رووسیا چەکی ئەتۆمی لە سووریا جێگیر دەکات

12-08-2016
ئاسۆ محەممەد
.....
.....
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی رووسیا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی لە ماوەیەکی نزیکدا بنکەی سەربازی حومەیمیم لە نزیک لازقیە فراوان دەکات و مووشەکی بالیستی تێدا جێگیر دەکات، کە دەتوانێ كڵاوی ئەتۆمی هەڵبگرێت، ئەم هەنگاوەی رووسیا دوای ئەوە دێت پەرلەمانی ئەو وڵاتە رێكکەوتننامەی ستراتیژی نێوان رووسیا و سووریای پەسەندکرد.

بەپێی پلانێکی ستراتیژی رووسیا، بنکەی سەربازی حومەیمیم لە لازقیە فراوان دەکرێت و، ژمارەیەکی نوێی مووشەکی ستراتیژی تێدا جێگیر دەکرێن، لەوانە مووشەکی بالیستی کە دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.

دەستیپێکردنی پلانەکە دوای ئەوە دێت، کە پەرلەمانی رووسیا رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان مۆسکۆ و دیمەشقی پەسەندکرد. سیناتۆر فرانچ کلینتسفیچ لە کۆمیتەی ئاسیاش و بەرگریی پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند "بەپێی رێککەوتنەکە رووسیا بنکەیەکی ئاسمانی فراوان دادەمەزرێنێت و، تێیدا مووشەکی بالیستی پێشکەوتوو و هێزێکی ئاسمانی و یەکەیەکی بۆشایی ئاسمانی جێگیر دەکات، هەروەها ناوەندێکی هەواڵگریش دادەمەزرێنێت".

هاوكات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ژێرخانی سەربازی خۆی لە سووریادا بەهێز دەکات و بنکەی سەربازی حومەیمیم فراوان دەکات و شارێکی سەربازی لە حومەیمیم دروس تدەکات، کە هەزاران سەربازی رووسی لەخۆدەگرێت، لەوانە نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە شارەکەدا دروست دەکرێت".

بنکەی سەربازی حومەیمیم:
- دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی لازقیە.
- ساڵی 2015 هێزی رووسیای تێدا جێگیرکرا.
- 48 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزترە.
- رووبەرەکەی فراوان دەکرێت و دەبێتە 3000 کم چوارگۆشە.
- توانای نیشتنەوە و فڕینی 12 فڕۆکەی هەیە لەیەک کاتدا.
- فەرماندەکەی رووسی دەبێت.
- درێژی مەدرەجەکان دەکرێتە 5 کمو پانی 500 مەتر.

سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکا بە دووری نەزانی رووسیا چەکی ئەتۆمی لە بنکەکەدا جێگیر بکات، بەڵام فرانج کلینتسفیچ رەتیکردەوەی لەم قۆناخەدا رووسیا چەکی ئەتۆمی لە سووریادا جێگیر بکات، هاوکات رایگەیاند فڕۆکەی رووسلان 124  جێگیر دەکات، کە فڕۆکەیەکی پێشکەتووە، هەروها بڕیارە رووسیا سیستەمی چاودێری ئاسمانی و سیستەمێکی مووشەکی زەوی- ئاسمانی و سیستەمی پانتیسر ئێس 400  جێگێر  بکات، ئەم سیستەمە دەتوانێت لە دووری 200 کم ئامانجی خۆی لە ئاسماندا بپێکێت.

حومەیمیم تەنیا 400  کم لە بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیکەوە دوورە، بۆیە فراوانکردنی حومەیمیم بەمەبەستی دروستکردنی هاوسەنگی هێزە لەبەرامبەر بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیک کە هێزەکانی ناتۆر رکابەری مێژوویی رووسیای تێدا جێگیرکراوە.

هاوکات ئەم هەنگاوە ئیسرائیلیشی نیگەرانکردووە، چونکە چیدی ناتوانێت بەبێ ئاگاداری رووسیا فڕۆکەی جەنگی رەوانی ئاسمانی سووریا بکات. جگە لە حومەیمیم لە ساڵی 1971 ەوە رووسیا بنکەی دەریایی تەڕتوسی دامەزراندووە، کە پێنچ کەشتی جەنگی تێدا جێگیرکراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە