رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق رەتیدەکاتەوە پەرلەمانتار مووچەى پاسەوانەکانی وەربگرێت و دەڵێت، خەرجکردنى ئەو پارەیە بەگوێرەى گرێبەستێکى یاساییە لەنێوان پەرلەمان و پاسەوانەکانى.
21ـی ئاب، راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوە دا؛ خەرجکردنى مووچەى پاسەوانانى پەرلەمانتار بە گوێرەى گرێبەست و رێوشوێنى یاسایی و رێنمایی فەرمیی کارپێکراوە و، پەرلەمانتار لەبرى پاسەوانەکانى، مووچەکەیان وەرناگرێت.
لە ساڵى 2017ـەوە بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ژمارەى پاسەوانى هەر پەرلەمانتارێکی عێراق لە 30 کەسەوە کەمکراوەتەوە بۆ 16 پاسەوان.
پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە داوە؛ خەرجکردنى راستەوخۆى مووچەى پاسەوانانى پەرلەمانتار بەگوێرەى گرێبەستێکى یاساییە لەنێوان پەرلەمان و پاسەوانەکان، یان ئەو کەسەى پاسەوانەکە سەرپشکى دەکات بۆ ئەوەى مووچەکەى وەربگرێت بە گوێرەى بریکارنامەیەک کە دادنووسى تایبەتمەند بۆ وەرگرەکەى دەکاتەوە.
یەکێک لە پەرلەمانتارەکان کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مووچەى پاسەوان دەگاتە نزیکەى 900 هەزار دینار و دەتوانێت بریکارنامە بۆ پەرلەمانتار بکاتەوە بەوەى مووچەکەى مانگانە بچێتە سەر هەژمارى بانکى پەرلەمانتار و لەو وەریبگرێت.
بۆ هەر خولێک، پەرلەمان مافی هەیە پێنج هەزار و 264 پاسەوان بە گرێبەست دابمەزرێنێت وەک پاسەوانى پەرلەمانتاران.
بە گوتەى ئەو پەرلەمانتارەى بۆ رووداو قسەى کرد، پاسەوانەکان هەموو بەڵگەنامەیەکى فەرمییان هەیە و لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە وردبینییان تێدا دەکرێت، بەرلەوەى گرێبەستیان بۆ بکرێت وەک پاسەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ