باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: BP گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات

29-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، گرێبەستی نوێی کۆمپانیای BP بۆ وەبەرهێنان لە کەرکووک بەڵگەی متمانەی وەبەرهێنەرانە بە ئایندەی عێراق. دەشڵێت، کۆمپانیای بی پی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەکات.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا کە گرێبەستی نوێی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی BP لە کەرکووک "گرنگە و نیشانەی متمانەی کۆمپانیا بەریتانییەکانە بە بازاڕی عێراق". هیچن روونیشی کردەوە کە BP کۆمپانیایەکی تایبەتە و بڕیاری وەبەرهێنانەکەی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە، بەڵام "جێگەی بایەخە" چونکە متمانەی وەبەرهێنەران دەردەخات.
 
باڵیۆز باسی لەوەش کرد، لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لەندەن، گرێبەستی نوێ بە بڕی 12 ملیار پاوەند واژۆکراوە، کە ئەمە جگە لە گرێبەستەکەی BP، دەریدەخات بەریتانیا ئامادەیە وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات.
 
لەبارەی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە دانوستانەکان، هیچن رایگەیاند، ئەمە پرسێکە لە نێوان کۆمپانیای BP و حکومەتی هەرێمی کوردستان. گوتی کە ئەو دڵنیایە لەوەی BP گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدات، هەروەها پێی وایە هیچ کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیاکە و هەرێمی کوردستان روونادات.
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ستيڤن هيچن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق:
 
رووداو: سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، جەنابی باڵیۆز.
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: نیگەرانم بووم لەوەی بە کوردی پرسیارم لێ بکەیت، زۆر زەحمەتە بتوانم وەڵام بدەمەوە.
 
رووداو: دەتەوێت [بە کوردی] پرسیار بکەم؟
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: نەخێر، نەخێر.
 
رووداو: زمانە عەرەبییەکەت زۆر باشە، چۆن دەڕوانیتە ئەو گرێبەستەی کە لە نێوان کۆمپانیای بی پی و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتدا کراوە؟
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: کۆمپانیای بی پی کۆمپانیایەکی تایبەتە، ئەوە گرنگترین شتە، کۆمپانیاکە سەر بە حکومەت نییە بەڵکو کۆمپانیایەکی تایبەتە، بۆیە کۆمپانیای بی پی بڕیاریدا جارێكی دیکە وەبەرهێنان بکاتەوە و پەرە بە کارەکانی لە عێراق بدات و پێموایە ئەوە ئاماژە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان بە گشتی ئامادەبوونی زیاتریان هەیە وەبەرهێنان لە بازاڕی عێراقدا بکەن، هەر وەک بینیت لە لەندەن لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی پرۆژەی نوێمان واژۆ کرد بە 12 ملیار پاوەند، ئەوە جگە لە گرێبەستەکەی کۆمپانیای بی پی کە راستە گرێبەستەکە تایبەتە و پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام زۆر گرنگە چونکە بەڵگەیە لەسەر متمانەی خەڵک یان متمانەی وەبەرهێنەران بە داهاتووی ئەم وڵاتە".
 
رووداو: پرسیاری دووەم، ئەگەر بە کورتیش وەڵامم بدەیتەوە سوپاستان دەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێك لە جۆرەکان تێبینی لەسەر ئەو گرێبەستە هەیە چونکە بەشداری دانوستاندنەکان نەکراون، چی لەو بارەیەوە دەڵێیت؟
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: ئەوە شتێكە لە نێوان کۆمپانیایەکی تایبەت و هەرێم [ـی کوردستان]، من ماوەیەک لەمەوبەر قسەم لەگەڵ کۆمپانیا بی پی کرد و گومانیشم نییە کە کۆمپانیای بی پی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمدا دەکات و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا دەکات، پشت بە خودا پێموانییە هیچ کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیاکە و هەرێمدا ببێت، سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەکی مۆبایلە نوێیەکانی کۆمپانیای HONOR.

رێکلام؛ کۆمپانیای HONOR چەند بەرهەمێکی نوێ دەخاتە بازاڕ

کۆمپانیای HONOR نوێترین زیادکراوی بۆ زنجیرەی Magic خستەبازاڕ و پەردەی لەسەر بەرهەمەکانی HONOR Magic7 Pr و HONOR Magic V3 لادا و نمایشی کردن. مۆبایلەکان بە ژیریی دەستکرد بەستراونەتەوە و خاوەن کامێرایەکی ئاستەبەرز و ناوازەن. لە هەمان کاتدا تابلێتی HONOR MagicPad 2 تابلێتێکی زیرەکە و کارایێکی ناوازە و دیزاینیکی سەرنجڕاکێشی هەیە.