ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 6 هەزار و 728 هاوژین جیابوونەتەوە

16-09-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لەبارەی زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینان لە وڵاتەکە هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا زیاتر لە شەش هەزار و 728 هاوژین جیابوونەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دا هاتووە: "تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا زیاتر لە شەش هەزار و 728 هاوژین جیابوونەتەوە، واتە لە یەک کاژێردا 10 هاوژین جیابوونەتەوە و لە رۆژێکدا 224 هاوژین. هەروەها چوار هەزار و 259 جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگەکان هەبووە. جگە لە هەرێمی کوردستان."
 
ناوەندەکە، ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوژینانی لە عێراق، لە دادگەکان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی دۆسیەکان، زۆرترین جیابوونەوە لە عێراق بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێکارییە.
 
لە ساڵی 2022دا لە عێراق 70 هەزار هاوژین جیابوونەتەوە، واتە رۆژانە نزیکەی 200 جیابوونەوە. 
 
لەوبارەوە ئەحلام عوبەیدی، داکۆکیکار لە مافی ژنان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی کێشە خێزانییەکان بەهۆی تەکنەلۆژیا، سەختی بار و گوزەرانی خەڵک بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، نەبوونی پشتگیریی پێویست لەلایەن حکومەت بۆ گەنجان، بڵاوبوونەوەی زۆری مادەی هۆشبەر و نەبوونی هۆشیاریی تاک لەبارەی خێزان و نەبوونی کولتووری لێبووردەیی."
 
ئەحلام کە 15 ساڵە لە پارێزگای بەسرە چالاکڤانی بواری مافی ئافرەتانە، دەشڵێت، "ئەو ژمارەیەی هەیە لەبارەی جیابوونەوە زۆر مەترسیدارە و لە داهاتوودا دەبێتە کێشەی گەورە، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان کە دەیان هەزار منداڵی بێ سەرپەرشتیار و ژنی بێ هاوژینی لێدەکەوێتەوە."
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 14 هەزار ژن و مێرد جیابوونەتەوە
 
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، کە لە ئاداری 2023دا بڵاویکردبووەوە، ساڵی رابردوو 55 هەزار و 896 کەس هاوسەرگیرییان کردووە، لە بەرامبەردا 13 هەزار و 967 ژن و مێرد جیابوونەتەوە. زۆرترین جیابوونەوەش لە دادگەکانی دهۆک و هەولێر لەنێو ئەو کەسانەدا بووە کە تەمەنیان لە خوار 20 ساڵانە؛ نەگونجان، ناپاکی و تەکنەلۆژیاش هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەکانن.
 
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، هاوسەرگیری و لێکجیابوونەوە لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:
 
- هاوسەرگیری: 55 هەزار و 896 کەس
- جیابوونەوە: 13 هەزار و 967 کەس
- رێپێدان بە هێنانی ژنی دووەم: 81
 
پارێزگای هەولێر:
 
- هاوسەرگیری: 19 هەزار و 19
- جیابوونەوە: پێنج هەزار و 645
- رێپێدان بە هێنانی ژنی دووەم: 46
 
پارێزگای سلێمانی:
 
- هاوسەرگیری: 21 هەزار و 164
- جیابوونەوە: پێنج هەزار و 533
- رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم: 6
 
پارێزگای دهۆک:
 
- هاوسەرگیری: 12 هەزار و 267
- جیابوونەوە: هەزار و 992
- رێپێدان بە هێنانی ژنی دووەم: 29
 
کەرکووک/گەرمیان:
 
- ژمارەی هاوسەرگیری: دوو هەزار و 746
- ژمارەی جیابوونەوە:  797

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاسپۆرتی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پاسپۆرتى عێراق دوو بڕیارى نوێى دەرکرد

وەزارەتى ناوخۆ دوو بڕیار لەبارەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەردەکات. لەمەودوا هاووڵاتیان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت بکەن بەبێ ئەوەى پەیوەست بکرێت بە شوێنى نیشتەجێبوونیانەوە.