رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتاییهات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، سەرۆکوەزیران زانیاری "زۆرباش"ی لە بارەی هەمواری یاسای بودجە بە سەرۆک فراکسیۆنەکان دا.
سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە، پرسى هەموارى یاسای بودجە، سەرەکیترین ئەو پرسانەیە کە تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەکە، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی کانوونى دووەمى 2025 کرا. هەرێمی کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران وردەکاری زۆرباشی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری بودجەی عێراق دا، کە ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی حکومەت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "فراکسیۆنەکان هاودەنگ بوون بۆ دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە، هاودەنگ بوون بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەتی فیدراڵ و هەناردەکردنەوە نەوتی هەرێمی کوردستان."
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دواخرا.
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
هەرێمی کەمال ئاغا گوتی: "بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بە هەموارەکە بدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ