رووداو - بەسرە
پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکانی بەسرە کە بە "شانەشیل" ناسراوە، لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ دەستیپێکرد، لەم قۆناخەدا پرۆژەکە نۆژەنکردنەوەی 12 خانووی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.
ئەندازیار قوسەی شەبقاوی، نوێنەری یونسکۆ لە بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرنامەی زیندووکردنەوەی شارە دێرینەکانی موسڵ و بەسرە، پرۆژەیەکی گرنگە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە ئەنجام دەدرێت و لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق پارەی بۆ دابین دەکرێت."
نوێنەری یونسکۆ لە بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، "یونسکۆ بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کردووە، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری موسڵ دەستیپێکرد، کە زۆرێک لە خانووە کەلەپوورییەکان و مزگەوتی ئەلنووری و کڵێسای ئەلتەحرا و شوێنەوارەکانی دیکەی تێدا زیندووکرانەوە."
سەبارەت بە وردەکارییەکانی پرۆژەکە، قوسەی شەبقاوی باسی لەوە کرد، "12 خانووی کەلەپووری لە بەسرە زیندوو دەکرێنەوە، یونسکۆ دەستیکردووە بە نۆژەنکردنەوەی سێ دانەیان، نۆ دانەکەی دیکە دەستدەکرێت بە داڕشتنەوەی دیزاینی تەلارسازییان."
شانەشیل یان ئەوەی پێی دەگوترێت مەشرەبیە، یەکێکە لە تەلارسازییە ناوازەکان، لە باڵەخانە کۆنەکان و کۆشکەکانی بەسرە و بەغدا و بەشێک لە شارەکانی عێراق دەبیندرێن.
مەشرەبیە، جۆرە نەخشێکە کە لە دار دروستدەکرێت و بە شووشەی رەنگاوڕەنگ هێڵکاری کراوە. یەکەم دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخشە لە سەدەی شەشەمی کۆچی (سەدەی سێزدەی زایینی) لە سەردەمی عەباسییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەمی زایینی بەردەوام بوو لە بەکارهێنان.