رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لە 7 دادوەر پێکهێنا لەبارەى ئەو رووداوانەى لە شارە کەناراوییەکانى ئەو وڵاتە روویاندا و دەبێ لە ماوەى مانگێکدا راپۆرتێک لەبارەیەوە بدەنە سەرۆکایەتیى کۆمار.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى ئادارى 2025، ئەحمەد شەرع، ئەو بڕیارەى دەرکردووە بۆ پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى "سەربەخۆ و نیشتمانى" و گەڕان بەدواى راستییەکان لەبارەى ئەو رووداوانەى لە 6ـى ئادار لە شارە کەناراوەکانى ئەو وڵاتە روویانداوە.
6ـى ئادارى 2025، لە پارێزگاکانى لازقییە و تەڕتووس کە دوو پارێزگاى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون.
ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیەى ئەحمەد شەرع بڕیارى پێکهێنانى داوە، لە 7 دادوەر پێکهاتوون و هۆکارى دەرکردنى ئەو بڕیارەشى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى "لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى باڵاى نیشتمانى و پابەندبوون بە هێنانەکایەى ئاشتیی کۆمەڵایەتى و دەرخستنى راستییەکان" بووە.
لەو پێکدادانانەدا زیاتر لە هەزار و 18 کەس لە هەردوولا کوژران، 745 یان هاووڵاتیى سڤیل بوون.
بەگوێرەى دەقى بڕیارەکە، ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیە کار لەسەر هۆکار و وردەکارى و دۆخى ئەو رووداوە دەکات، لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەى لە دژى هاووڵاتییانی سڤیل و هێرشکردنەسەر دامەزراوە حکومییەکان و سوپا و هێزە ئەمنییەکان کراون، بۆ ئەوەى بەرپرسیارەکانیان دیاری بکرێن.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، دەبێت هەموولایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان هاوکارى لیژنەکە بن، کە دەتوانێت هەر لایەنێکى پێ باش بێت پەناى بۆ ببات بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکەى و لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژ لە دەرکردنى ئەو بڕیارە، راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار بەرز بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ