمە کورد بە پێکهاتەیەک لە گەلی سووریا دانانێین؟ ئایا ئێمە دروز بە پێکهاتەیەک لە گەلی سوریا دانانێین؟ ئایا ئێمە تورکمان بە پێکهاتەیەک لە گەلی سووریا دانانێین؟ ئەگەر ئەوان پێکهاتەیەک بن لە گەلی سووریا، ئەوا ئەم مادەیە قسەیان بۆ دەکات. ئێمە دڵنیاین لە مافە کولتووریی و زمانییەکانیان تاوەکو بە زمانەکەی خۆیان قسە بکەن و دامەزراوەی میدیای بە زمانەکەی خۆیان دابمەزرێنن و کتێب بە زمانەکەی خۆیان چاپ بکەن و رادیۆ و تەلەفزیۆن بە زمانەکەی خۆیان هەبێت و بە زمانەکەی خۆیان قسە بکەن. نازانم دەقەکە چییە؟
 
رووداو: بۆچی لە دەستوورە کاتییەکەدا ناوی کورد نەهاتووە؟ کورد هەزاران ساڵە لەوێ ژیاوە، بەڵام لە دەستووردا باسی نەکراوە و دانی پێدانەنراوە؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: بەڵێ، بەڵێ. باشە، من پرسیارێکی پێچەوانە دەکەم؛ ئایا ناوی پێکهاتەی عەرەب هێندراوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. ئێمە باسی پێکهاتەکان ناکەین، ئێمە نامانەوێت پشکپشکێنە بکەین. نامانەوێت جیاوازی بکەین لەنێوان سوورییەکاندا. ئێمە قسەمان بۆ سووریاییەکان کردووە وەک سووری بەبێ گوێدانە ئاین و رەگەز و مەزهەبەکەیان.
 
رووداو: ناوی کۆمارەکە عەرەبییە، سووریای عەرەبییە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: تۆ ئەم خاڵەت باس کرد کە تەنیا باسی ناوی دەوڵەت دەکەیت، بە دەرهێنانی ناوی دەوڵەت ئەگەر یەک مادەشم بۆ بهێنیت کە قسە بۆ عەرەب بکات. تۆ ئێستا پێم دەڵێیت بۆچی ئێمە باسی کوردمان نەکردووە؟ ئایا ئێمە باسی عەرەبمان کردووە؟ ئایا ئێمە باسی دروزمان کردووە؟ ئایا ئێمە باسی تورکمانمان کردووە؟ ئایا ئێمە باسی مەسیحییەکانمان کردووە و باسی پێکهاتەکانی دیکەمان نەکردووە؟ بەڕێزم، سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە، ئێمە دەستمان گرتووە بە بنەمای هاووڵاتیبوونەوە کە ئەم دەوڵەتە بۆ هەموو سوورییەکانە.   
 
رووداو: باسی مافی نەتەوەکانی دیکە نەکراوە. حکومەتی ئێستای راگوزەری سووریا تەنیا عەرەبن؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: بەهیچ شێوەیەک باسی هیچ  نەتەوەیەک نەکراوە. تۆ ئێستا لەبارەی راگەیاندنی دەستوورەوە پرسیارم لێ دەکەیت نەوەک لەبارەی پێکهێنانی حکومەت. ئێمە ئێستا باسی دەقی راگەیاندنی دەستووری دەکەین. دڵنیات دەکەمەوە کە راگەیاندنی دەستووری هیچ پێکهاتەیەکی تایبەت نەکردووە بە هیچ تایبەتمەندییەک بەراورد بە پێکهاتەکانی دیکە. هەموومان ئاگاداری ئەو ستەمەین لە برایانی کورد کراوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە و لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، بەڵام ئەو ستەمە بەس بەرامبەر ئەوان نەبووە... 
 
رووداو: من هەر باسی ئەو تێکستە دەکەم کە ئێوە نووسیوتانە و لەلایەن کورد، دروز و کریتسیانەوە رەت دەکرێتەوە. هێشتا هەر پێداگری لەسەری؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی رەتی دەکەیتەوە؟
 
رووداو: هیچ کوردێک نییە پەسندی بکات لەبەر ئەوەی دان  بە کورد و مافەکانیدا نانێت؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: پێم گوتیت کاتێک دەڵێم مافە کولتووریی و زمانییەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان دڵنیا دەکەمەوە، کورد پێکهاتەیەک نییە لە گەلی سوریا؟ کاتێک دەڵێم سوریاییەکان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا، من سەیری عەرەب و کورد و تورکمان و دروز و عەلەوی و مەسیحی و ئاشووری و ئێزدی دەکەم کە هاووڵاتیین لە دەوڵەتێکی یەکساندا... 
 
رووداو: کورد داوای مافی نەتەوەیی و سیاسی دەکات. مافی کولتووری لە وڵاتێکی وەک سوێد دەدرێت. ئەوەی مافی کوردە لە سووریا مافێکی سیاسی نەتەوەییە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: مافە نەتەوەییەکان  تەنیا لە دەستووری هەمیشەییدا تاوتوێ دەکرێن. ئێمە دەمانەوێت پارێزگاری لە دەوڵەتی سووریا بکەین. کاتێک باسی مافە نەتەوەییەکان دەکەین، ئێمە نوێنەری گەلی سووریا نین تاوەکو گفتوگۆ بکەین و باسی مافە نەتەوەییەکان بکەین بۆ پێکهاتە جیاوازەکان. هەروەک برایانی کورد داوای مافی نەتەوەیی دەکەن، برایانی تورکمانیش داوای مافی نەتەوەیی دەکەن و عەرەبیش داوای مافی نەتەوەیی دەکەن، بەم شێوەیە ئێمە دەچینە نێو دۆزی دابەشکردنی دەوڵەتەوە. بۆیە ئاماژەم پێدا کە ئێمە دەمانەوێت لەم قۆناخەدا سووریا یەکبخەین و دامەزراوە بۆ هەموو سووریاییەکان بنیاد بنێین، پاشان واز لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا و نوێنەرانی برایانی کورد دەهێنین لە پەرلەمانی سووریا یان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو ئەم دۆزە لەگەڵ برایانی دیکەی سووریادا تاوتوێ بکەن. ئێمە ناڵێین دانی پێدا نانێین بەم بابەتە، دەستوور رێگری ناکات لەم بابەتە، رێگری لە راگەیاندنی دەستووری ناکات، بەڵکو واز لەم دۆزانە دەهێنێت بۆ نوێنەرانی گەلی سوریا. هیوادارم برایانی کورد هۆشیار بن بۆ ئەم خاڵە. ئێمە دەستمان نەگرتووە بەسەر مافە نەتەوەییەکانماندا، ئێمە دەستمان نەگرتووە بەسەر مافە کولتوورییەکانماندا، ئێمە دەستمان نەگرتووە بەسەر مافە زمانییەکانماندا، بەڵکو گوتمان ئێستا دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا بنیاد دەنێین پاشان ئەم دۆزانە تاوتوێ دەکەین.
 
رووداو: کورد  لە رۆژئاوای کوردستان هۆشیارە، بۆیە داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی خۆی دەکات. هەر لەبەر ئەوەشە ئێوە لەنێو دەستووردا ناوتان نەهێناوە. با پرسیاری بابەتێکی دیکە بکەم، حیزبە سریانی، مەسیحی و دروزی و دیموکراتییە سوورییەکان رایانگەیاندووە، ئەم دەستوورە رەتدەکەنەوە. ئایا ئەمە کێشەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە سووریا دروست ناکات؟

 

ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: راستییەکەی، تەنیا لایەنێک کە بەیاننامەی دەرکرد و راگەیاندنی دەستووری رەتکردەوە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر بوو کە نوێنەرایەتی دەکرێت لەلایەن مەسەدەوە. بە دەرهێنانی ئەوە، من نازانم هیچ لایەنێکی دیکە هەبێت بەیاننامەیەکی دەرکردبێت و رەتی کردبێتەوە.
 
رووداو: جەنابت رەنگە ئاگادارنەبیت، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، هەموو پارتە کوردییەکان،  کریستیان و درووزەکانیش  هەموویان بە راگەیێندراوی فەرمی رەتیانکردووەتەوە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا:  بەڵێ رەنگە... ئاماژەت پێدا، بەڵێ، بەڵێ، تۆ ئێستا باسی مەسەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد دەکەیت، بەڵام مەسیحییەکان من نازانم هیچ بەیاننامەیەک دەرچووبێت لەلایەن پێکهاتە مەسیحییەکانەوە و سەبارەت بە دروز تەنیا پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە لەنێو پێکهاتەی دروزدا، بەڵێ راستە، راستە من دانی پێدا دەنێم، من دانی پێدا دەنێم. دەڵێین بە هەموو ئەوانەی کە ئەم راگەیاندنە دەستوورییە رەت دەکەنەوە، هیوادارم سەیری هەموو راگەیاندنەکە بکەن و تەنیا سەیری بەشێکی دیاریکراو نەکەن. کاتێک دەڵێین هەموو سوورییەکان یەکسانن، ئێمە چیمان دەوێ؟ ئایا دەمانەوێت سووریایەک لە سووریایەکی دیکە جیا بکەینەوە؟ ئایا دەمانەوێت سووری بە پلە یەک و سووری بە پلە دوو دابنێین؟ پێم وایە ئەم راگەیاندنە دەستوورییە کە کاتییە باسی دۆزی قۆناخێکی کاتی دەکات لەنێوان پێکهاتە سوورییەکاندا، بۆیە من سەرم سوڕدەمێنێت کاتێک دەڵێین ئەم راگەیاندنە دەستوورییە رەت دەکەینەوە. چ پاڵنەرێک هەیە کە پاڵ بە هەندێک پێکهاتەوە دەنێت تاوەکو راگەیاندنی دەستووری رەت بکەنەوە؟ بێگومان ئەمە مافی ئەوانە، ئێمە دەستناگرین بەسەر ئەم بابەتەدا، بەڵام هیوادارم سەیری ئەمە بکرێت، ئەمە مافی ئەوانە. 
 
رووداو:  قۆناخی کاتیتان بۆ دوو ساڵ داناوە، دەرفەتی درێژکردنەوەشی هەیە و دەستووری کاتی دەبێتە بنەمایەک بۆ دەستووری هەمیشەیی . با بێینە سەر ئەو پرسیارەی، ئایا هیچ دەرچەیەک هەیە  بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە کاتییە دابڕژێرێتەوە یان گۆڕانکارییەکی تێدا بکرێت؟ 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: بێگومان مادەیەک هەیە، پێم وایە مادەی 51 لە راگەیێندراوی دەستووردا دەڵێت، دەتوانرێت راگەیێندراوی دەستووری دەستکاری بکرێت بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی گەل کە کاتییە، بە پێشنیازێک لەلایەن سەرۆککۆمارەوە. بەم شێوەیە ئەم دەقانە دەتوانرێت دەستکاری بکرێن، ئەگەر نوێنەرانی گەلی سووریا دواتر لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەوەیان بە باش زانی. ئێمە باسی پەرلەمان دەکەین کە هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو زیاتر نزیکە لە تێکەڵکردن لەنێوان رێگەی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردن. دەستەی دەنگدەر لە پارێزگا سورییە جیاوازەکاندا پێک دەهێنرێت، نوێنەری جیاواز لە پێکهاتەکانی گەلی سوریا دەبن. ئەگەر ئەو کەسانە لەگەڵ سەرۆککۆماردا وایان بینی کە هەندێک مادە پێویستیان بە دەستکارییە، ئەوا دەرفەت هەیە بۆ دەستکاریکردنی راگەیێندراوی دەستووری.
 
رووداو: کێ دەتوانێت لێپرسینەوە لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمار بکات، چونکە دەسەڵاتی زۆری پێدراوە؟
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا: لە راگەیێندراوی دەستوورییدا ئێمە هیچ مامەڵەیەکی تایبەتمان بۆ سەرۆککۆمار دانەناوە، بەو مانایەی لێپرسینەوە لە سەرۆککۆمار بەپێی یاساکانی گشتی بەڕێوەدەچن، بەپێی یاسای سووریایە وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە. بڕگەی تایبەت هەن بۆ دادگاییکردنی وەزیران و سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار کە لە یاسای سزادانی سووریا دەگەڕێندرێنەوە، بەو مانایەی سەرۆکی دەوڵەت لەوێدا باسی لێپرسینەوەی تاوان و کەتن دەکات. بەڵام لێپرسینەوەی سیاسی لەبەردەم گەلی سوریادایە وەک پەرلەمان، لەبەر ئەوەی ئێمە بنەمای جیاکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکانمان پەسند کردوون. بەرپرسیارێتیی سیاسی سەرۆکی دەوڵەت لەبەردەم گەلی سوریادایە، بەڵام بەرپرسیارێتیی سزایی بەو مانایەی کە ئەگەر تاوانێکی دیاریکراو ئەنجام بدات، ئەوا دادگای سووری دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆکی دەوڵەت دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک لە تووندوتیژییەکانی ئەمدواییەی سووریا سووتاوە. وێنە: Reuters

ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە دەسەڵاتی سووریا دەکات هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەی خەڵکی سڤیلی سووریای سەرکۆنە کرد، داوای لە حکومەتی راگوزەری ئەو وڵاتە کرد، بێ رەچاوکردنی ئایین و نەتەوە، رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت