رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ رەتیکردەوە گۆڕانکاری بەسەر پێدانی ڤیزە بە هەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی ئەورووپا و کەنداودا هاتبێت.
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، کە لەمەودوا هەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی ئەورووپا و کەنداو بەبێ ڤیزەی عێراق ناتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانین ئەو دەنگۆیە لە کوێوە هاتووە، هیچ گۆڕانکارییەک نییە و هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتانە وەکو پێشووتر دەتوانن لە فڕۆکەخانە ڤیزە وەربگرن".
ئەمڕۆ ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەواڵی وەرگرتنی ڤیزەی عێراق بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەورووپی و کەنداو دوورە لە راستییەوە".
لە هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی. ئەمڕۆ بەرپرسێکی ئاگادار لە سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەوانیش ئاگاداری گۆڕانکاری نین و تەنیا وەکو دەنگۆ بیستوویانە.
ئەو کەسانەی لە ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزە نییە، تەنیا لە دەروازە سنوورییەکان یان فڕۆکەخانەکان مۆری هاتنە ژوورە لە بەڵگەنامەکانیان دەدرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەشی لە فڕۆکەخانە ڤیزە وەرنەگرن، دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵی ڤیزەی کوردستانەوە بەم نێونیشانە ڤیزە وەربگرن. visit.gov.krd
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ