هۆشداری دەدرێ لە پاراستنی مەدەنییەکانی نێو حەویجە

21-09-2017
غازی حارس
نیشانەکردن حەویجە
A+ A-

رووداو- هەولێر

سوپای عێراق، بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە قۆڵی چەپی شەرگات پێشڕەوییان کردووە و گوندێکیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و گوندێکی دیکەشیان گەمارۆداوە.

بەگوێرەی زانیارییە مەیدانییەکان لە زاری فەرماندە سەربازییەکان، هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێزەکانی حەشدی شەعبی گوندی "بەشیراوە"یان لە باکووری لای چەپی شەرگات گەمارۆداوە و لە هەوڵی ئەوەدان بچنە ناو گوندەکە.

هێزیکی دیکەی حەشدی شەعبیش بە پشتیوانی هێزەکانی سوپا گوندی "عەین کاوە"یان لەلای چەپی شەرگات کۆنتڕۆڵکردووە.

هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیاند، رەچاوی داوای نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە لە بۆردوومانەکانیان بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی.

هاوکات فڕۆکە عێراقییەکان سێ ملیۆن بڵاوکراوەیان لە ئاسمانەوە بۆ ناو حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەریدا فڕێداوە، کە تیایاندا داوای هاریکارییان لە خەڵک و خۆ بەدەستەوەدانی چەکدارانی داعش کردووە.

لە بڵاوکراوەکاندا ژمارە تەلەفۆنی خۆڕایی دانراوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێ لەڕێگەی پەیوەندیکردن و کورتەنامە زانیاری لەسەر ناوچەکانی بدات، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ سوپا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان، جگە لەوەی شەپۆلی پەخشی رادیۆیی نووسراوە تاوەکو خەڵکی ناوچەکە گوێبیستی پێشڕەویی و رێنماییەکان بن.



لەماوەی ناوەڕاستی مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا، خەڵکێکی زۆری سڤیل لە حەویجە رایانکردووە و خۆیان گەیاندووەتە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل لە حەویجەدا ماون.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کە پلانێکی مرۆیی فراوانیان هەیە بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو خەڵکە سڤیلەی لەنێو حەویجەدا ماون.

راپۆرتە هەواڵگرییەکانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە  2000 سڤیل لەناو حەویجە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماون.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا 100 هەزار کەس لە حەویجە هەڵاتوون بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان، 1,700 خێزان لەو خەڵکانەی، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵاتوون لە کەمپەکانی کەرکووک نیشتەجێکراون.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە