مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا: پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق زۆر دواكه‌وتووه‌

24-01-2020
نیشانەکردن بەغدا ئەمریکا خۆپیشاندان لە عێراق
A+ A-
 
مه‌رجه‌عی باڵای شیعەکانی عێراق له‌ نه‌جه‌ف، نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له‌ دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و داوای له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كرد كاربكه‌ن بۆ پێكهێنانی بۆئه‌وه‌ی له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ربازیان ببێت.
 
ئه‌حمه‌د سافی، نوێنه‌ری مه‌رجه‌عی باڵای شیعەکانی عێراق له‌ گوتاری نوێژی هه‌ینیدا، راگه‌یێندراوی هه‌فتانه‌ی نووسینگه‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانیی له‌باره‌ی پێشهاته‌كانی رۆژه‌ڤ خوێنده‌وه‌.
 
راگه‌یێندراوه‌كه‌ی مه‌رجه‌عییه‌ت له‌ سێ خاڵی سه‌ره‌كی پێكهاتبوون، لە خاڵی یەکەمدا هاتووە "مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا جه‌خت له‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ له‌ گرنگیدان به‌ رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی عێراق و سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسی و یه‌كێتیی خاك و گه‌له‌كه‌ی، به ‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشێلكردنی ئه‌م بنه‌مایانه‌ له ‌هه‌ر لایه‌نێك و به ‌هه‌ر پاساوێك بێت ره‌تده‌كاته‌وه‌. داواده‌كرێت سه‌روه‌ریی نیشتمانی پارێزراو بێت دوور له‌ ده‌ستوه‌ردان و هه‌ژموونی ده‌ره‌كی".
 
له‌ خاڵی دووه‌می گوتاری مه‌رجه‌عییه‌ت جه‌خت له‌ چاكسازییه‌كان كراوەته‌وه‌ و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە "مه‌رجه‌عییه‌تی ئاینی به ‌گرنگی ده‌زانێت چاكسازیی راسته‌قینه‌ بكرێن، كه‌ خواستی به‌رده‌وامیی گه‌له‌ و بۆ جێبه‌جێكردنیشی قوربانییان داوه‌. ده‌ستی ده‌ستیكردنی داخوازییه‌كانی گه‌ل جگه‌ له‌ زیادكردنی نه‌هامه‌تییه‌كانی هاووڵاتییان و درێژه‌دان به‌ ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسیی وڵات هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنیی دیكه‌ی لێناكه‌وێته‌وه"‌.
 
مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا له‌ خاڵی سێیه‌مدا داوایکردووە بە‌په‌له حكومه‌تی نوێ پێكبهێنرێت و دەڵێ "پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ زۆر دواكه‌وت، به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی‌ ده‌ستوور بۆی دیاریكردووه‌. پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌گوێره‌ی رێكاره‌ ئاماژه‌پێكراوه‌كان كار بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن، چونكه‌ تاكه‌ رێگەی ده‌رچوونه‌ له‌م قه‌یرانه‌".
 
له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تدا هاتووه‌ "مه‌رجه‌عییه‌تی ئاینی دووباره‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات درك به ‌قه‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كان بكه‌ن كه‌ وڵاتی ته‌نیوە‌ له‌م قۆناخه‌ سه‌خته‌دا. بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كۆكبن و هاوهه‌ڵوێستبن، به‌تایبه‌تی بۆ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كان و ئاڵنگارییه‌ چاره‌نووسسازه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی عێراقی له‌مڕۆوه‌ و لەبەرچاوگرتنی داهاتوو".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە