رووداو- هەولێر
ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون رەتیدەکاتەوە باسی تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی موسڵ کردبێت و دەڵێت "گرتە ڤیدیۆکە دەستکاریی کراوە".
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون ، بزووتنەوەی مەسیحی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەو گرتە ڤیدیۆیەی من، کە لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەتەوە، دوورە لە راستیییەوە، دەستکاریی کراوە و بە ئەنقەست بڵاوکراوەتەوە".
رەیان کلدانی ، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی روونیکردەوە"من باسی ئەوەم کردووە، کە داعشی تیرۆریست نەوەی یەزید-ن کە ئیمام حوسێن-یان کوشتووە، بۆیە تۆڵەی خۆمان لەوانە دەکەینەوە، بەهیچ شێوەیەک باسی خەڵکی موسڵم نەکردووە، ئەوەی دەگوترێت دوورە لە راستی ، چونکە خەڵکی موسڵ برا و کەسوکارمانن و ئێمە لەدەستی داعش رزگاریان دەکەین".
ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێک لایەن بە مەبەستی نانەوەی فیتنەی تائیفی دەستکاری قسەکانی منیان کردووە و هەندێک لە ڤیدیۆکەیان بڕیوە، کاتێک باسی داعش دەکەم".
لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی رەیان کلدانی بڵاوکراوتەوە، تێیدا دەڵێت مەسیحییەکانی نەینەوا سوورن لەسەر ئەوەی تۆڵەی خۆیان لە نەینەوا بکەنەوە و ، ئەوان نەوەی یەزیدن و ئێمەش نەوی جۆن-ین و شەڕەکە مەسیحی دەبێت لەگەڵ نەوی یەزید، مێژوو جارێکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ