عەبادی و پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای لێبووردن ناكۆكن

24-01-2017
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن عەبادی یاسای لێبووردن
A+ A-

رووداو - سلێمانی

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و لیژنەكانی یاسایی و مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتی هاوڕا نین، دانیشتنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە. پەرلەمانتارێكی ئیسلامی دەڵێت ئەگەر هەمواركردنەوەكان بەدڵی عەبادی بن، بۆ داهاتووی عێراق مەترسیدارە.

یاسای لێبووردنی گشتی كە لە 16 ماددە پێكهاتووە، دوای ساڵێك لە گفتوگۆی نێو فراكسیۆنەكان و هۆڵی پەرلەمان، رۆژی 25/8/2016 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا و تائێستاش بە سەدان بەندكراو لێی سوودمەند بوون، بەڵام هەرزوو حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای هەمواركردنەوەی كرد، جاری یەكەم داواكەی رەتكرایەوە، بەڵام لە دووەمجاردا پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد و ئەم هەفتەیەش لیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەبارەوە دەكەنەوە، ئەگەر گەیشتنە رێككەوتن، پرۆژەی هەمواری یاساكە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز دەكەنەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكەن.

ماددەی یەكەمی یاساكە دەڵێت، ئەو كەسانەی بەپێی یاسای تیرۆر دەستگیركراون، بەڵام ئەگەر هۆكاری كوژران یان كەمئەندامبوونی كەس نەبوون، ئەوا لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە، ئەمەش مشتومڕی زۆری دروستكردووە و حەیدەر عەبادی دەڵێت نابێ‌ ئەو كەسانە بەر لێبووردنی گشتی بكەون.

لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەكان بە تایبەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و پاشانیش داعش، چەندین كەس بە تۆمەتی تیرۆر خراونەتە زیندانەوە. لە دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شاری مووسڵ لە حوزەیرانی 2014، چەندین كەسی توندڕەو لە كاتی شەڕدا دەستگیركراون، هەروەها لە ناوچە سوننەنشینەكانیش خەڵك بە تۆمەتی هاوكاریی گرووپە توندڕەوەكان دەستگیركراوە.

زانا رووستایی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت عەبادی داوای كردووە ئەو كەسانەی لە دوای 10/6/2014ەوە دەستگیركراون، لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە. رووستایی گوتی "مەبەستی عەبادی بەرتەسككردنەوەی مافی سوودمەندبوونە، هەمواركردنەكەش لەو رووەوە رەنگە نادادپەروەریی تێدا بێت، چونكە هەندێك كەس رەنگە بە تۆمەتی بێ بنەما زیندانی كرابن و دەرفەتی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەیان نەبووە و پێویستە دەرفەتی دیكەی دادگاییكردنیان پێ بدرێت".

رووستایی هۆشداری دەدات لە تێپەڕاندنی هەمواركردنی ماددەی یەكەمی یاساكە، وەك ئەوەی عەبادی داوای كردووە "ئەگەر هەمواركردنەكە بە دڵی عەبادی بێت مەترسیدار دەبێت، بەتایبەتی بۆ ناوچە تازە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی داعش، چونكە رەنگە كەسانێك كە هیچ بەڵگەیەكیشیان لەسەر نەبێ‌، دەستگیر بكرێن، بۆیە لە ترسان خۆیان دەشارنەوە یان هەڵدێن".

بەڵام عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك كە ئەزموونێكی زۆری لە دەستگیركردنی ئەندامانی گرووپە توندڕەوەكاندا هەیە، دەڵێت "هەر كەسێك بە بڕیاری دادگا دەستگیر دەكرێت تا 72 كاژێر رادەگیرێ. هەندێكیان لەو ماوەیەدا بە كەفالەت ئازاد دەكرێن، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆرتر لە زیندان بمێننەوە، یان لەلایەن دادوەرەوە بە تاوانی تیرۆر سزا بدرێن، بەدڵنیاییەوە بەڵگەیان لەسەرە، خەڵكانێك هەن پێشتر لای ئەمریكییەكان بوون و ئازاد كران، بەڵام دووبارە لە تیرۆرەوە تێوەگلاون".

عەمید سەرحەد دەڵێت ئەوان وەكو پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، ساڵی رابردوو 85 كەسیان بە تۆمەتی تیرۆر لە كەركووك و دەوروبەری دەستگیر كردووە، بەڵگەشیان لەسەر هەموویان هەیە كە لە تیرۆرەوە تێوەگلاون.

ماددەیەكی دیكەی یاسای لێبووردنی گشتی كە جێی مشتومڕە، تایبەتە بە رفاندن و دەڵێت: ئەو كەسانەی دۆسیەی رفاندنەكانیان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییە، ئەگەر سوڵحیان بۆ كرابێت، ئازاد بكرێن، بەڵام لە پرۆژەی هەمواركردنەكە داواكراوە ئەوانەی بەگشتی تۆمەتی رفاندنیان لەسەرە، لێبووردن نایانگرێتەوە.

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند، دژی هەمواركردنی ماددەی رفاندنن بۆ ئەو دۆسیانەی سوڵحیان تێدا كراوە "چونكە هەندێك خێزان خانوو و موڵكیان بۆ سوڵح فرۆشتووە، یان قەرزیان بۆ كردووە، بەڵام ئەگەر ئەو ماددەیە هەموار بكرێت لەو كاتەدا بەندكراوەكە ئازاد ناكرێت و سوڵحەكەشیان هەڵدەوەشێتەوە".

رەنگە بۆ هەمواركردنی ئەو ماددەیەی یاساكە سوننە و شیعەكان، تەنانەت شیعەكانیش لەنێو خۆیاندا ناكۆك بن، رووستایی دەڵێت "كوتلەی عەبادی دەیانەوێت هەمواركردنەكە وەكو خۆی بڕوات، بەڵام كوتلەی سەدر و حەكیم دەیانەوێت لایەنی مرۆڤایەتی تێدا رەچاو بكرێت و لە بەرژەوەندی بەندكراواندا بێت، چونكە شیعەكان زۆر كەسیان بۆ پارە و كێشەی كۆمەڵایەتی رفاندووە و سوڵحیان كردووە، دەیانەوێت بەندكراوەكانیان ئازاد بكرێن". گوتیشی "سووننەكانیش دژی هەمواركردنی ئەو ماددەیەن كە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە، چونكە خەڵكانێكی زۆریان بەبێ بەڵگە دەستگیركراون و لەو رووەشەوە سكاڵایان زۆر بۆ پەرلەمان بردووە".

سەبارەت بە هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكانیش، رووستایی گوتی "لە تیرۆردا سوڵح و تەنازول نییە، بەڵام بۆ رفاندنەكە وەكو لایەنی مرۆڤایەتی سەیری دەكەین، چونكە هەندێك كوردیش لە گرتووخانەكانی چەمچەماڵ و سوسێ بە تاوانی رفاندن دەستگیركراون و سوڵحیشیان بۆ كراوە و داوای ئازادبوون دەكەن. پێمان باشە ئەگەر سوڵح بكرێت ئازاد بكرێن، چاوەڕێین بزانین رای عەبادی یان پەرلەمان سەردەكەوێت".

ئەو پەرلەمانتارە لە دۆسیەی رفاندنی كۆمەڵایەتیدا نموونەی سزادانی سێ برای شیعەی بۆ ماوەی 20 ساڵ باسكرد و گوتی لە دۆسیەیەكی كۆمەڵایەتیدا، ژنێك كێشەی لەگەڵ مێردەكەی هەبووە، سێ برای رۆیشتوون هێناویانەتەوە، بەڵام مێردەكەی بە تۆمەتی رفاندن، سكاڵای لە دژی براكانی ژنەكەی تۆمار كردووە، دوای دەستگیركردنیان، هەر یەكەیان بە 20 ساڵ بەندكردن سزادراون، ئێستا سوڵحیان كردووە و زاواكەیان لێیان خۆش بووە، بەڵام ئەوان ئازاد نەكراون. رووستایی دەڵێت "ئەگەر ئەو ماددەیە هەموار بكرێ‌، ئەو سێ‌ برایە تاوەكو حوكمەكەیان تەواو نەكەن، ئازاد ناكرێن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە