رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی ئاهەنگ و رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک ئەفسەر، 'بە درۆن' هێرشکرایە سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی سووریا.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، بەهۆی هێرشەکەوە 89 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 31 ئافرەت و پێنج منداڵ هەن، هەروەها 277 کەسیش بریندارن.
ھێرشەکە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 6-10-2023، لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگی دەرچوونی ئەفسەران بووە. فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا دەڵێن، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کراوە.
هێرشەکە دڵخۆشی و ئاهەنگگێڕانی کەسوکاری ئەفسەرەکانی گۆڕی بۆ شین و پرسە. فەرماندەیی گشتیی سوپای سووریا دەڵێت، ئەو درۆنانە راستەوخۆ دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە کۆلێژەکەیان کردووەتە ئامانج، لەنێو قوربانیاندا منداڵ و ئافرەت و خەڵکی سڤیل هەن.
حکومەتی سووریا لە دوای رووداوەکە سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی لەو وڵاتە راگەیاند کە لە رۆژی هەینی، 6ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستپێدەکات، ماتەمینە گشتییەکە سەرجەم باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی هێرشەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئەو گرووپە چەکدارانەی بە ئەنجامدانی کردەوەکە تۆمەتبارکرد کە لەلایەن ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پشتیوانی دەکرێن. ھەروەھا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد سەرکۆنەی هێرشەکە بکەن.