پەرلەمانی عێراق دژ بە کوردستان چەندین بڕیار دەدات

26-09-2017
بەهمەن حەسەن
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - بەغدا

هەر لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و چاودێریکردنی وردی پرۆسەکە لەلایەن بەغداوە، دوێنێ لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق چەندین بڕیار دژ بە بەرژەوەندییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان دەرکران، تەنانەت تاتووتوێی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان کراوە.


بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانداری بکرێت و چەند بڕیارێکی دیکە دژ بە کوردستان دەربکرێن، هاوکات لە بەغدا کودەتایەکی سیاسی لەلایەن رەوتەکەی مالیکی بەڕێوەیە و هەوڵی دوورخستنەوەی عەبادی لە پۆستەکەی دەدرێت.

بەهمەن حەسەن، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: بەغدا بە وردی چاودێری پرۆسەکە دەکات، تەسفیە حیساباتێک بەرامبەر بە کورد و بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەغدا دەستیپێکردووە، دوێنێ لە پەرلەمان بە زۆرینەی سیاسی و بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان 14 خاڵ لە پاکێجێکدا وەکو بڕیار دژی بەرژەوەندییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان پەسند کرا.

پەیامنێری رووداو دەڵێت: لە گرنگترین خاڵەکانی ئەو 14 خاڵەی دراون، خاڵێکیان باس لەداخستنی هەموو هێڵەکانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکات، خاڵێکی دیکە باس لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەروەری بۆ خاڵە سنووری و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات، یەکێکی دیکە لە خاڵەکان قەدەخەکردنی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی کۆمپانیا بیانییەکانە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، خاڵی دیکە سەپاندنی هێزی ئەمنی و باری نائاساییە بۆ سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان بە تایبەتی کەرکووک، بۆ ئەو سنوورانەی کە پێش 9-4-2003 واتە پێش شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر رژێمی سەدام دەستپێبکات.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت: یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق وەکو بڕیار دژی بەرژەوەندییەکانی کورد پەسندکرا، رەتکردنەوەی ئەنجامی گشتپرسی و نادەستووری بوونی ئەو پرۆسەیەبوو، خاڵێکی دیکەیان تایبەتە بە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرس و کارمەندانەی بەشداری گشتپرسی و پشتگیری سەربەخۆییان کردووە. 

هاوکات بڕینی بەشە بودجە لە هەموو جومگەکاندا و، گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسیەی لە نێوان تاران و ئەنقەرە و بەغدا هەیە، کە لە رۆژانی رابردوو ئەنجامدراوە، خاڵێکی دیکەشیان لێسەندنەوەی متمانەیە لە سەرۆککۆماری عێراق بە پشتبەستن بە ماددەی 61ی دەستوور بڕگەی 6 ب، کە رادەستی دادگای باڵای ئیتحادی کراوە و دادگایان پابەندیش کردووە تاوەکو ئەو بابەتە بداتە پەرلەمان و لە پەرلەمان بە زۆرینەی سیاسی متمانە لە سەرۆککۆمار وەربگیرێتەوە.

پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەرچی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری یەکێک لە خاڵەکانی نێو پاکێجە بڕیارەکە نەبوو، بەڵام لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان عێراق مشتومڕێکی زۆری لەسەر کرا، زۆرینەی لایەنەکانی هاوپەیمانی شیعەکان و ئەو لایەنانەی لەگەڵیانن پێداگربوون لەسەر ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەسند بکات و مەرجەعیەتەکانی عیراقیش فەتوا بۆ رای گشتی دەربکەن بۆ ئەوەی بەشداری لەو رووبەڕووبوونەوەیە بکەن، بەڵام چەند پەرلەمانتارێکی رەوتی سەدر رێگریان لە پەسندکردنی ئەو خاڵە کرد و رایانگەیاند کە نابێت بەهیچ شێوەیەک هەنگاوی یەکەمیان شەڕ بێت، بەڵکو دەبێت هەنگاوی یەکەم دانوستاندن بێت.

پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بڕیارە رۆژی چوارشەممە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمان میوانداری بکرێت و لەوێش دژ بە بەرژەوەندییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان بەبێ کورد چەند بڕیارێکی دیکە دەربکرێن، لەلایەکی دیکەشەوە کودەتایەکی سیاسیش لە بەغدا لەلایەن رەوتەکەی مالیکی بە سەرۆکایەتی و سەرپەرشتی نووری مالیکی بەڕێوەیە، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دوورخستنەوەی عەبادی لە پۆستەکەی، ئەگەر بێت ئەو کودەتا سیاسییە سەربگرێت، ئەوا ئەو هەڕەشانەی مالیکی دەیانکات، ئەوا بە کرداری ئەنجامیان دەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە