خۆپیشاندانەکانی بەغدا گرژی و ئاڵۆزیی تێکەوت؛ کوژراو و بریندار هەن

20-01-2020

11:35

نەتەوەیەکگرتووەکان: داوا لە بەغدا دەکەین هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەستپێبکاتەوە

خۆپیشاندەرانی لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا، وێنە؛ AFP
نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی خۆپیشاندەران و کوژران و برینداربوونی خەڵک لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت زۆر نیگەارنین لە پێشێلکارییە مرۆییەکان.
 
جێنین هینیس، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان قەیرانێکی گەورەی متمانەی درووستکردووە.
 
جێنین داوا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکات هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی چاکسازی دەستپێبکەنەوە و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەجێبهێنن.
 
لە راگەیێندراوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە کراوە "دوو مانگ دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، سەرکردە سیاسییەکان نەیانتوانیوە لەسەر رێگەچارەیەک رێککەوتن لەکاتێکدا هەموو لایەنەکان جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی کردووەتەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

10:46

پەیامنێری رووداو: هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن

هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا: لە مەیدانی تەیەران بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا: لە مەیدانی تەیەران بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویدا و تاوەکو ئێستا بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 20-01-2020 شەڕ و رووبەڕوونەوەیەکی بەهێز لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی تەیەران دروستبووە. هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشدەکەنە سەر خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرانیش بەشێکی زۆری رێگە سەرەکییەکانیان داخستووە و رێگە نەدراوە فەرمانبەران بچنە سەر کارەکانیان. ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون بەتایبەت ئەوانەی دەیانویست ئەم بەیانە رێگە سەرەکییەکان بگرن.
 
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە بەپێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە سێ رۆژی رابردوو چوار خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژراون و 50 کەسی دیکەش برینداربوونە.
 
بەگوتەی یەکێک لە خۆپیشاندەرەکانی گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا تەنها رۆژی یەکشەممە 19-01-2020 شەش خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، رۆژانی رابردوو خۆپیشاندەران هۆشداری ئەوەیان دابوو ئەگەر بێت و تاوەکو 20ی ئەو مانگە داواکارییەکان جێبەجێنەکرێت و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکرێت کە بە دڵی ئەوان بێت، بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندانەکان.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، جیا لە گازی فرمێسکڕێژ هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن، بەڵام خۆپیشاندەران پێداگرن لەسەر مانەوەیان لە گۆڕەپانی تەیەران و دەڵێن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت. 
 
خۆپیشاندەرێکی نابیستی بەغدا بەمشێوەیە وەسفی بەرپرسانی عێراق دەکات
 
زیاتر بخوێنەوە

10:28

خۆپیشاندانەکانی بەغدا گرژی و ئاڵۆزیی تێکەوت؛ کوژراو و بریندار هەن

خۆپیشاندەران لە مەیدانی تەیەرانی بەغدا، وێنە؛ AFP
رووداو - هەولێر 

دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی خۆپیشاندەران بۆ حكومەتیان دیاریكردبوو بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان، شەوی رابردوو لە بەغدا و ژمارەیەك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان روویدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە مەیدانی تەیران لە بەغدا شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویداو چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.
 
بە مەبەستی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر و مەیدانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغدا، هێزە ئەمنییەكان گوللـە و گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە و بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان دوو كەس كوژراون و زیاتر دەیان کەسی دیکەش دیكەش برینداربوونە، لە گۆڕەپانی تەیەرانیش بەریەككەوتن روویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس برینداربوون.
 
هەروەها لە پارێزگای موسەننا، كەربەلا و واسیت خۆپیشاندەران ژمارەیەك پرد و چوارڕیانیان داخست لەوانە
 
ـ رێگەی نێوان پارێزگای زیقار ـ موسەننا، چوارڕیانی قشلە و پردی ئاسنینی مفوەزیە لە سەماوە
ـ ژمارەیەك چوارڕیانی سەرەكی لە سەنتەری شار
ـ ئەمەش هاتووچۆی لە سەماوە و رمێسە بەتەواوی پەكخستووە 
ـ زۆربەی رێگە سەرەكی و بازرگانییەكان لە شاری كوت، سەنتەری پارێزگای واست
 
لەبارەی كردنەوەی رێگە سەرەكییەكان لە بەغدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا سەرجەم ئەو رێگەیانەی كردووەتەوە كە گرووپێكی تووندڕەو هەوڵیاندا دایانبخەن، هاوكات سوپاسی خۆپیشاندەرانی ئاشتی كرد كە لەكردنەوەی رێگەكان و رێگرتن لە داخستنیان هاوكاری هێزە ئەمنییەكانیان كردوە".
 
دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار بۆ حكومەتیان دیاریكرد، شەوی رابردوو بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور خۆپیشاندانی تووندیان بەخۆوە بینی، بۆ بڵاوەپێكردنیشیان هێزە ئەمنییەكان گوللـە و گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.
 
 
زیاتر بخوێنەوە