رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاگادارى کارتە بانکییەکانیان بن و ئاماژە بەوە دەکات، لە 6 هەفتەدا 1300 سکاڵایان بەدەست گەیشتووە.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەهۆى زۆربوونى هێرشی ئەلیکترۆنى و فێڵکردن لە دامەزراوە داراییە جیهانییەکان و هاووڵاتییان و زۆربوونى ئەو سکاڵایانەى بەدەستیان گەیشتووە لەبارەى فێڵکردنى ئەلیکترۆنى، داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشێوەیەکى بەردەوام چاودێریى جووڵەى دارایی، کڕین و راکێشان بن لە کارتە ئەلیکترۆنییەکانى پارەدانیان.
ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بە هاووڵاتییان دەڵێت، "ئەگەر جووڵەیەکى دارایی نەناسراوتان لە کارتە ئەلیکترۆنییەکانتان بەدى کرد، دەبێت پەلە بکەن لە ئاگادارکردنەوەى کۆمپانیا و بانک یان ئەو شوێنەى کارتەکەى دەرکردووە و بە خێرایی زانیاری و وشەى نهێنى تێپەڕى کارتەکە بگۆڕن".
ئەو دەزگایە هۆشدارى ئەوەى داوە کە ئەو کۆمپانیایانەى کارتى دارایی دەردەکەن پەیوەندى بە کڕیارەکانیانەوە ناکەن، لە چەند دۆخێکى تایبەتدا نەبێت و داواى وشەى نهێنى تێپەڕى کارتەکەش ناکەن.
بە گوێرەی دەزگاکە، لە 6 هەفتەى رابردوودا 1300 سکاڵایان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەدەستگەیشتووە کە لەڕێگەى ئەلیکترۆنییەوە فێڵیان لێکراوە و کاریان لەسەر ئەوە کردووە ئەو کەسانە راپێچى دادگە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ