رووداو - بەغدا
بەهۆی دوو تەقینەوە لە بەغدا 24 کەس کوژران و بریندار بوون.
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تەقینەوەی یەکەم لە ناوچەی نەعێرییەی رۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجامدرا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، تەقینەوەی دووەمیش لە بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە 5 کەس کوژران و 10 ی دیکە بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەیەک لە قەزای بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار، 20 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
رۆژی هەینی 23-6-2017، چوار چەکداری خۆکوژی داعش خۆیان گەیاندە گەڕەکێکی شارۆچکەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، بەڵام پلانەکەیان پووچەڵکرایەوە.
بەرپرسێکی پۆلیسی عێراق رایگەیاندووە، سەربازانی سوپا تەقەیان لە خۆکوژەکان کردووە و لەڕێی تەقاندنەوەی پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکانیانەوە سێ کەس لە چوار خۆکوژەکانیان کوشتوون.
بەگوتەی بەرپرسەکەی پۆلیس، کەسی چوارەم خۆی شاردووەتەوە و دواتر لەنێو قەرەباڵخییەکدا خۆی تەقاندووەتەوە، بەو هۆیەوە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ