کۆمیسیۆن بەربەستی بەردەم خۆبەربژێرکردنى کەسایەتییەکى سوننە هەڵدەگرێت

20-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیارى رێگرى لە خۆبەربژێریکردن لەسەر حەیدەر مەولا، کەسایەتیى سیاسیی سوننە لادەبات. گوتەبێژى کۆمیسیۆن دەڵێت، "ئەو بڕیارە نوێیەى کۆمیسیۆن لەسەر داواى خۆى بووە و دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو خۆى بەربژێر بکات."
 
ئەو بڕیارە لەبارەى حەیدەر مەولا، لە 19ى کانوونى دووەمى 2025، لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دەرکراوە، لە دەقى بڕیارەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارەى پێشتر لە 1ى تشرينى یەکەمى 2021 دەریان کردووە، ئامانجەکەى کۆتاییهاتووە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "حەیدەر مەولا لە هەڵبژاردنى پێشووى 2021ى پەرلەمانى عێراق دوورخرایەوە، بەهۆى هێرشکردنە سەر چەند پێکهاتەیەکى کۆمەڵگەى عێراقى و رکابەرەکانى."
 
حەیدەر مەولا، یەکێکە لە بەرپرسانى هاوپەیمانیى عەزمى سوننە، 2010 بۆ 2014 ئەندامى پەرلەمانى عێراق بوو لە پشکى بەغدا.
 
لە ساڵى 2019 بە تۆمەتى هاندانى خۆپێشاندان فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکرا، لە 2020دا وەزارەتى ناوخۆى عێراق حەیدەر مەولاى دایە دادگە بەهۆى لێدوانەکانى لەبارەى رێگەپێدانى مانەوەى بیانییەکان لە عێراق.
 
جومانە غەلاى دەڵێت، "ئەو بەرپرسە داواکارییەکى پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردبوو، بۆئەوەى بڕیارەکەى پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە ناگۆڕدرێت و ئەو رێگرییەى لەسەر هەڵدەگیرێت کە پێشتر کۆمیسیۆن لەسەر خۆبەربژێرکردنى داینابوو، بەوەش دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو خۆى بەربژێر بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە