رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن وەستاوە. سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێ: "بەنداوەکە لە کۆنترۆڵی هەسەدە ماوەتەوە."
لە رۆژی 10.12.2024ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن دەستیپێکرد. ئەمڕۆ هەینی، 13.12.2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بەنداوی تشرین، شەڕ لە نێوان هەسەدە و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەستاوە. هەسەدە لە بەنداوەکە ماوەتەوە و نەکشاوەتەوە."
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "رۆژی پێنجشەممە هێزێکی ئەمریکی چوونەتە شوێنەکە بە مەبەستی راگرتنی شەڕ."
ئەمە لەکاتێکدایە ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت".
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. لە سێ رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش بۆردوومانیان دەکرد.
ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، توانیویانە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ هێرشی "گرووپە بەکرێگیراوەکانی تورکیا" تێکبشکێنن و زیانێکی زۆریان لێبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ