راوێژکاری سوودانی بۆ ژیریی دەستکرد: ئاستی زیرەکیی منداڵانی عێراق لە پلەی 62ی جیهانیدایە

29-01-2025
سیروان عەباس
زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ژیریی دەستکرد لە "رۆژی هیوا جەمال"
زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ژیریی دەستکرد لە "رۆژی هیوا جەمال"
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ژیریی دەستکرد رایگەیاند، ئاستی زیرەکیی منداڵانی عێراق لە پلەی 62ی جیهانیدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت بڕیاری داوە لە مانگی ئەیلوولی داهاتووەوە "هێڵی ئینتەرنێت و داتاشۆ و کۆمپیوتەر" بۆ قوتابخانەکان دابین بکات، بۆ هەنگاونان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-01-2025 زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ژیریی دەستکرد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باسی ژیریی دەستکرد دەکەین، ژیریی دەستکرد چییە؟ بریتییە لە مارکەیەکی بازرگانی بۆ جیهانێکی نوێ کە پێی دەگوترێت جیهانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم."
 
لەبارەی جیهانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم جومەیلی ئەوەی خستەڕوو، "ئەم جیهانە جیاوازە لە شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم و دووەم و سێیەم، چونکە دووەم درێژکراوەی یەکەم بوو و سێیەم درێژکراوەی دووەم بوو، بەڵام چوارەم (accumulation)ـە و هەموو ئەو شتانەی لە هەر سێ شۆڕشە پیشەسازییەکە هەبوو کۆی کردەوە، جگە لە شتێکی زۆر گرنگ، کە ئەویش شۆڕشی پیشەسازیی نووستووی بەئاگا هێنایەوە، کە شۆڕشی خەواریزمی و شۆڕشی سفر بوو، کە لە وڵاتێک بەناوی عێراقەوە دەستیپێکرد."
 
'عێراق پێش 1200 ساڵ دەستی بە تەکنەلۆجیا کردووە'
 
زیا جومەیلی گوتی، ئێستا ژیریی دەستکرد لە ئەندازیارییەوە بووە بە زانست و دواتر بووە بە فەلسەفە، "فەلسەفە بەکارهێنانی زانیاری یان داتایە بۆ بڕیاردان، ئەم شتەش پێش 1200 ساڵ دەمانکرد، بەڵام بە دەست دەمانکرد و ئێستا کۆمپیوتەر هەیە. بوونی بڕێکی زۆری داتا ئەم شتەی خێرا و دەستبەجێ کردووە، عێراق پێش 1200 ساڵ دەستی بە تەکنەلۆجیا کردووە."
 
'ئەگەر ئەندەلووس نەبووایە شتێک نەدەبوو بەناوی شارستانییەتی ئەورووپای نوێ'
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەیەکی زۆری عێراقی لەم بوارەدا کار دەکەن، تەنیا من نیم، چەندین کەسایەتیمان لەم بوارەدا هەیە، کەسێکمان هەیە بەناوی جەمیل خەلیلی، کە لە یەکێک لە زانکۆ عێراقی - بەریتانییەکان راهێنەرە و باسی زانست و ئیسلامت بۆ دەکات و دەستی بە قسەکردن لەم بابەتە کردووە، هەروەها کەسایەتی و کتێبێکی گرنگمان لە بەغدا هەیە بەناوی هەزار و یەک شەوە، هاوڕێمان حەسەنیش کە راهێنەر بوو لە زانکۆی مانچستەر و ئێستا خانەنشین کراوە، کتێبێکی نووسیوە بەناوی هەزار داهێنان و داهێنانی ئیسلامی، بە واتای هەزار و یەک شەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە شتێکی گەورە هەیە."
 
راوێژکارەکەی سوودانی قسەی یەکێک لە کەسایەتییە عێراقییەکانی بواری فەلسەفە بەناوی عەبدولڕەحمان حەجی باس کرد کو گوتوویەتی، "ئەگەر شارستانییەتی ئیسلامی نەبووایە، واتە ئەگەر بەیتولحیکمە نەبووایە، ئەندەلووس نەدەبوو، ئەگەر ئەندەلووس نەبووایە شتێک بەناوی شارستانییەتی ئەورووپای نوێ نەدەبوو." روونیشی کردەوە، "خەڵک دەستیان کردووە بە ناسینی ئەلگۆریتمەکان."
 
جومەیلی پێیوایە خودا بۆ پاراستنی مافی عەرەب، موسڵمان، کورد و عێراقییەکان، شتێکی بەناوی خەواریزمی دروستکرد، "خەواریزمی نوێنەرایەتیی شارستانییەتێکی تەواو دەکات، چونکە بەغدا جێی یەکگرتنەوەی زانست بوو، جیاوازی لەنێوان کورد و عەرەب و مەسیحی نەدەکرا، هەر کەسێک زانستی هەبووایە، دەیتوانی بێتە بەغدا."
 
لە بەریتانیا و ئەورووپا و جیهاندا خەڵکێکی زۆر هەن شارەزای ئەو زانستەن، بەڵام جومەیلی دەڵێت، "پێم بڵێ چی بەم زانستە دەکەین و ئێمە لە کوێی ئەم زانستەین و لە کوێی ئەم تەکنەلۆجیاین؟ ئەمە شتێکی گرنگە بۆ ئێمە وەکو عێراقییەک لەسەر ئەم پارچە زەوییە."
 
"عێراق داتای زۆری هەیە، بەڵام پێویستی بە رێکخستنە"
 
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، ئەمڕۆ لە کوردستان و هەولێر قسەی لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایان کرد، "بینیم باسی جینۆم سەنتەر دەکەن، واتە سەنتەرێک بۆ جینەکان، کە لە کوردستان دەبێت، منیش لەگەڵیاندا قسەم کرد کە سەر بە هەموو عێراق بێت، ئەمەش ئەو سووتەمەنییەیە کە پێویستمان پێیەتی بۆ بەگەڕخستنی ژیریی دەستکرد."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جومەیلی ئەوەی خستەڕوو، "ژیریی دەستکرد توانای ئامێرە بۆ بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ مرۆڤ و ئەمەش پێویستی بە هێزێکی گەورەیە کە پێویستی بە کۆمپیوتەرە، واتە پێویستی بە چارەسەرکردنێکی گەورەیە لەلایەن کۆمپیوتەری زۆر خێراوە." روونیشی کردەوە، "سووتەمەنیی ئەم کۆمپیوتەرە خێرایانە داتایە و عێراق داتای زۆری هەیە، بەڵام پێویستی بە رێکخستنە."
 
گرنگترین شت لەوەدا، بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، ئەوەیە کە پێویستیان بە وزەیە، "چونکە کێشەی ژیریی دەستکرد لە داهاتووی نزیکدا وزە دەبێت، کە وزەی کارەباییە و بەگەڕی دەخات، چونکە ژیریی دەستکرد یان شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم دابەش دەبێت بۆ سێ بەش، بەشی یەکەم تەکنەلۆجیایە، بەشی دووەم بەرنامەکانە، بەشی سێیەم ئەو شارەزاییانەیە کە پێویستمان پێیانە."
 
لە عێراق سەنتەری داتای نیشتمانی هەیە
 
جومەیلی گوتیشی، پێشتر 80%ی تەکنەلۆجیا و بەرنامەکان بوون و 20% شارەزاییەکان بوون، "بەڵام ئێستا گۆڕاوە و تەکنەلۆجیایەکی زۆر گەورەمان هەیە. لە ژیریی دەستکرددا سێ فاکتەر لە یەک کاتدا هاتنە دی، ئەوانیش بوونی ئەلگۆریتمەکان بە درێژایی 1200 ساڵ و دووەمیش بوونی داتای گەورەیە، چونکە ئێستا هەمووی داتایە، مۆبایل داتایە و کاتێک دەچینە لای پزیشک داتامان لێ وەردەگرێت، ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە."
 
جەختیشی کردەوە، "دەبێت لە هەموو شوێنێک سەنتەری داتا هەبێت، ئێستاش سەنتەری داتای نیشتمانیمان لە بەغدا هەیە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیش باسی لەوە کرد کە یەکێک لە گەورەترین سەنتەری داتای جیهان دروست دەکات، بەریتانییەکانیش باسی ئەوەیان کرد کە سەنتەری داتا دروست دەکەن."
 
زانکۆکانی عێراق لە ژیریی دەستکرد یەکەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون
 
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "ئێستا لە عێراق دەمانەوێت داتاکان کۆبکەینەوە و لە یەک شوێن یەکیان بخەین، دووەم شت دەبێت ئەم داتایانە چارەسەر بکەین و بۆ چارەسەرکردنیان پێویستمان بە کۆمپیوتەری زۆر خێرایە، ئەم کۆمپیوتەرانەش پێویستیان بە وزەیە و بوونی وزەی کارەبایی و خۆر یارمەتیدەر دەبێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمپیوتەری خێرامان هەیە، بەڵام نەک بەو ئاستەی کە بتوانێت (Big Data) وەربگرێت، واتە بڕێکی زۆر گەورەی داتا، چونکە جیاوازی هەیە لە نێوان بڕێکی زۆر گەورەی داتای (Unstructured) و (Structured)." پرسیاریشی کرد، "Structured چییە؟ ئەگەر (داتا بەیس)ێکت هەبێت کە بڕێکی زۆر گەورەی داتای تێدایە و ئەم بڕە زۆرە لە داتا ئەگەر رێکخراو بێت کێشەی نییە، بەڵام ئەگەر رێکخراو نەبێت ئەوە کێشەیە."
 
جومەیلی ئەوەی خستەڕوو، پێویستیان بە کەسانێکە توانای کارکردن و گەشەپێدانیان لەم بوارەدا هەبێت، "زانکۆکانی عێراق یەکەم بوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە ژیریی دەستکردیان دەستپێکرد، چونکە لە ساڵی 2002 لە زانکۆی تەکنەلۆجی بەشێک هەبوو بە ناوی ژیریی دەستکرد، هەروەها گەنجمان هەیە زانیارییان بەرزە و توانای چارەسەرکردنی کێشەیان هەیە."
 
تاوەکو ساڵی 2050 دەبێت عێراق ببێتە گوندی تەکنەلۆجی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
لە درێژەی قسەکانیدا، جومەیلی گوتیشی، "پلەبەندیی تێکڕای زیرەکیی منداڵانی عێراق لە جیهاندا 62ە، نزیکترین کێبڕکێکارمان لە ناوچەی عەرەبی و جیهانیدا بەحرەینە کە پلەی 97ـە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە منداڵەکانمان توانای چارەسەرکردنی کێشەیان هەیە، ئەمەش یەکێکە لە شارەزاییەکان، شتی دووەمی گرنگیش ئەوەیە 60%ی گەلی عێراق گەنجن، واتە توانای فێربوونیان هەیە، شتێکی دیکەش پلانی حکومەتی عێراقە کە تاوەکو ساڵی 2050 دەبێت عێراق ببێتە گوندی تەکنەلۆجی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
هەروەها باسی لەوەش کرد، "میسر زانای زۆری هەیە، بەڵام پارەی نییە، سعودیە پارەی هەیە، بەڵام شارەزایی نییە، بەڵام عێراق لانیکەم شارەزایی سکماکی و خۆماڵیی هەیە و لە هەمان کاتدا ئێستا پارەشی هەیە، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە حکومەتی عێراق پەیڕەوی خوێندن لە کۆمپیوتەرەوە بۆ ژیریی دەستکرد بگۆڕێت، ئەمەش لە مانگی ئەیلوولی داهاتووەوە لە قۆناخی ناوەندی و ئامادەییەوە دەستپێدەکات."
 
زۆربەی زانکۆکان بەشی ژیریی دەستکردیان هەیە یان دەیکەنەوە
 
جومەیلی جەختی کردەوە، "حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لە هەموو قوتابخانەیەکی عێراقدا لانیکەم هێڵێکی ئینتەرنێت، داتاشۆیەک و کۆمپیوتەرێک هەبێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "میتۆدی حکومەت لە مانگی ئەیلوولی داهاتووەوە لە پۆلی یەکی ناوەندی و چواری ئامادەییەوە جێبەجێ دەکرێت." سەبارەت بە زانکۆکانیش پێیوایە، زۆربەی زانکۆکانی عێراق یان بەشی ژیریی دەستکردیان هەیە یان بەشی ژیریی دەستکرد دەکەنەوە.
 
هەموو وەزارەتەکانی عێراق دەستیان کردووە بە کۆبوونەوە لە سەنتەری داتای نیشتمانی لە بەغدا و جومەیلی دەڵێت، "ئەمە یەکەم خاڵی گۆڕینی دیجیتاڵییە، چونکە بنەمای ژیریی دەستکرد گۆڕینی دیجیتاڵییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە سێ لیژنە هەبن، لیژنەی یەکەم لیژنەی گۆڕینی دیجیتاڵییە، لیژنەی دووەم ئاسایشی سایبەرە و ئێستا لیژنەی باڵای ئاسایشی سایبەر هەیە، لیژنەی سێیەمیش بۆ ژیریی دەستکردە و ئەم سێ لیژنەیە بە سەرۆکایەتیی خۆی دەبن، چونکە جەخت لەم بابەتە دەکاتەوە."
 
سەنتەری نیشتمانیی ژیریی دەستکرد دەکرێتەوە
 
جومەیلی ئەوەی ئاشکرا کرد، "ئەگەر گۆڕینی دیجیتاڵی نەبێت، واتە ژیریی دەستکردمان نییە و ئەگەر ژیریی دەستکرد بەبێ ئاسایشی سایبەر بێت کێشەی ئاسایشی زانیاریمان دەبێت. ئێستا کار لەسەر سەنتەرێکی نوێ دەکەین بەناوی سەنتەری نیشتمانیی ژیریی دەستکرد و ئەم سەنتەرە جیاواز دەبێت لە سەنتەری نیشتمانی داتا و دوو سەنتەری جیاوازمان دەبێت، یەکێکیان بۆ خزمەتی حکومەت و یەکێکیان بۆ خزمەتی کۆمەڵگە، واتە زانیاریی تەندروستی و پزیشکیت پێدەدەم و ئێستا لە سێ پارێزگای نەجەف، ئەنبار و میسان تاقیکردنەوە دەکەین."
 
وەکو ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژەی پێدا، دەیانەوێت داتای نەخۆش رێکبخەن، "واتە کاتێک کەسێک سەردانی پزیشک دەکات، هەموو زانیارییەکانی لای پزیشکەکە هەبێت و ئەمەش لە رێگەی کۆدی نیشتمانییەوە بە شێوەیەکی ناوەندی دەبێت، بەمەش بڕیاری پزیشکەکە ناگۆڕێت، چونکە زانیاریی پێشووی لەبەردەست دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "هەروەها لە کشتوکاڵ، میراتیی مێژوویی، پرسی ئاو و پاراستنیشیدا سوود لە ژیریی دەستکرد وەردەگرین."
 
ژیریی دەستکرد لە کەرتی کشتوکاڵ دا
 
جومەیلی دەڵێت، "یارمەتیمان دەدات بۆ گەڕاندنەوەی وڵات بۆ سەوزایی لە رێگەی یارمەتیدان لە رێکخستنی پرۆسەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە رێگەی کشتوکاڵی زیرەک. رێککەوتن لە نێوان سەرۆکایەتی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی عێراق کراوە بۆ گۆڕینی کۆلێژەکانی ئەندازیاریی کشتوکاڵ بۆ کۆلێژی کشتوکاڵی زیرەک."
 
راوێژکارەکەی سوودانی بۆ ژیریی دەستکرد باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان کار لەسەر دامەزراندنی سەنتەری جین دەکات، "داوام لێکردن سەنتەری جینی عێراق لە هەرێمی کوردستان بێت، واتە پێویستمان بە دوو سەنتەر نییە، بۆئەوەی ستراتیژیەتێک بۆ هەموو عێراق دابنێین، چونکە عێراق و عێراقییەکان پێویستیان بەیەکە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە سەنتەرێک لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لە بەغدا، سێیەم لە بەسرە و چوارەم لە موسڵ هەبێت، چونکە هەرچەند زۆر بن، پاراستنی زانیارییەکان ئاسانتر دەبێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی، "عێراق دەبێتە بەشێک لە رێکخراوێکی جیهانی بە ناوی (رێکخراوی هاوکاریی دیجیتاڵی) و دەبینە ژمارە 17، لە هەمان کاتدا داوامان کردووە عێراق راهێنان لەسەر شارەزاییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم بکات بە هۆی بوونی کەسانێک کە لەم بوارەدا کاردەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەکی مۆبایلە نوێیەکانی کۆمپانیای HONOR.

رێکلام؛ کۆمپانیای HONOR چەند بەرهەمێکی نوێ دەخاتە بازاڕ

کۆمپانیای HONOR نوێترین زیادکراوی بۆ زنجیرەی Magic خستەبازاڕ و پەردەی لەسەر بەرهەمەکانی HONOR Magic7 Pr و HONOR Magic V3 لادا و نمایشی کردن. مۆبایلەکان بە ژیریی دەستکرد بەستراونەتەوە و خاوەن کامێرایەکی ئاستەبەرز و ناوازەن. لە هەمان کاتدا تابلێتی HONOR MagicPad 2 تابلێتێکی زیرەکە و کارایێکی ناوازە و دیزاینیکی سەرنجڕاکێشی هەیە.