رووداو دیجیتاڵ
بەنوسراوێکی سێ لاپەڕەیی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستەی راوێژکاریی ئیدارەی کەرکووکی هەڵوەشاندەوە کە لە سەرۆکێک و چوار راوێژکار پێکهاتبوو.
یەکەمین و دوایین سەرۆکی دەستەی راوێژکاری بوو کە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک پێکهێنرابوو.
جگە لە لەسەرکارلادان و هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە، بڕیاردراوە پێداچوونەوە بە کار و بڕیارەکانی شەش ساڵی رابردووش دا بکرێت.
عیماد دەهام، سەرۆکی پێشووی دەستەی راوێژکاران دەڵێت: "کاری لیژنەکە بێلایەنانە نەبووە و وردبین نەبوون لەو رێکارە یاساییانەی نێرداوە بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران و بەبۆچوونی من زانیاریی هەڵە و ناڕوون هەیە، من بەردەوامم لە رێکارەکان و وەڵامێکی روون و پڕ لە بەڵگە و بڕیاری یاسایی دەنێرم بۆ دەوڵەتی سەرۆکوەزیران تا زانیاری لەسەر راستییەکان هەبێت".
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سێ بڕیاری تێدایە، یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە و دووەمیان پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بڕیار و واژۆکانی ئەو دەستەیە و سێیەمیان دوور خستنەوەی سەرۆکی دەستەکە لە ریزەکانی دەوڵەت."
لەسەر داوای وەزیری پلاندانی عێراق و بەپشتبەستن بە مادەی 34ی یاسای پارێزگاکان، مانگی رابردوو حکومەتی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دەستەی راوێژکاری ئێدارەی کەرکووک پێکهێنابوو.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "پارێزگاری بە وەکالەت زۆر پشت ئەستوور بوو بەو دەستەیە و ئێستا ئەو پشتەی نەما، بەرپرسان لە بەغدا بە خودی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە دۆسیانە هەڵداتەوە و ئەمەش واتای ئەوەیە هەموو ئەو واژۆ و ناحەقیەی بەرامبەر کورد کراوە لەم شارە هیچیان بۆ ناچێتە سەر."
دەستەی راوێژکارانی ئیدارەی کەرکووک، سەرپەرشتی دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرکووکی دەکرد، سەرۆکەکەی بە کەسی دووەمی ئیدارەی کەرکووک دادەنرا و کەسیی نزیک و باوەڕپێکراوی راکان جبووری بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ