بایدن و عەبادی بە تەلەفۆن شەڕی موسڵ تاووتوێ‌ دەكەن

21-11-2016
كارزان حەمید
نیشانەکردن عه‌بادی بایدن
A+ A-

رووداو - هه‌ولێر

جێگری سه‌رۆكی ئه‌‌مریكا له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، تاووتوێی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ عێراقییەكان لەو شەڕە دەكات.

نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌راگه‌یێندراوێكدا ئاشكرایكرد، جۆ بایدن، جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به ‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیی به‌ حەیدەر عه‌بادییه‌وه‌ كردووە و پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی له ‌هاریكارییكردنی به‌غدا له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر دووپاتكرده‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یێندراوه‌كه‌ جۆ بایدن "ده‌ستخۆشی له سەركردایەتی سه‌رۆكوه‌زیران كردووه‌ له‌ چه‌سپاندنی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌ماهه‌نگی سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌".

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشیگەیاندووە "ئه‌مریكا پاڵپشتی یه‌كڕیزی خاكی عێراق ده‌كات و، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوو وڵات بۆ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌رێنییه‌كان".

لای خۆیەوە حەیدەر عه‌بادی بە جۆ بایدنی راگەیاندووە، هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌كانه‌وه‌ پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن و "ئامانجیان ئازادكردنی خەڵك و خاكه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه"‌.

عەبادی سووربوونی خۆی له ‌پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتن نیشانداوه ، پاڵپشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌ كۆنترۆڵكراوه‌كان بەپێویست زانیووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە