پیلانێكی مالیكی بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی ئاشكرا دەكرێت

31-10-2014
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن ماليكى
A+ A-

رووداو ـ هەولێر  

سەرکردەیەکی دیاری نێو پارتی دەعوەی ئیسلامی شیعە کە نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق سەرۆکایەتی دەکات، پیلانی ئەنجامدانی کودەتایەكی سەربازی لە لایەن نووری مالیكی ئاشكرا دەكات كە بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات دایڕشتبووە.

وەلید حیلی، سەرکردەی دیاری پارتی دەعوەی ئیسلامی شیعە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پارتی دەعوەی ئیسلامی شیعە مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخستەوە و رێگەی پێنەدا سێبارە ببێتەوە سەرۆکی حکومەتی عێراق، بەم هەنگاوەش پارتی دەعوە عێراقی لە مەترسی سیاسەتی شکستخواردووی مالیکی رزگارکرد".

هاوكات ئەحمەد چەلەبی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "وەلید حیلی سەرکردە لە پارتی دەعوە دەڵیت ، لە پێناو مانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیران نووری مالیکی بە پشتگیری چەند ئەفسەرێکی نزیکی خۆی پيلانی بۆ ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی بەسەر پەرلەمان داڕشتبوو".

چەلەبی داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە وردی لێکۆڵینەوە لە پرسی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لەلایەن مالیکیەوە دەستپێبکات کە سەرکردە نزیکەکانی مالیکی باسی لێوەدەکەن. دوای دوورخستنەوەی نووری مالیکی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت، زۆربەی سیاسییە نزیکەکانی مالیکیان بە پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت لە عێراق تۆمەتباركرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە