ئازادکردنی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقی رەتدەکرێتەوە

15-08-2017
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن هێڵی ئاسمانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی رەتیدەکاتەوە بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئازاد کرابێت، کە بە تۆمەتەکانی "بەرتیل و سەرپێچی کارگێڕی" دادگایی دەکرێت.

دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی تەماشای دۆسیەی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقی کردووە، کە بە دۆسیەی بەرتیل و سەرپێچی کارگێڕی تۆمەتبار کراوە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی گوتی "دادگای بڕیاری داوە دۆسیەی ئەو تۆمەتبارە رەوانەی تاوانەکانی دەستپاکی بکرێت، بەمەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و بەپێی ماددەی 310 یاسای سزادان دادگایی دەکرێت".

عەبدولستار بەیرەقدار دەشڵێت، تۆمەتبارەکە ئێستا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە، وەک ئەوەی لە هەندێک لە میدیاکان هەواڵی ئازادکردنی بڵاوبووەتەوە.

لەسەر تێوەگلان لە "گەندەڵیی و بەرتیلوەرگرتن" سامر کوبە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی لەلایەن هێزێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکراوە و لەلایەن دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات نازم ساعدی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی پەرلەمان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، نەچنە ژێرباری هیچ فشارێک بۆ ئازداکردنی سامر کوبە و لێکۆڵینەوەیەکی شەفافی لەگەڵیدا ئەنجامبدەن.

ساعدی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار ئاماژەیان بە گەندەڵییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی کردووە و داوای لێکۆڵینەوەیان لەگەڵیدا کردووە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە