رووداو دیجیتاڵ
پشکى کریستیانەکان لە دامەزراندنەکانى نەینەوا روون نییە، قائمیقامى حەمدانیە دەڵێت، پێیان راگەیاندوون کە پشکى تایبەتیان نەماوە و لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکە دەبێت، بەڵام ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند؛ کریستیانەکان 2%ى جێگیریان لە دامەزراندنەکان هەیە و دەشتوانن لە رکابەرى گشتیشدا بەشداربن.
عیسام بەهنام، قایمقامى حەمدانییە بەتۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، تائێستا نازانن ژمارەى ئەو کریستیانانە چەند دەبێت، کە لە چوارچێوەی 16 هەزار فەرمانبەرى گرێبەست لە پارێزگاى نەینەوا دادەمەزرێندرێن.
عیسام بەهنام گوتى: "پشکى قەزاکەمان تەنیا لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان جگە لە پەروەردە 181 کەسە، پێیان راگەیاندوین ئەمجارە کریستیانەکان پشکی تایبەتیان نابێت لەو دامەزراندانە، بەڵکو لەگەڵ خەڵکی دیەک داواکارى پێشکێش دەکەن و بەگوێرەى پێوەرەکان دادەمەزرێندرێن."
یەکشەممە، 26ى کانوونى دووەمى 2025 عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا ناوى 16 هەزار کەسی راگەیاند، کە بە گرێبەست لەو پارێزگایە دادەمەزرێندرێن.
دابەشکردنى پشکى قەزا و ناحیەکان لەو دامەزراندانە بە گوێرەى ژمارەى دانیشتووان و پێویستى فەرمانگەکانیانە، تەنیا شنگال نەبێت بە جیا هەزار کەسی بەدەر لەو پێوەرە بۆ تەرخان کراوە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کریستیانەکان بە دوو جۆر دەتوانن سوودمەند بن لەو دامەزراندانە، یەکێکیان پشکى جێگیرى 2٪ کە لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆرمێکى تایبەتەوە داواکارى پێشکێش دەکەن، ئەوى دیکەیان لە رێگەى پێشکێشکردنى داواکارى هاوشێوەى دانیشتووانی دیکەی نەینەوا دەتوانن رکابەرى بکەن."
ئەو گرێبەستانە پشکى پارێزگاى نەینەوا بوون لە دامەزراندن، کە لە یاسای بودجەى گشتى دیاریکراوە و بۆ هەموو عێراق 150 هەزار کەس بوو. مووچەى مانگانەی ئەو فەرمانبەرانەی بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن 300 هەزار دینارە و دواى سێ ساڵ دەکرێنە فەرمانبەرى هەمیشەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ