رووداو - بەغدا
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئەحراری سەربە رەوتی سەدر دەڵێت، هەنگاوەکانی بەغدا دژ بە هەرێمی کوردستان نابێ بە شەڕکردن دەستپێبکات. پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەنگیان بە جیابوونەوە داوە، دەبێ بەغدا جێبهێڵن.
پەرلەمانی عێراق چەند دانیشتنێکی بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامداوە، کە تێیدا 12 خاڵی دژی پرۆسەی گشتپرسیی کوردستان پەسند کردووە، لەوانەش رەتکردنەوەی گشتپرسی و پابەندکردنی عەبادی بۆ ناردنی هێز بۆ ناوچە کوردستانییەکان بە کەرکووکیشەوە.
حاکم زاملی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئەحراری سەربە رەوتی سەدر ئەو هەنگاوانە رەتدەکاتەوە و داوا دەکات دانوستاندن دەستپێبکات.
زاملی دەڵێت "کارێکی دروست نییە یەکەم هەنگاومان بەرامبەر بە کوردستان شەڕکردن بێت. زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەی بارودۆخەکە بەرەو گرژبوون دەبەن، بە راشکاوانە پێیاندەڵێم ئەگەر شەڕ بکرێت رۆڵەکانیان بەشداری ناکەن لەو شەڕە کە دژی کورد بەرپادەبێت، ئەوان تەنیا دەیانەوێت شەڕ سەرهەڵبدات. ئێمە لامان سەختە یەک بست لە خاکەکەمان لەدەستبدەین، بەڵام زمانی دانوستاندن بژاردەیەکی گرنگە".
پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە هەموو ئەو بەرپرس و کارمەندە کوردانەی سەر بە میلاکی حکومەتی عێراقن و لە پرۆسەی گشتپرسیی بەشدارییان کردووە، لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، ئەو بڕیارە پەرلەمانتارە کوردەکانیش دەگرێتەوە.
سیهام موسەوەی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت "ئیدی کوردەکان چ پەیوەندییەکیان ماوە بە بەغداوە، چ ئەوانەی پەرلەمانتارن یان پۆستی حکومییان هەیە لە حکومەتی فیدراڵی، چونکە ئەوان دەنگیان دا بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان. داوا لە حکومەت دەکەین هەستێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو پۆستانەی دراون بە کورد. هەروەها کۆکردنەوەی واژۆ بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ