عەبدولمەهدی: رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر نەجمەدین کەریم جێبەجێدەکەین

18-06-2019
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو-هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن هەر کەسێک بدەنە دادگا ئەگەر بەڵگەی گەندەڵی لەسەربێت، رێوشوێنی یاساییش لە بەرامبەر پارێزگاری پێشووی کەرکووک جێبەجێدەکەن.

ئێوارەی سێشەممە 18-6-2019، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بۆ دادگاییکردنی دەگرنەبەر. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، هەموو ئەوانەی لەبارەی گەندەڵییەوە دەگوترێت بەبێ بەڵگە هیچ سوودێکی نییە، ئامادەن هەر کەسێک بدەنە دادگا ئەگەر بەڵگە هەبێت لەبارەی بوونی گەندەڵییەوە، بۆ هەر گومانێکی گەندەڵیش ئەوا پێویستە بەڵگەی پێویست پێشکەشبکرێت. 

لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووکەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پەسەندکردنی پلانی وەبەرهێنان.

هەروەها راشیگەیاند، گەورەترین کوتلە دەسەڵاتی داوەتە سەرۆکایەتی وەزیران بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پۆستە بە وەکالەتەکان. 

ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "من دڵنیام لەخۆم و خەڵکی کەرکووکیش شاهیدە زۆر بە دڵسۆزی خزمەتی ئەو شارەم کردووە، لە مێژووی کەرکووکدا ئەو خزمەتگوزارییە بۆ کەرکووک نەکراوە، بە شایەدی خەڵکی کەرکووک بڕۆن لێیان بپرسن.. رووداو کەناڵێکی ناسراوە و نوێنەرتان زۆرەو پەیامنێرتان زۆرە لە هەموو شوێنێک. من متمانەی تەواوم بەخۆم هەیە، بۆیە هیچ کێشەم نییە بچمە بەردەم هەر دادگایەک، کە دادگایەکی بێلایەن بێت، سیاسەت نەخاتە ناو کارەکانەوە، لە بەغدا بێت یان لە هەولێر بێت، من ئامادەم بۆی بچم". 

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە