پەرلەمان یاسای هەواڵگریى عێراقی بە "نهێنى" تێپەڕاند؛ بێ هاوئاهەنگی ئۆپەراسیۆن ناکات

20-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق یاسای دەزگاى هەواڵگریى پەسند کرد، بەبێ ئەوەى رێگە بدات کۆپییەکى یاساکە بکەوێتە دەست پەرلەمانتاران و لە ماڵپەرى پەرلەمانیش بڵاونەکرایەوە، ئەوەش بە پاساوى "هەستیارى و نهێنى"ی بابەتەکە. دوو خاڵى ئەو یاسایە پەیوەندیدارن بە هەرێمى کوردستانەوە، کە کردنەوەى نووسینگە و ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنە.
 
ئەو یاسایە لە کۆبوونەوەى 19ى کانوونى دووەمى 2025ى پەرلەمانى عێراق دەنگ بۆ پەسندکردنى درا، هاوشێوەى یاساکانى دیکە کۆپیى پەسندکراوى لە ماڵپەڕى پەرلەمان بڵاونەکرایەوە.
 
یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو یاسایە هەستیار و نهێنى بوو؛ بۆیە دەقەکەى بڵاونەکرایەوە. دواى دەنگدان لەسەرى، کۆپیی یاساکە کۆکرایەوە."
 
بۆ کارابوونى هەر یاسایەک کە لە پەرلەمان دەردەچێت، پێویستە لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوبکرێتەوە. ئەندامەکەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى گوتى، "پێناچێت لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقیش بڵاوبکرێتەوە."
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، یاساى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى لە 36 مادە پێکهاتووە، ئامانج لێى بەیاساییکردنى دامەزراندنى ئەو دەزگایەیە کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران دەبێت.
 
یەکێک لە لاپەڕەکانى یاساکە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە، بارەگاى سەرەکیى ئەو دەزگایە لە بەغدا دەبێت؛ هەروەها یاساکە رێگە بە کردنەوەی نووسینگە لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق دەدات.
 
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەگوێرەى یاساکە، دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق نووسینگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە، کە لە ئاستى هۆبەدا دەبێت."
 
لە مادەى دووەمى یاساکەدا هاتووە، کردنەوەى ئەو نووسینگانە و ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکانى دەزگاکە لە هەرێمى کوردستان بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەبێت.
 
یەکێک لەو بڕگانەى کە بۆ یاساکە زیادکراوە ئەوەیە، لە دیاریکردنى کارمەندەکانى هاوسەنگیى پێکهاتەکان بپارێزرێت. یەکێک لەو گۆڕانکارییانەى لەکاتى گفتوگۆکان لادراوە ئەوەیە، ناوەکەى لە دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەییەوە کراوە بە نیشتمانى.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە