رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "بە هەراسانکردنی کاردیناڵ ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی نیگەران بووین و بە بیستی هەواڵی جێهێشتنی بەغداش دڵگران بووین."
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 18-07-2023 لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا حکومەتی ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەوە هەیە؟"، گوتی، "ئێمە بە هەراسانکردنی کاردیناڵ ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی نیگەران بووین و بە بیستنی هەواڵی جێهێشتنی بەغداش لە لایەن ئەوەوە دڵگران بووین."
ماتیۆ میلەر گوتی، "کۆمەڵگەی کریستیانیی عێراق بەشێكی گرنگی ناسنامەی عێراق و مێژووی فرەرەنگی و لێبوردەییە. ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق؛ نیگەرانیشین لەوەی پێگەی کاردیناڵەکە وەک رێبەرێکی رێزداری کەنیسەکە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی چەند لایەنێكەوە، بە دیاریکراوی سەرکردەی میلیشیایەک کە سزای یاسای 'گلۆبال ماگنیتسکی' لەسەرە."
یاسای 'گلۆبال ماگنیتسکی'، پرۆژەیاسایەکە لە ساڵی 2012دا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پەسندکرا و بە واژۆی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بووە یاسا.
یاساکە تایبەتە بە سزادانی بەرپرسانی رووسی بەرپرس لە مردنی "سێرگی ماگنیتسکی"، پارێزەری رووسی زیندانیکراو لە مۆسکۆ. لە 2016دا کۆنگرێس هەمواریکردەوە بە جۆرێک کە دەستی بکاتەوە لە سزادانی بەرپرسانی حکومەتە بیانییەکانی جیهان کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە، سزاکان سڕکردن پشک و رێگریکردن لە چوونە نێو ئەمریکا لە خۆدەگرێت.
لە بەشێكی دیکەی کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیار لەبارەی "ئاستی کاریگەری بڕیارەکە لەسەر ئازادیی ئایینی لە عێراق" کرا و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "دەتوانم بڵێم کە ئەو بڕیارە لێدانە لە ئازادیی ئاینی. هەر ئەوەشە کە ئێمە هێندەی نیگەران کردووە و وای لێکردین راستەوخۆ نیگەرانییەکانی خۆمان بگەیێنینە حکومەتی عێراق."
سەبارەت بە "پێشبینیکردنی گۆڕینی ئەو بڕیارە"، میلەر گوتی، "قسەمان لەگەڵ کردوون. هیوادارین بڕیارەکەیان هەڵبووەشێننەوە و جەنابی کاردیناڵ بتوانێت بە سەلامەتی بگەڕێتەوە بەغدا."
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە،" گوتیشی،"هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتییە ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت"، جەختیشی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147 تەنیا بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە."
دەقی پرسیار و وەڵامی ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کاردیناڵ ساکۆ
پرسیار: سەبارەت بە عێراق، هیچ کاردانەوەیەکتان هەیە بۆ بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق کە نووسراوی ناساندنی کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی وەکو سەرۆکی کەنیسەی کریستیانەکان لە عێراق رەتدەکاتەوە؟
ماتیۆ میلەر: بەڵێ، من دەڵێم نیگەران بووین بە هەراسانکردنی کاردیناڵ ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی و نیگەرانیش بووین بەو هەواڵەی کە بەغدای جێهێشتووە؛ هیوادارین بە سەلامەتی بگەڕێتەوە. کۆمەڵگەی کریستیان لە عێراق بەشێکی گرنگی ناسنامە و بەشێکی ناوەندی مێژووی فرەڕەنگی و لێبوردەیی عێراقە. من دەڵێم، ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق لەوبارەوە. نیگەرانین کە پێگەی کاردیناڵ وەکو رێبەرێکی رێزداری کەنیسەکە لەلایەن ژمارەیەک لایەنەوە لەژێر هێرشدایە، بەتایبەتی سەرکردەیەکی میلیشیا کە لە چوارچێوەی ماگنیتسکی جیهانی سزادراوە.
پرسیار: تا چ ئاستێک پێتان وایە ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر ئازادی ئایینی لە عێراق؟
ماتیۆ میلەر: من دەڵێم بە دڵنیاییەوە گورزێکە بەر ئازادی رادەربڕین دەکەوێت؛ هەر بۆیە زۆر نیگەرانین و هەربۆیەش راستەوخۆ پەیوەندیمان بە حکومەتی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانمان نەهێڵێت.
پرسیار: پێشبینی هیچ گۆڕانکارییەک لە بڕیارەکەیان دەکەی؟
ماتیۆ میلەر: من دەڵێم لە پەیوەندیداین لەگەڵیان. پێم وایە هەڵوێستی خۆمان بە روونی دەربڕیوە. بەدڵنیاییەوە هیوا دەخوازین بڕیارەکەیان هەڵبووەشێننەوە و کاردیناڵ بتوانێت بە سەلامەتی بگەڕێتەوە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ