گالەری

 
مانگی تەممووز و ئابی هەموو ساڵێک وەرزی لێکردنەوەی خورمایە لە عێراق بە گشتی و لە بەسرە بە تایبەتی. هەرچەندە بەسرە یەکەم شاری عێراقە لە بەرهەمهێنانی خورما، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەوەی دەبینرێت وشکبوونی دارخورما و کەمبوونەوەی بەرهەمەکانیانە، ئەوەش جووتیارانی نیگەران کردووە. 
 
مەحموود عەبدولڕەحمان، جووتیارێکی بەسرەیە و زۆر نیگەران بوو لەوەی ئەمساڵ بەرهەمەکەی کەمی کردووە، چەندین دارخورمای لە بێستانەکەی بەهۆی ئاوی سوێر و وشکەساڵییەوە وشکبوون. ئەو دەڵێت، لە یەک دۆنم زەوی 100 دارخورما هەبوو، بەڵام ئێستا لە دۆنمێک 35 دار ماون بەرەکانیشیان وەک پێویست نین.
 
بەڕێوەبەرەی کشتوکاڵی بەسرە دەڵێت، هەندێک لە دارخورماکان تەمەنیان نزیکەی 100 ساڵە و لەوەتەی هەن خورمای کوالێتیی بەرز دەگرن، بەڵام ئێستا وەکو جاران پڕبەرهەم نەماوە. 
 
نزیکەی 17 ملیۆن دارخورمای عێراق لە ماوەی 70 ساڵدا وشک بوون. 70 ساڵ پێش ئێستا زیاتر لە 33 ملیۆن دارخورما لە عێراق هەبوون، ئێستا نیوە کەمتریان ماون، هۆکاری سەرەکییەکەشی بۆ وشکەساڵی، سوێربوونی ئاوی شەتولعەرەب و کەم بایەخی حکومەتە بە باخەکانی دار خورما.