رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق گۆڕانکاریى لە خشتەى کۆبوونەوەکانی سێشەممە دەکات و بڕگەى دەنگدان بە هەموارى یاساى بودجە زیاد دەکات کە تایبەتە بە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەرێمى کوردستان.
رۆژی دووشەممە 20ى کانوونى دووەمى 2025، سەرۆکایەتیى پەرلەمان ئەو گۆڕانکارییەى لە خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى بۆ سێشەممە 21ى کانوونى دووەم کرد و بڵاوی کردەوە.
یەکێک لەو بڕگانەى بۆ کۆبوونەوەکە زیاد کراوە، دەنگدانە بە هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە لە کۆبوونەوەى 19ى کانوونى دووەم بەهۆى ناڕەزایی هەندێک لە پەرلەمانتارانى شیعە دەنگدان لەسەر ئەو هەموارە دواخرا.
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات؛ دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
پێشتر لە 19ى کانوونى دووەم پەرلەمان خشتەى کۆبوونەوەکانى سێشەممەى بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەى دەنگدانى لەسەر هەموارى یاساى بودجە تێدابێت.
لە کۆبوونەوەى سێشەممە دەنگ لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی دەدرێت کە چەند جارێک خراونەتە کارنامەى پەرلەمانەوە بۆ ئەوەى دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى لەسەریان دواخراوە.
پڕۆژەیاساى هەموارى لێبووردنى گشتى، داواکاریى سوننەکانە، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان، لە بەرژوەندیى کورد و تورکمانە، هەمواری یاسای باری کەسی، داواکاریى شیعەکان بە ئاراستەى جێکردنەوەى مەزهەبی جەعفەرییە لەو یاسایە.
جگە لەو سێ پڕۆرژەیاسایە، لە کۆبوونەوەى 21ـى کانوونى دووەم، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیى دەروونى دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ