خالید عەلوانی: مالیکی دەیەوێت شکست بە پێکهێنانی حکومەتەکەی عەبادی بهێنێت

31-08-2014
عومەر عەلی
A+ A-

رووداو- بەغدا

پەرلەمانتارێکی کوتلەی موتەحیدوون، کە لەژێر ناوی یەکێتی هێزە نیشتمانییەکان کۆبوونەتەوە، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بە شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عەبادی تۆمەتبار دەکات.

خالید عەلوانی، پەرلەمانتاری کوتلەی موتەحیدوون، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو  رایگەیاند "سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو، لەسەر ناکۆکی و وێرانکردن راهاتووە و خاوەن تێڕوانینی تایبەت بە خۆیەتی، کە بەردەوام پەنا دەباتە بەر تووندکردنی بارودۆخی ئەمنی و زیادکردنی کردە سەربازییەکان، ئێمە ئومێدی ئەوەمان هەیە مالیکی بەپیر داواکارییەکانی ئێمەوەبێت و چیدیکە لە جیاتی داعش هاووڵاتیانی سڤیل بۆردوومان نەکات".

بە گوتەی عەلوانی، مالیکی لە هەوڵی ئەوەدایە شکست بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت بهێنێت، "چونکە مالیکی هێشتا خەون بەوە دەبینێت بەدروستکردنی بارودۆخێکی ئەمنی خراپ بە سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە".

میسال ئالوسی پەرلەمانتاری رەوتی دیموکراسی مەدەنی لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت "مالیکی نەک بەتەنیا لە هەوڵی شکستپێهێنانی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی عەبادییە، بەڵکو خوازیارە ئەگەر حکومەت پێکهات سەرکەوتوو نەبێت" . گوتیشی "مالیکی خۆی هۆکاری ئەو بارودۆخە خراپە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەیە، کە ئێستا عێراق پێیگەیشتووە".

لەلای خۆشیەوە عالییە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، رەتیکردەوە، نووری مالیکی هیچ بەرژەوەندییەکی لە شکستپهێنانی پێکهێنانی حکومەتەکەی عەبادی هەبێت و گوتی "مالیکی هەر لە سەرەتاوە پەرۆشی سەرکەوتنی دانوستاندنەکان بووە، لەبەرئەوەش دەستی لە پۆستەکە هەڵگرت لە روانگەی بڕوابوونی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوازی ئاشتییانە".

نوسەیف جەختیشی لەوە کردەوە "کردە سەربازییەکان بەتەنیا دژ بە چەکدارانی داعش دەکرێن و مالیکی زۆر رشتە لەسەر شەڕی داعش لە هەموو ناوچە گەرمەکان، ئامانجیشی پارێزگارییە لە عێراق، نەک هەرەسپێهێنانی پێکهێنانی حکومەتی عەبادی".

و: غازی حارس

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە