دادگەى فیدراڵى تاوتوێی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەتى هەرێمى کوردستان دەکات

28-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەرێمى کوردستان پێشکێش کراون، بەرپرسێکى یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، جارێکى دیکە داواى دواخستنى دانیشتنەکەیان کردووە.
 
سێشەممە، 28ى کانوونى دووەمى 2025، دووەم دانیشتنى دادگەکە لەسەر ئەو دوو سکاڵایە دەکرێت، کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکراون.
 
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروست بکرێن، کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
 
یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى هەژمار بکرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. 
 
بەگوێرەى بڕگەکانى یەکەم و سێیەمى مادەى 103ی دەستوور، وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە و دەبێت ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
 
سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگەى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت. 
 
بەگوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکار پشتی بە سێ مادەى دەستوورى عێراق بەستووە، لەوانە: مادەى 104 کە باس لەوە دەکات دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنرێت و دەستەکە بەسترابێتەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. 
 
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى "ئەنفالکراوان" لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە "وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە."
 
شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەڵامنامەى سکاڵاکەیان ئامادە نەکردووە و داوایان کردووە جارێکى دیکە دانیشتنى دادگە لەسەر ئەو دوو سکاڵایە دوابخات.
 
یەکەم دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى لەسەر ئەو دوو سکاڵایە لە 23ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا و لەسەر داواى نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان دواخرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە