رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى دەڵێت، "لە ئاگرەگەى بازاڕى شۆریجەى بەغدا 8 کەس برینداربوون و 7 کارمەندى بەرگریى شارستانیش تووشی تەنگەنەفەسى بوون".
غەسان سوینى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى بازاڕى شۆریجەى بەغدا 8 کەس بریندار بوون و 7 کەسی دیکەش تووشی تەنگەنەفەسى بوون و تیمەکانمان فریاگوزاریى تەندروستییان پێشکێش کردن".
ئاگرەکە ئەمڕۆ سێشەممە 16ى تەممووز لە بازاڕی شۆریجەی بەغدا کەوتەوە و ماوەى 4 کاژێر تیمەکانى بەرگریى شارستانى سەرقاڵى کوژاندنەوەى بوو.
غەسان سوینى گوتى، "ئەو 7 کەسەى تووشی تەنگەنەفەسى بوون کارمەندی بەرگریى شارستانى بوون؛ 8 بریندارەکەش حەوتیان هاووڵاتى ئاسایی و هەشتەمیان کارمەندیى بەرگرى شارستانییە".
بەگوێرەى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکارى کەوتنەوەى ئەو ئاگرە شۆرتى کارەبا بوو. بەگوتەى خاوەنى کۆگاکان، زیانى مادى ئەو رووداوە نزیکەى 500 هەزار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ