گالەری

 
رووداو - سەماوە
 
ئەمڕۆ بۆ دووەم ساڵ، ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەوانەی ئەنفال کراون و رزگاریان بووە، جارێکی دیکە سەردانی گۆڕی بەکۆمەڵ و قەڵای نوگرەسەلمانیان کردەوە. جیاواز لە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیی تایبەت بەو کەسانەی ئەنفال کرابوون کرایەوە.
 
لە پێشانگە فۆتۆگرافییەکەدا وێنەی بەشێکی بەرچاوی ئەو منداڵانە نمایش کران کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون.
 
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەوڵمان دا قەڵای نوگرە سەلمان، کە بە هەزاران کورد تێیدا زیندانی کرابوون و دواتر بەشێکیان ئەنفال کران، بکەینە مۆزەخانەیەک بۆ هەمیشە، بۆئەوەی وەکو بەڵگەیەکی مێژوویی بمێنێتەوە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، رەزامەندییان وەرگرتووە کە ئەو قەڵایە لەسەر وەزارەتی داد بگوازنەوە بۆسەر وەزارەتی شەهیدانی عێراق.
 
سمکۆ سابیر، توێژەری بواری ئەنفال بە رووداوی گوت، "ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە ئەوەیە کە لە رێگەیەوە ئەوە نیشان بدەین کە لە شاڵاوی ئەنفال منداڵانی کوردی بێ تاوان بە تەمەنی جیاجیا ئەنفال کراون، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون."
 
ئەو توێژەرە باسی لەوەش کرد، منداڵ هەبووە "تەمەنی تەنیا یەک رۆژ بووە و ئەنفال کراوە."