رووداو دیجیتاڵ
سەندیکاى پارێزەرانى عێراق دەرکەوتنی "نەشیاو"ـی پارێزەران لە کەناڵەکانى راگەیاندن قەدەخە دەکات و سزاکەى دەگاتە ئاستى سڕینەوەى ناوى لەو سەندیکایە.
ئەحمەد زەیدى، ئەمینداریى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە نووسراوى فەرمى داوایان لە دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق کردووە، هەر پارێزەرێک بەشێوەیەکى "نەشیاو" لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەربکەوێت ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەى رێوشوێن لە دژیان بگرنەبەر.
ئەحمەد زەیدى گوتى: "لەو دەرکەوتنانەى پارێزەران لە کەناڵەکانى راگەیاندن کە بە نەشیاوى دەزانین ئەوەیە زانیاری ئەو کەسانە بدرکێنن کە بوونەتە پارێزەریان، قسەکردنێک کە لەگەڵ سرووشتى کارى پارێزەران نەگونجاوە و دژ بە ئاکارى گشتییە، بەڵام ئەو رێگرییە رەخنە و تێبینیی یاسایى ناگرێتەوە".
بە گوێرەى یاساى پارێزەرانى عێراق، نابێت پارێزەر بەهۆى تۆمەتى ناوزڕاندن رابگیرێت، کە لە رێگەى قسە و نووسراو لە کاتى کارى پارێزەرایەتى کردوویەتى.
ئەمیندارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق گوتى: "سزاکانیان لەدژى ئەو پارێزەرانەى بەشێوەیەکى نەشیاو لە کەناڵەکان دەردەکەون لە نێوان راگرتن لە کارکردن تاوەکو سڕینەوەى ناوەکەیەتى لە سەندیکاى پارێزەران".
سەندیکاى پارێزەرانى عێراق لە ساڵى 1933 دامەزراوە، ئێستا 84 هەزار و 73 ئەندامى هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ