رووداو دیجیتاڵ
دادگەى فیدراڵى تاوتوێى پێنج سکاڵاى پێکھاتەکانى هەرێمى کوردستان، لە دژى کەمکردنەوەى کورسییەکانیان لە پەرلەمانى کوردستان دەکات. پارێزەری چوار لەو دۆسیانە دەڵێت، لەو دانیشتنەدا دوا بڕیار لەسەر سکاڵاکان دەدرێت.
سێ لەو سکاڵایانە لەلایەن کریستیانەکانەوە تۆمارکراون و داوا دەکەن؛ شەش کورسییەکەى پێشوویان بگەڕێننەوە، دووان لە سکاڵاکان لەلایەن تورکمانەکانەوە پێشکێشکراون بۆ گەڕاندنەوەى پێنج کورسییەکەیان.
22ـی تەممووز دادگەى فیدراڵى تاوتوێى ئەو سکاڵایانە دەکات. ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى چوار لەو دۆسیانە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "دانیشتنەکانى دادگە لەسەر ئەو دۆسیانە بەبێ بەشداریى نوێنەرى سکاڵاکار و سکاڵالێکراو دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارى کۆتایی لەبارەوەیانەوە بدرێت."
ئەو دانیشتنەى دادگە لە دواى ئەوەیە کە دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، لە کۆى 11 کورسی کۆتاکان کە پێشتر لە پەرلەمانى کوردستان هەبوون، پێنجى گەڕاندەوە.
لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى، دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتاى کریستیان تەرخانکراوە.
ئەیاد کاکەیی گوتى "ئەو کورسیانەى کۆتاکان کە دەستەى دادوەریى گەڕاندوونەتییەوە، تەواوى خواستى پێکھاتەکان ناهێننەدى."
دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن لە 20ـی ئایاری 2024، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچارکرد ئەو پێنج کورسییەى کۆتاکان دیاری بکات لەدواى ئەوەى 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ