رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، وەکو سەرۆککۆکاری سووریا، مەرسوومێکی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی حەوت کەسی دەرکرد بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری سووریا.
رۆژی یەکشەممە، سەرۆکایەتی سوریا، پێکهێنانی لیژنەی شارەزایانی بۆ داڕشتنی رەشنووسی دەستوور راگەیاند. ئاماژەی بەوە کرد کە "لیژنەکە پێشنیازەکەی سەبارەت بە دەستوور پێشکێشی ئەحمەد شەرع دەکات".
لە 26ی شوباتی رابردوو، یەکەم کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی لە سووریا بەسترا و، بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە هێڵە گشتییەکانی بونیادنانی سووریای نوێی داڕشت.
کۆنفرانسەکە، کە لە کۆشکی گەل لە دیمەشق بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و رەتکردنەوەی دابەشکردنی کرد.
ئەحمەد شەرع، لە مەرسوومەکەیدا ناوی حەوت ئەندامەکەی لیژنەی نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری نووسیوە کە ئەمانەن: ( د. عەبدولحەمید عەواک، د. یاسر حوێش، د. ئیسماعیل خەلفان، د. رەیعان کحێلان، د. محەممەد رەزا جەلخی، د. ئەحمەد قورەبی و بەهیە ماردینی).
بەهیە ماردینی کوردە؟
یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە، ژنێکە بە ناوی بەهیە ماردینی (مێردینلی)، ئەو لە بەریتانیا دەژی و دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە و وەکو چالاکڤان و رۆژنامەڤان کاری کردووە.
ماردینی یاخود مێردینلییەکان، لە سنووری جزیرەی رۆژئاوای کوردستان دەژین. ناسناوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری ماردینی باکووری کوردستان.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە رووداوی راگەیاند، بەهیە "پێشتر گوتوویەتی من کوردم."
رووداو بەدواداچوونی زیاتری بۆ دۆزینەوەی رەچەڵەکی بەهیە کرد، بەڵام لە رێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە وردەکاری دەستنەکەوت.
لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بەهیە وەکو پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئەحمەد شەرع دەردەکەوێت و هەموو بڵاوکراوەکانیشی بە زمانی عەرەبین.
لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ شەرع داناوە و نووسیویەتی: "بڕیاری گونجاو لەکاتی گونجاو بۆ پیاوی گونجاو.. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەر لە سووریا."
ئەنەکەسە: ئەگەر بەهیە کوردیش بێت، نوێنەری کورد نابێ
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنگرە بەبێ کورد کرا و ئەو لیژنەیە بەبێ کورد پێکهێنرا، ئەمە پشتگوێخستنی کوردە و کارێکی باش نییە."
فەیسەڵ یوسف گوتی: "ئێمە دەمانەوێ هاوبەش بین لە سووریای نوێ دا، بزووتنەوەی سیاسیی کورد زیاتر دەتوانێت گوزارشت لە دەنگی کورد بکات نەک ئەو تاکە کەسانە یان یەک حیزب."
گوتەبێژی ئەنەکەسە جەختی لەوەش کردەوە، "دەوڵەتی سووریا بەبێ کورد، دەوڵەتێکی ناکامڵ دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ