فەرماندەیەكی سوپای سووریا بۆ (رووداو): دوای دێرەزوور دەگەڕێینەوە قامشلۆ و حەسەكە

12-09-2017
دڵخواز بەهلەوی
نیشانەکردن سوپای سووریا قامشلۆ پەیەدە دێرەزوور
A+ A-

رووداو- هەولێر

هێشتا شەڕی دژی داعش لە شاری رەققە كۆتایی نەهاتووە، چاوەكان كەوتوونەتە سەر گرتنەوەی شاری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا. چاوەڕێ دەكرێت لەو ناوچەیە ململانێیەكی راستەقینە لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریا بێتە ئاراوە. شارەزایان چاوەڕێ دەكەن شەڕی دێرەزوور لە شەڕی رەققە سەختتر بێت.

هەرچەندە بڕیار بوو هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) هێرش بكەنە سەر دێرەزوور و ئەنجوومەنی سەربازییان بۆ پێكهێنا، بەڵام سوپای سووریا هێرشی كردە سەر شارەكە و لە ماوەیەكی كەمدا پێشڕەویی بەرچاویان كرد، ئێستا هێزەكانی سوپا لەگەڵ ئەو هێزانەی پێشتر لە فڕۆكەخانەی شارەكە و چەند گەڕەكێك گەمارۆ درابوون، گەیشتوونەتەوە یەك.

شاری دێرەزوور یەكێكە لە پارێزگا زۆر گرنگەكانی سووریا و دەوڵەمەندە بە سامانی نەوتی و كشتوكاڵ. زۆربەی دانیشتووانی عەرەبن، كورد و ئەرمەن لەم شارەدا كەمینەن. شارێكە تایبەتمەندیی خێڵەكی هەیە و دەكەوێتە سەر رووباری فورات كە یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی ئاو لە سووریا.

دێرەزوور 450 كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەخت و 265 كیلۆمەتریش لە قامشلۆ دوورە. هەروەها 320 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی حەلەبەوە دوورە. بەشێكی زۆری شاری دێرەزوور ماوەی سێ ساڵە لەژێر دەستی داعشدایە و گەمارۆی خستبووە سەر ناوچەكانی فڕۆكەخانە، ناوچە سەربازییە گرنگەكان كە لەژێر هەژموونی حكوومەتی سووریادایە، بەڵام دوای سێ‌ ساڵ سوپای سووریا توانی گەمارۆكە بشكێنێ‌.

 عەمید هەیسەم حەسوون، شارەزای سەربازی و ستراتیژی لە سوپای سووریا بە (رووداو)ی گوت "سوپای سووریا، گەمارۆی داعشی لە بەشی باشووری شارەكە شكاند و هێزەكانیان لەگەڵ فەوجی 137 بەیەكگەیشتن و پێشڕەوی دەكەن بۆ گەیشتن بەفڕۆكەخانە و لەگەڵ لیواكانی زریپۆش هاوئاهەنگن بۆ ئەوەی بۆشاییەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانانیان درێژە بەپێشڕەوییەكانیان بدەن" .

بە گوتەی عەمید هەیسەم، قۆناغی داهاتووی پێشڕەوی هێزەكانی سووپای سووریا بەرە ناوچەی مەیادین و ئەلبوكەمال دەبێ‌ "سوپای سووریا بەرەو ناوچەكانی مەیادین و ئەلبوكەمال پێشڕەوی دەكەن بۆ ئەوەی ناوچەكان بەتەواوی كۆنترۆڵ بكەنەوە و سەروەریی بۆ سنوورەكانی سووریا و عێراق بگەڕێننەوە".

عەمید هەیسەم رەتیكردەوە هیچ هەماهەنگییەك لە نێوان سوپای سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دێرەزوور هەبێ‌ و گوتی "هیچ هاوئاهەنگییەك نییە، لە نێوان سوپای سووریا و هێزەكانی ئەمریكا نییە لە شەڕی دێرەزوور، چونكە ئەمریكا هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا زیاتر بكات، نەك داعش لەناوببات، بۆ ئەم مەبەستەش هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ ئەم مەبەستە بەكاردەهێنێ".

لە كاتێكدا سوپای سووریا لە باشووری شارەكە پێشڕەوی دەكات، هێزەكانی سووریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژهەڵاتی شارەكەیان راگەیاندووە.

تەلاڵ سلۆ، گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات رایگەیاند "كەمپەینی نوێی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور ئامانج لێی رزگاركردنی تەواوی رۆژهەڵاتی دوورگەی فوراتە لەژێر ناوی (رەشەبای دوورگە)، بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ كەمپەینەكە دەستپێدەكات، ئەو هێزانەی بەشداریش دەبن پێكدێن لە، بەشێك لە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".

شارەزایان لەو باوەڕەدان شەڕی دێرەزوور سەختبێ‌ و ئەگەری پێكدانانی لە نێوان سوپای سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لێ‌ بكەوێتەوە، بەڵام ئەو ئەفسەرە باڵایەی سوپای سووریا بەدووری دەزانێت شەڕ  لە نێوانیان رووبدات و دەڵێت "سوپای سووریا رێگە بەهیچ هێزێكی دیكە نادات دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەم شارە، هەژموونی خۆی بەسەر خاكی سووریا بسەپێنن یان هەوڵی پارچە پارچەكردنی خاكی سووریا بدەن. سوپای سووریاش هەریەك لە شارەكانی حەسەكە و قامشلۆ و شارەكانی دیكەش دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، دوای ئەوەی كۆتایی بەشەڕی داعش دەهێنن".

كادار بێرێ‌، نووسەر و سیاسەتڤانی نزیك لە پەیەدە دەڵێت "پێشڕەوییەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات تەنیا بۆ لەناوبردنی داعشە، چونكە بوونی ئەم شێرپەنجەیە لە عێراق و سووریا، مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان بەگشتیی و وڵاتە هەرێمییەكانیش بەتایبەتی". 

لەبارەی ئەگەری پێكدادانی نێوان هێزەكانی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات. كادار دەڵێت "بێگومان ئەم پێكدادانە سەربازییە روودەدات، چونكە جیاوازییەكی زۆرمان هەیە لە بیروبۆچوون، یەكێكیان گشتگیرن و ئەوی دیكەشیان دیكتاتۆرییەكی مەركەزییە و هێزەكانی سووریای دیموكرات داوای دیموكراسی و فیدراڵی دەكات و لایەنی بەرامبەریش تەنیا بەرژەوەندی خۆی دەوێت لە رێگەی پێكهێنانی سیستەمی مەركەزییەت و درێژەدان بەدیكتاتۆرییەت".

هێزەكانی سووریای دیموكرات لەلایەن رژێمی سووریاوە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئەجێندای دەرەكی لەوانەش ئەمریكا جێبەجێ‌ دەكەن. نووسەرەكەی نزیك لە پەیەدە لەو بارەیەوە  دەڵێت "كورد سوودێكی زۆری لە ئەمریكا وەرگرتووە، چونكە ئەمریكا بەدوای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیەوە دەگەڕێت و بەپێی هاوسەنگی 2+2=4 كاردەكات، لەوانەیە بیكاتە پێنج، بەڵام هەرگیز نایكاتە سێ. ئێمەی كوردیش كاتێك لە خاڵی سفردابووین، كەچی ئێستا 50%ی دەستكەوتمان بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتیمان بەدەستهێناوە و سیستەمی فیدراڵیمان دامەزراندووە و كەیانێكی دیموكراسیمان بنیاتناوە و داعشمان لە ناوچەكەدا دوورخستووەتەوە".

سەبارەت بە گەڕانەوەی سوپای سووریا، وەك ئەفسەرەكەی سوپای سووریا دەڵێت دوای نەمانی داعش دەگەڕێنەوە قامشلۆ و حەسەكە، كادار دەڵێ "ئەمە خەونێكە رژێم دەیبینێت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی دیسان بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنێت و دەیەوێت دووبارە بیكاتەوە كێڵگەیەكی تایبەت بەخۆی، بەڵام كورد قوربانی زۆریداوە بۆ ئەوەی ناوچەكان ئازاد بكات و كەیانێكی بەهێز دروست بكات بۆ پێكهاتەیەكی دیموكراسی و پێیاندەڵێم خەونەكەتان وەك خەونی ئیبلیسە بۆ بەهەشت".

دوای ئەوەی رەققە كۆنترۆڵ دەكرێتەوە،شەڕە گەورەكە دەكەوێتە دێرەزوور. بەپێی شڕۆڤەكاران، شەڕی ئەمجارە دەبێتە خاڵی یەكلاكەرەوە بۆ دابەشكردنی دەسەڵات و هەژموون لەسەر خاكی سووریا لە نێوان هێزەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لە قۆناخی پاشتریش چارەسەری سیاسی راستەقینە بدۆزرێتەوە و قەیرانی سووریا كۆتایی پێبێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە