سوپای سووریا لە شاری حومس کشایەوە

08-12-2024
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای حکومەتی بەشار ئەسەد لە شاری حومس کشایەوە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پێشڕەویدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی شارەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8.12.2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سوپای سووریا لە شاری حومس کشاوەتەوە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونەتە نێو شارەکە.
 
بەشی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەستەی تەحریری شامیش، چوونە نێو شاری حومسی راگەیاند. بەپێی زانیارییەکان، سوپای سووریا بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی ناوەندی شاری حومس-یان بەجێهێشتووە.
 
فەرماندەیەکی باڵای سەربازی لە سوپای سووریا قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێت: "سوپای سووریا و سەربازەکانی بە هێلیکۆپتەر لە فڕۆکەخانەی شوعەیراتی حومسەوە بەرەوە دەرەوەی شارەکە هەڵاتوون."
 
هەر بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لە تورکیاوە نزیکن، دەستیان بەسەر زیندانی شارەکەدا گرتووە و سەدان زیندانیکراویان ئازاد کردوون.
 
دوای پارێزگای حومس، راستەوخۆ پارێزگای دیمەشقی پایتەخت دێت، واتە هیچ پارێزگایەک ناکەوێتە نێوان ئەو دوو پارێزگاوە.
 
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد رەحموون، وەزیری ناوخۆی سووریا بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "پشتێنەیێکی ئەمنیی و سەربازیی زۆر تووندمان لە دەورووبەری دیمەشق دروستکردووە."
 
وەزیری ناوخۆی سووریا زیاتر لەبارەی پشتێنە ئەمنییەکەوە دەڵێت، "هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو پشتێنە ئەمنییە ببڕێت کە هێزە چەکدارەکانمان دروستیان کردووە."
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، سوپای سووریا لە بەشێکی ناوچەکانی دەورووبەری دیمەشق کشاوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە