رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاى نەجەف دەست بەسەر 170 مریشکى مرداربوودا دەگیرێت، کە خاوەنەکەی بانگەشەی بۆ کردووە کە "فرێشن"، بەڵام دەرکەوتووە مریشکەکان "هەڵگرى ڤایرۆسی نیوکاسڵ" بوون.
دووشەممە 20ى کانوونى دووەمى 2025، ماهر عەبدوودى، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى تەندروستیى نەجەف بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کێشى ئەو 170 مریشکە 370 کیلۆگرام بوون، دوای مرداربوونیان سەربڕدراون."
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى نەجەف، ئەو دووکانەی مریشکەکانی تێدا فرۆشراوە، لەلایەن لیژنەی هاوبەشى تەندروستی، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى و تاوانى رێکخراو و ڤێرتەرنەرییەوە داخراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە داوایان لێکراوە لێکۆڵینەوە بکەن.
ماهر عەبوودى گوتى: "دواى پشکنین دەرکەوتووە ئەو مریشکانە تووشی ڤایرۆسى نیوکاسڵ بوون و مرداربوون".
ڤایرۆسى نیوکاسڵ لە نێو باڵندە بڵاودەبێتەوە و تواناى بەرگرییان ناهێڵێت و دەیانکوژێت.
تەندروستیى نەجەف ئاماژەى بەوەداوە لە کاژێر یەکى بەرەبەیانى ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر شەشى بەیانى چاودێریی ئەو دووکانە کراوە و دەرکەوتووە مریشکە مرداربووەکان سەردەبڕدرێن و بە مریشکى فرێش دەفرۆشرێن.
خاوەنى دووکانەکە لەلایەن هۆبەى چاودێریی تەندروستی سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە و دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى تەندروستیى نەجەف گوتى: "بڕیاردراوە دووکانەکە بۆ دوو هەفتە دابخرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ