رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا، دوو هاونیشتمانیی بە تەمەن کوژران. کوڕێکیان دەڵێت "دوای رووداوەکە، زێڕ و پارەیان براوە."
رووداوەکە، ئێوارەی دوێنێ (5-3-2025) دوای بەربانگی رەمەزان روویداوە، هەریەک لە حوسێن حەسەن عوسمان، تەمەن 75 ساڵ و هاوژینەکەی بەناوی عەتیە ئەحمەد عوسمان تەمەن 65 ساڵ، لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە دیمەشق بە گوللـە کوژراون.
حەمادە، کوڕی ئەو دوو هاوژینەیە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دایک و باوکم بە تەنیا لە دیمەشق دەژیان، ئەوان نزیکەی 50 ساڵە لەوێ دەژین، بەڵام من 11 ساڵ پێش ئێستا گەڕامەوە رۆژئاوای کوردستان."
حەمادە حوسێن دەڵێت، دایک و باوکی دوای بەربانگکردنەوەی رەمەزان کوژراون. گوتیشی، لایەنی ئەمنیی دیمەشق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هۆکارێکیان لەسەر تاوانەکە پێ نەگوتوون.
هاونیشتمانییەکە گوتیشی هەر یەک لە دایک و باوکی "نزیکەی 5 گوللـە نراوە بە سەریانەوە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە."
هەرچەند هۆکارەکەی بۆ کەسوکاری ئەو دوو هاونیشتمانییە ئاشکرا نەبووە، بەڵام کوڕەکەی دەڵێت "بکوژەکان زێڕ، پارە و هەندێک شتی ناوازە (توحفە) کە لە ماڵەکەدا هەبوون، دزیویانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ