رووداو دیجیتاڵ
20 هەزار دەنگ، لەنێو 112 سندووقی دەنگدانی گشتى و تایبەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک ئەمڕۆ بە دەست دەژمێردرێنەوە.
سندووقەکانی دەنگدان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆنن لە کەرکووکن و ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-12-2023) دەنگەکانیان بەدەست دەژمێردرێن. هۆکاری ئەو ژماردنەوەیەش ئەوەیە؛ پێشتر نەتوانراوە زانیاریى دەنگدان بە راپۆرتی ئەلیکترۆنی لەو سندووقانە رابکێشرێت، یان بگوازرێنەوە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا.
جگە لەو سندووقانەی کەرکووک، بڕیارە هەر ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بە دەستى بژمێردرێنەوە.
رۆژی 16ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت و 18ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
رۆژی 19ـی کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە. ئەو ئەنجامەى کۆمیسیۆن بڵاویکردەوە، 94.4%ى تێکڕاى ئەنجامى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، 5.6٪ـی ئەنجامەکان دیکە کە ماون، پەیوەندارن بەو سندووقەکانەوە کە ژماردنى دەستیان بۆ دەکرێت.