عێراق

کۆبوونەوەی عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە بەغدا.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، وەزیرى دەرەوەى تورکیا داواى کردووە هاوپەیمانێتییەکى چوار قۆڵى لەنێوان وڵاتەکەی، عێراق، سووریا و ئوردن پێکبهێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ى کانوونى دووەمى 2025، عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا کرد.
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمار، لەو کۆبوونەوەیەدا هاکان فیدان پاڵپشتیى وڵاتەکەى بۆ سەقامگیریى عێراق و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەربەخۆییەکەى دەربڕیوە و جەختى لە بەردەوامیى هەوڵە هاوبەشەکان کردووەتەوە بۆ دژایەتیکردنى تیرۆر.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، هاکان فیدان داواى کردووە هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنرێت لە نێوان تورکیا، عێراق، سووریا و ئوردن بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى داعش و کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانەى تێیدان، لەگەڵ وشککردنەوەى سەرچاوەى پارەدارکردنیان بە شێوەیەک ئەو هەنگاوە ببێتە گەرەنتى سەقامگیریى وڵاتانى ناوچەکە.
سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ عێراق بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە و پەیوەندیى نێوان بەغدا و ئەنقەرە بووە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە کۆبووەوە.
سەرۆککۆمار لەو کۆبوونەوەیەدا جەختى لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەستوەردان لەنێو خاکەکەی رەتدەکاتەوە و ئاماژەى بە گرنگیى رێزگرتن لە سەروەریى عێراق و ئاسایشى نەتەوەیی و سەربەخۆییەکەى داوە و بە گرنگى زانیوە هەردوو وڵات پابەندبن بەوەى کە خاکى هیچ کامیان نەبنە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریى وڵاتەکانی دیکە.
عەبدولـلەتیف رەشید هیواى خواستووە ئیدارەى نوێی سووریا کار لەسەر پاراستنى فرە نەتەوەیی و ئایینى بکات و حکومەتێک پێکبهێنێت کە نوێنەرى هەموو لایەک بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ