نوێژی ملیۆنی لە بەغدا

15-07-2022

13:18

چەند پەیامێکی موقتەدا سەدر بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن

مەحموود جەیاشی لە کاتی خوێندنەوەی پەیامی موقتەدا سەدر
 
رووداو دیجیتاڵ  
 
رێبەرى رەوتى سەدر 10 داواکاریی ئاراستە ئەو لایەنانە کرد کە دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، لەوانە: دووبارە رێکخستنەوەى حەشدی شەعبی و هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان، دوورکەوتنەوە لەوەى بەرپرسیارێتى بدرێتە ئەو کەسانەى پێشتر تاقیکراونەتەوە. داوایشی لەو لایەنانە کرد کە بەئاشکرا گەندەڵکارەکانیان سزا بدەن.
 
ئەو پەیامەى موقتەدا سەدر لەرێگەى مەحموود جەیاشی خوێندرایەوە کە گوتاربێژى "نوێژى هەینیى یەکگرتوویی" بوو کە ئەمڕۆ 15ـی تەممووزى 2022 لە شەقامى فەللاح لە ناوچەى سەدرى بەغداى پایتەخت بەڕێوەچوو.
 
لەو پەیامەدا موقتەداسەدر داواى لەو لايەنەنانە کرد کە دەیانەوێت حکومەت پێكبهێنن پێویستە پەيوەست بن بە داواکاریەکانیانەوە لەوانە کردنە دەرەوەى "داگیرکاران بەڕێگەى دیپلۆماسی و دووبارە نەکردنەوەى ئەزموونى حکومەتەکانى رابردوو و تۆبەکردنیان لە رێگەى سزادانى گەندەڵکارانیان بەشێویەکى ئاشکرا." گوتیشى، "داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکەم بەتایبەت کوتلە شیعەکان تۆبە بکەن لە رێگەى سزادانى گەندەڵکارانیانەوە لە سایەى دادگەیەکى پاک و بێگەرد کە بە سیاسى نەکرابێت." 
 
سەدر داوایکرد ئەزموونکراوان لە دەسەڵات جارێکى دیکە ئەزموون نەکرێنەوە تاوەکو "نەهامەتییەکانى رابردوو دووبارە نەبنەوە." 
 
لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە کردبوو، "من گوتەبێژى مەرجەعیەت نیم، کە دەرگەى بەرووى سیاسەتمەداراندا داخستووە، بەڵام داواى لێخوشبوونیان بۆ دەکەم لەلاى مەرجەعیەت ئەگەر تۆبە بکەن." 
 
یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەى سەدر پەیوەست بوو بە هێزە ئەمنییەکان و جەختیکردەوە کە حکومەتێکى بەهێز لە عێراق پێکناهێندرێت ئەگەر چەک لەدەستى دەوڵەت نەبێت و گرووپى چەکداری لەدەستدەرچوو هەبن. گوتیشی، "پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێندرێنەوە و ئەگەر داگیرکاران هاتنەوە ئەوکاتە پێکیان دەهێنینەوە."
 
موقتەدا سەدر داوایکرد حەشدی شەعبی لە دەستوەردانى دەرەکى دووربخرێتەوە، لە جەنگى تایفی دەرەکى تێوەنەگلێندرێت و لە بازرگانیکردن دووربخرێتەوە. گوتی، "دەبێت حەشدی شەعبی دووبارە رێکبخرێتەوە ئەوانەى نا رێکخراون بکرێنە دەرەوە و دووربخرێتەوە لە دەستوەردانى دەرکى و بەکارهێنانیان بۆ جەنگى تائیفى."
 
یەکێک لە داواکارییەکانى دیکەى رێبەرى رەوتى سەدر لەو پەیامەدا ئەوە بوو کە "پێویستە رێز لە سوپاى عێراق و پۆلیس بگیرێت و رێگرى بکرێت لە دەستدرێژیکردنە سەریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و لە دەستوەردانى دەرەکى دوور بخرێنەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

12:44

نوێژی یەکگرتوویی لە محەممەد سادق سەدرەوە بۆ موقتەدای کوڕی


رووداو دیجیتاڵ

دوای 24 ساڵ لە بەڕێوەچوونی یەکەم نوێژی هەینی لە مزگەوتی کوفە لەلایەن باوکی موقتەدا سەدرەوە، ئەمڕۆ کوڕەکەی دەیەوێت بە نوێژی یەکگرتوویی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شاری سەدری بەغدا کۆبکاتەوە. ئەم هەنگاوەی موقتەدا سەدر یەکەم هەنگاوی کردەیی موقتەدا سەدرە دوای کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی و شکستی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، شرۆڤەکارێکی سیاسیی دەڵێت: "نوێژەکە پەیامی سیاسی و ئایینی لە پشتە".
 
پشتکردنە سیاسەت و رووکردنە نوێژ
 
رۆژی 15ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کشایەوە و پەرلەمانتارەکانیشی کە 73 ئەندام بوون لە پەرلەمان کشاندەوە، هەڵوێستەکەی سەدر شۆکهێنەر بوو بۆ سیاسەتمەدارانی عێراق، بەتایبەت بۆ براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی 10ی ئۆکتۆبەر، بەڵام کشانەوەی سەدر وەکو هەڵکردنی ئاڵای سپی لە بەرامبەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێکدرایەوە، کە تا دواسات یەکگرتوو بوون، لە بەرامبەر داواکارییەکانی سەدرییەکان بۆ بەشداریکردنی بەشێکیان لە حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی"ی دڵخوازی موقتەدا سەدر.
 
سەدر دوای کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی، سەرەتای ئەم مانگە داوای "نوێژی یەکگرتوویی" کرد. 
 
رەبیع جەواری، شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە ئەم هەنگاوەی سەدر "هەوڵێکە بۆ راکێشانی زیاتری هەستی شەقام بەرەو ئاڕاستەی هەنگاوی داهاتوو، ئەوە جگە لەوەی دەیەوێت لە رێگەی ئەو نوێژی هەینییەوە پەیامی سیاسی و ئایینیشی هەبێت".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەغدا بۆ نوێژەکە، لە کاتێکدا پێشتر باوکی ئەو نوێژەی لە نەجەف کردووە، جەواری گوتی: "موقتەدا سەدر دەیەوێت بە رکابەرەکانی بڵێت لە بەغداوە نەک لە حەنانەوە ئەوە هێزمە و ئەوەش گۆرەپانە لەلای ئێمەیە".
 
بۆچی 15ی تەممووز؟
 
رۆژی 3ی تەمموزی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا داوای نوێژی بەکۆمەڵی کرد و لە شاری سەدر و رایگەیاند: "ئەو نوێژە یادکردنەوەی یەکەمین نوێژی هەینییە لە مزگەوتی کۆفەی مەزن لەلایەن باوکی بەڕێزمەوە کرابێت دوای ئەوەی عەلی کوڕی ئەبی تالیبی ئەمیری ئیمانداران پێشتر کردبووی".
 
سەدر لەو پەیامەیدا روونیکردەوە: "ئەو یادکردنەوەیە بەجێگەیاندنی قسەکانی باوکم (محەممەد سادق سەدر)ە کە گوتبووی: بەردەوامبن لە نوێژی هەینی، ئەوەی لە پێناویدا و لە پێناو بەرزکردنەوەی قسەکانی خودا بە خوێنی خۆی و منداڵەکانی قوربانی دا و کۆمەڵگەی گەڕاندەوە بۆ پەرستنی خودا و رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت، نوێژی هەینی چەکێکی کاریگەر بوو بۆ ئەوە."
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە دابڕان لە نوێژی بە کۆمەڵ، رۆژی 12ی نیسانی 1998 محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر، یەکەم نوێژی هەینیی لە نەجەف کرد، ئەگەرچی لەلایەن بەعسییەکانیشەوە قەدەخەکرابوو. دوایین نوێژی بە کۆمەڵی هەینی لە 19ی شوباتی 1999 بوو دواتر لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا.
 
سەدر داوای لە نوێژخوێنان کرد ئەو رۆژە، واتە 15ی تەممووزی 2022 هەڵمەت ببەن و بەشداریی لەو نوێژەدا بکەن و گوێ بە گەرما و زەحمەتییەکان نەدەن و گوتی کە خودا دەیانپارێزێت و پشتیوانییان لێدەکات.
 
دوای ئەو قسانەی سەدر، لیژنەیەکی حەوت کەسیی بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو نوێژە لە نێو رەوتی سەدر دەستنیشانکرا.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەیەوێت لەنێوان 15ی تەممووزی 1998 و 15ی تەممووزی 2022 و دوو رووداوی جیا پێکەوە گرێبدات، هۆکاری هەڵبژاردنی رۆژی 15ی تەممووزی 2022 بۆ نوێژی یەکگرتوویی ئەوەیە لە 15ی تەممووزی ساڵی 1998 و پێش چەند مانگێکی کەم لە کوژرانی، یەکەمین نوێژی یەکگرتوویی هەینی پەیڕەوکاران و لایەنگرانی محەممەد سادق سەدر، مەرجەعی ئایینی و باوکی موقتەدا سەدر لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو.
 
بۆچی شاری سەدر؟
 
شاری سەدر لە مێژوویدا چوار جار ناوەکەی گۆڕدراوە، یەکێکە لە ناوچە هەژارنشینەکانی بەغدایە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 2 ملیۆن کەس دەبێت.
 
شارەکە لەلایەن عەبدولکەریم قاسم دروستکرا و ناوی لێنرا "گەڕەکی شۆڕش". دواتر و لە سەردەمی عەبدولڕەحمان عارفدا ناوەکەی بۆ "گەڕەکی رافیدەین" گۆڕاوە، شارەکە دەکەوێتە بەری رەسافەی بەغدا، لە سەردەمی بەعسییەکان و دوای ئەوەی سەدام حوسێن بۆ رێزلێنان لەو کەسانەی لە شەڕی ئێران و عێراق کوژران و دانیشتووی ئەو شوێنە بوون، ناوەکەی گۆڕی بۆ سەدام، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ناوەکەی کرایە سەدر.
 
شارەکە کە سەرەتا گەڕەکێک بوو بۆ گوندنیشەکانی باشووری عێراق دروستکرا، یەکێکە لەو شوێنانەی لە بەغدا بە شوێنی گردبوونەوەی سەدرییەکان دەناسرێت و لە دوای ساڵی 2003ەوە سێ جار ئەمریکییەکان و سوپای مەهدیی سەر بە رەوتی سەدر تێیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.
 
شاری سەدر لە 79 ناوچە پێکدێت، رووبەری خانووەکانی بچووکن و زۆربەیان ناگەنە 150 مەتر دووجا. زۆربەی دانیشتووانەکەی شیعە مەزهەبن. هەروەها کوردی فەیلی، سوننە و کریستیانیش لە شارەکەدا دەژین. هەندێک گەڕەکی بە گەڕەکی کوردەکان دەناسرێن، بە تایبەتی لە یەکەکانی 17،12،11،10.
 
موهەند جەنابی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی هەڵبژاردنی شوێنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شارۆچکەی سەدر لە بەغدایە و لە بڕیاری سیاسی و ناوەندی سیاسەتەوە نزیکە و سەدر دەیەوێت پەیامێک بگەیێنێت بەوەی ئەگەر بیەوێت شەقام لە بەغدا بجوڵێنێت ئاسانە و دەتوانێت."
 
لە تویتەرەوە بۆ نوێژی بە کۆمەڵ
 
سەدرییەکان دەیانەوێت نوێژە یەکگرتووییەکەی ئەمڕۆ ملیۆنی بێت، هەر بۆیە لە پارێزگاکانی عێراقەوە بە پاس و ئۆتۆمبێلی دیکە روویان لە بەغدا کردووە بۆ گەیاندنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداریی لە نوێژی هەینی بکەن، زۆری و کەمیی نوێژخوێنان بۆ سەدرییەکان و رکابەرەکانیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرنگە، چونکە سەدر دەیەوێت پێیان بڵێت هێزی چەندە و دەتوانێت چی بکات، ئەمەش شەڕی گەرمی خستووەتە نێو لایەنگرانی سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەوە و هەریەک دەیەوێت لەوی دیکە کەم بکاتەوە.
 
سەدرییەکان ماوەی هەفتەیەک دەبێت کاردەکەن زۆرترین کەس بەشداریی ئەو نوێژە بکەن، شەقامی فەللاح لە شارۆچەکەی سەدر لە بەیانی ئەمڕۆوە سەتان هەزار نوێژخوێنی لەخۆگرتووە و چاوەڕوانی زیاتریش دەکرێت، رەنگە سەدر لەرێگەی کۆکردنەوەی ئەو جەماوەرەوە بیەوێت جگە لە نیشاندانی هێز، خۆی تاقیبکاتەوە بۆ هەڵوێستی دواتر، بەتایبەت سەدر دوای ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی شکستی هێنا بە ناچاری گۆڕەپانی سیاسی بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چۆڵکرد.
 
مستەفا جابری، یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی بەڕێکردن و رێکخستنی گەیشتنی سەدرییەکانە لە پارێزگای میسان، دەڵێت: "لە پارێزگاکانی باشوورەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس بەشداریی نوێژی هەینی دەکەن و بەپێی ئەو ئامارانەی لەلای ئێمەن ژمارەی بەشداربووانی نوێژەکە ملیۆنێک کەس تێدەپەڕێنێت."
 
سەڵاح عەرباوی، سەرۆکی جوڵانەوەی وەعی، لە تویتەری خۆیەوە لەبارەی نوێژی هەینیی سەدرییەکانەوە رایگەیاند: "پێموابوو سەید سەدر شۆڕشی تویت بەکاردەهێنێت، بەڵام پێدەچێت شێوازەکەی باوکی لە شۆڕشی هەینی بەکاردەهێنێت."
 
عەرباوی هەروەها دەڵێت: "عێراق ئێران نییە، هەروەها ساڵی 1979 کە شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کرا، ساڵی 2022 نییە، شۆڕشی کاسێت کە ئایەتوڵڵا خومەینی بەکاریهێنا بە دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت کۆتاییهات، بەڵام شۆڕشی باوکتان محەممەد سادق سەدر بە شەهیدبوون."
 
رۆژی سێشەممە 12/7/2022، لیژنەی سەرپەرشتیی ئەو نوێژەی کە بڕیارە لە ناوچەی سەدر لە شاری بەغدا بکرێت و بە "نوێژی یەکگرتوو" ناسراوە، 12 رێنمایی لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نوێژەکە بڵاوکردەوە کە ئەمانەن:
 
1- هەرچییەک رووبدات، نابێت چوون بە ئاراستەی سەکۆ هەبێت. دەبێت هاووڵاتییان لە شوێنی دیاریکراوی هەر پارێزگایەکدا دابنیشن و بە رێنماییەکانەوە پابەند بن.
 
2- گوێگرتن لە دوو گوتار.
 
3- پابەندبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و خۆپارێزی.
 
4- نابێت هاووڵاتی لە کۆڵانە تەسکەکان دابنیشێت.
 
5- دەبێت هاووڵاتی بە گوێرەی توانا بەرماڵ و خاولی و پێداویستی و ئاڵا لەگەڵ خۆی بهێنێت.
 
6- دەبێت هاووڵاتی بەشداربوو شەو لای کەسی نەناسراو نەمێنێتەوە و نەچێتە شوێنی نەگونجاو.
 
7- دەبێت هاووڵاتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەبێت لە کاتی چوون بۆ شوێنی نوێژەکە و دەرچوون لێی.
 
8- دەبێت هاووڵاتی لە کاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە هۆبەی فریاکەوتنەوە بکات.
 
9- هەر کەسێک نەخۆش بکەوت، لیژنەی پزیشکی نزیکە و پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
10- لیژنەیەکی تایبەت بە وێنەگرتن هەیە و لەکاتی نوێژکردن کاری خۆیان دەکەن.
 
11- رۆژی پێنجشەممە شوێنی نوێژکردنەکە رادەگەیێنن، دوای ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
 
12- دەستپێکردنەکە بە یەکگرتوویی و باوەڕداری دەبێت، لەسەر هەموو پاسەکانی نووسینگەی شەهید سەید محەممەد سەدر ناوی پارێزگاکە و ژمارەی پاسەکە دەنووسرێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:20

بەرپرسی نووسینگەی سەدر: زیاتر یەک ملیۆن کەس لە "نوێژی یەکگرتوویی" بەشداردەبن

لایەنگرانی سەدر لە بەغدا. وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو
 
لەسەر بانگهێشتی موقتەدا سەدر لایەنگرانی رەوتەکەی لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق گەیشتوونەتە گۆڕەپانی سەدر لە بەغدا و پەرلەمانتارێکی دەستلەکارکێشاوەی ئەو رەوتە دەڵێت: "موقتەدا سەدر لە رێگەى ئەم نوێژەوە دەیەوێت خەڵک بەهۆش خۆیاندا بێنەوە" و بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە پارێزگاکانی باشووری عێراقیش پێیوایە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە گۆڕەپانەکە ئامادە دەبن.
 
رۆژی هەینی 15-7-2022 حازم ئەعرەجی، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن هەوادار ئامادەبوون و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە بچێتە سەرووی یەک ملیۆن کەس".
 
لە ئێوارەی دوێنێوە هێزێکی زۆر لەناو کۆڵان و شەقامەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە، بەتایبەت لە ناوچەی سەدر کە بڕیارە لایەنگرانی رەوتی سەدر نوێژی بەکۆمەڵ لەوێ بکەن.
 
کامیل غرێری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەناو گۆڕەپانەکە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "موقتەدا سەدر پڕۆژەیەکى چاکسازى هەبوو بۆ رزگارکردنى وڵات، بەڵام هەندێک لەلایەنە سیاسييەکان رووبەڕووى وەستانەوە بۆ ئەوەى ئەو چاکسازییە سەر نەگرێت".
 
غرێری گوتی: "ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە رێگەى ئەم نوێژى هەینییەوە دەیەوێت خەڵک بەهۆش خۆیدا بێتەوە، لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا وڵات بە دۆخێکى زۆر خراپدا تێپەڕ بوو کە ئازاربەخش بوو، ئەمڕۆ ئەوەى هەیە بەڵگەى یەکگرتوویی عێراقیەکانە بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە، بۆ دەربازکردنى وڵات لەو نەهامەتییە".
 
یەکێک لە ئامادەبووانی ناو گۆڕەپانەکە بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "با تاوانباران و خراپەکاران بزانن کە ئەمە شۆڕشێكی ئامادەکارییە بۆ شۆڕشی مەهدی. با گەندەڵکار، ستەمکار و داگیرکارانی ئەم وڵاتەش لەم شۆڕشە تێبگەن. سەید موقتەدا قسەکانی فەرمانن".
 
لایەنگرێکی دیکەی سەدر گوتی: "بانگهێشتەکەی موقتەدا سەدر تەنیا بۆ سەدرییەکان نییە بەڵکو بۆ هەموو عێراقییەکانە لە سوننە، شیعە، کورد، کریستیان و سابیئە و هەموو پێکهاتەکانە، پشت بەخودا ئێمە و منداڵ و نەوەی نەوەکانیشمان لەسەر رێگەی سەدر دەمێنینەوە و لە ئالی سەدر فێر دەبین".
 
لەناو جەماوەری سەدر کۆمەڵێک هێزی ئەمنی بە جلوبەرگی مەدەنی وەستاون بۆ رێکخستنی نوێژکەران، هاوکات رێگە بۆ رووماڵکردنی میدیایی ئەستەمکراوە و بڕیارە لە کاژێر 11:30 رەوتی سەدر بەشێوەی راستەوخۆ رێوڕەسمەکە بگوازنەوە.
 
رۆژی یەکشەممەی 12-06-2022، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 73 پەرلەمانتاربوو و پەرلەمانتارێکی دیکەش چووبووە پاڵیان، بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هاوپەیمانیی سێقۆڵیی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە رابەرایەتی نووری مالیکی و هاوپەیمانەکانی.
 
دۆخى ئەمجارەى ئامادەکارییەکان بۆ نوێژى هەینى 15ـی تەممووز نزیکە لەوەى لە ساڵى 2016 روویدا، کاتێک لە 30ـی نیسانى ئەوساڵەدا لایەنگرانى سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز کە پارێزراوترین پێگەى بەغداى پایتەختە و چوونە نێو هۆڵەکەی.
 
ئەو هەنگاوە لە دواى ئەوە بوو کە هەمان رۆژ موقتەدا سەدر لە نەجەف گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هێرشی کردە سەر ئەوانەى بە "پاڵپشتیکارى پشکپکشێنە" ناوى بردن و گوتی: "ئەگەر بەرپرسانى گەندەڵکار و سیستمى پشکپشکێنە بەردەوام بێت، حکومەت بەتێکڕا دەڕوخێت."
 
چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە لە زۆرینەى لایەنە شیعەکان پێکدێت، رکابەرى ژمارە یەکى سەدرە، کە بەهۆى ململانێیانەوە ئەو رەوتە نەیتوانى حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە بە 73 کورسییەوە گەورەترین فراکسیۆن بوو، بەر لەوەى لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان بکشێتەوە.
 
ترسى ئەو هاوپەیمانێتییە لەوەدایە، کە لە سەرووبەندى هەنگاوەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت، سەدر دژە هێرشێک لە شەقامەوە بکات و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خورى بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 
ئینتیسار جەزائیرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى فەتح بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، قۆناخەکە هەستیارە، بەتایبەت لە پاش کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى رەوتى سەدر کە درزێکى گەورەى خستە نێو پەرلەمان و ئەوە ئاڵنگارییە بۆ شەقام، بۆیە دەبێت کەسێتیی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەهێزبێت و بەرپرسیارێتییەکى گەورە هەڵبگرێت بۆ سەلماندنى خۆى، دەبێت هەموو لایەک بەشداربن و رۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانى حکومەت، بەوانەشەوە کە کشاونەتەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

11:16

جۆش و خرۆشی لایەنگرانی سەدر

جۆش و خرۆشی لایەنگرانی سەدر
 
 
لایەنگرانی سەدر بە جۆش و خرۆشەوە چوونەتە شەقامی فەللاح لە ناوچەی سەدری بەغدا و سەرجەم شەقامەکانی ئەو ناوچەیە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل گیراون. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی رووداو، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەشداری "نوێژی یەکگرتوویی" بکەن.
 
کامیل غرێری، پەرلەمانتاری پێشووی رەوتی سەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرێز موقتەدا سەدر پڕۆژەیەکى چاکسازى هەبوو بۆ رزگارکردنى وڵات، بەڵام هەندێک لەلایەنە سیاسييەکان رووبەڕووى وەستانەوە بۆ ئەوەى ئەو چاکسازییە سەر نەگرێت، ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە رێگەى ئەم نوێژى هەینییەوە دەیەوێت خەڵک بەهۆش خۆی بێتەوە، لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا وڵات بە دۆخێکى زۆر خراپدا تێپەڕ بوو کە ئازاربەخش بوون، ئەمڕۆ ئەوەى هەیە بەڵگەى یەکگرتوویی عێراقییەکانە بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە، بۆ دەربازکردنى وڵات لەو نەهامەتییە."
 
تێکڕای پلەی گەرمای ئەمڕۆ لە بەغدا 41 پلەی سەدییە. بەشێک لە لایەنگران ئاو و خۆراک بەسەر بەشداربووان دابەشدەکەن و بەشێکی دیکەیشیان لە مەنجەڵی گەورە ژەمی نیوەڕۆ ئامادە دەکەن.
 
هاووڵاتییەکی عێراقی چووەتە ئەو گۆڕەپانەی کە بڕیارە نوێژی بەکۆمەڵی لێبکرێت و دەڵێت، "بەڕێز سەید موقتەدا سەدر خودا بیپارێزێت، بانگهێشتەکەی تەنیا بۆ سەدرییەکان نییە، بەڵکو بۆ هەموو عێراقییەکانە لە سوننە، شیعە، کورد، کریستیان و سابیئە و هەموو پێکهاتەکانە، پشت بە خودا ئێمە و منداڵ و نەوەی نەوەکانیشمان لەسەر رێگەی سەدر دەمێنینەوە و لە ئالی سەدر فێر دەبین".
زیاتر بخوێنەوە

09:05

نوێژی ملیۆنی لە بەغدا

گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر بۆ بەشداری لە "نوێژی یەکگرتوویی." وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو
گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر بۆ بەشداری لە "نوێژی یەکگرتوویی." وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نوێژی هەینی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. لە ئێوارەی دوێنێوە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون. پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، موقتەدا سەدر گەیشتووەتە بەغدا و هێزێکی ئەمنیی زۆریش لەو شارە بڵاوەیان پێکراوە، بەپێی ئەو ئامادەکارییانەبێت، "سەدر خۆی گوتاری هەینی دەخوێنێتەوە."
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دەیان هەزار لایەنگری سەدر لەو گۆڕەپانە ئامادەن کە بڕیارە نوێژی بەکۆمەڵی لێ بکرێت و بەردەوام خەڵکی زیاتر دەگەنە گۆڕەپانەکە. "بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی کراون، پێدەچێت موقتەدا سەدر لەناو جەماوەرەکەیدا ئامادەبێت و گوتارێک پێشکەش بکات."
 
لە ئێوارەی دوێنێوە هێزێکی زۆر لەنێو کۆڵان و شەقامەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە، بەتایبەت لە ناوچەی سەدر کە بڕیارە لایەنگرانی رەوتی سەدر نوێژی بەکۆمەڵ لەوێ بەڕێوەببەن، بە گوێرەی پەیامنێری رووداو، ئەو لایەنانەی سەرپەرشتیی گردبوونەوەکە دەکەن، "رێگە نادەن میدیاکان نزیک شوێنی نوێژکردنەکە ببنەوە."
 
بڕیارە لە کاژێر 11:30 بە شێوەی راستەوخۆ رێوڕەسمی نوێژە بەکۆمەڵەکە لەلایەن رەوتی سەدر بگوازرێتەوە.
 
 
بە گوێرەی لێدوان و راگەیێندراوەکانی رەوتی سەدر، پێدەچێت ئەمڕۆ تەنیا رێوڕەسمی نوێژی هەینی بەڕێوەبچێت و هیچ خۆپێشاندانێک لەلایەن نوێژخوێنانەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا بە هێزێکی ئەمنیی زۆر تەنراون و ئامادەکارییەکی چڕی ئەمنی کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.
 
رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە 73 کورسی توانی براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە بێت و لەگەڵ هاوپەیمانیی سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانیی سێقۆڵی پێکهێنا، مانگی رابردووش پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان دەستیان لەکار کێشایەوە. 
 
رۆژی یەکشەممەی 12-06-2022، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 73 پەرلەمانتاربوو و پەرلەمانتارێکی دیکەش چووبووە پاڵیان، بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هاوپەیمانیی سێقۆڵیی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە رابەرایەتی نووری مالیکی و هاوپەیمانەکانی.
 
دۆخى ئەمجارەى ئامادەکارییەکان بۆ نوێژى هەینى 15ـی تەممووز نزیکە لەوەى لە ساڵى 2016 روویدا، کاتێک لە 30ـی نیسانى ئەوساڵەدا لایەنگرانى سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز کە پارێزراوترین پێگەى بەغداى پایتەختە و چوونە نێو هۆڵەکەی.
 
ئەو هەنگاوە لە دواى ئەوە بوو کە هەمان رۆژ موقتەدا سەدر لە نەجەف گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هێرشی کردە سەر ئەوانەى بە "پاڵپشتیکارى پشکپکشێنە" ناوى بردن و گوتی: "ئەگەر بەرپرسانى گەندەڵکار و سیستمى پشکپشکێنە بەردەوام بێت، حکومەت بەتێکڕا دەڕوخێت."
 
چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە لە زۆرینەى لایەنە شیعەکان پێکدێت، رکابەریى ژمارە یەکى سەدرە، کە بەهۆى ململانێیانەوە ئەو رەوتە نەیتوانى حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە بە 73 کورسییەوە گەورەترین فراکسیۆن بوو، بەر لەوەى لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان بکشێتەوە.
 
ترسى ئەو هاوپەیمانێتییە لەوەدایە، کە لە سەروبەندى هەنگاوەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت، سەدر دژە هێرشێک لە شەقامەوە بکات و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خورى بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 

ئینتیسار جەزائیرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى فەتح بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "قۆناخەکە هەستیارە، بەتایبەت لە پاش کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى رەوتى سەدر کە درزێکى گەورەى خستە نێو پەرلەمان و ئەوە ئاڵنگارییە بۆ شەقام، بۆیە دەبێت کەسێتیی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەهێزبێت و بەرپرسیارێتییەکى گەورە هەڵبگرێت بۆ سەلماندنى خۆى، دەبێت هەموو لایەک بەشداربن و رۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانى حکومەت، بەوانەشەوە کە کشاونەتەوە."
 
لیژنەی سەرپەرشتیی "نوێژی یەکگرتوویی" رۆژی سێشەمی رابردوو 12 رێنوێنیی لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نوێژەکە بڵاوکردەوە کە رێنوێنییەکان بریتین لە:
 
1-  هەرچییەک رووبدات، نابێت چوون بە ئاراستەی سەکۆ هەبێت. دەبێت هاووڵاتییان لە شوێنی دیاریکراوی هەر پارێزگایەکدا دابنیشن و بە رێنوێنییەکانەوە پابەند بن.
 
2- گوێگرتن لە دوو گوتار.
 
3- پابەندبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و خۆپارێزی.
 
4- نابێت هاووڵاتی لە کۆڵانە تەسکەکان دابنیشێت.
 
5- دەبێت هاووڵاتی بەگوێرەی توانا بەرماڵ و خاولی و پێداویستی و ئاڵا لەگەڵ خۆی بهێنێت.
 
6- دەبێت هاووڵاتیی بەشداربوو شەو لای کەسی نەناسراو نەمێنێتەوە و نەچێتە شوێنی نەگونجاو.
 
7- دەبێت هاووڵاتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەبێت لەکاتی چوون بۆ شوێنی نوێژەکە و دەرچوون لێی.
 
8- دەبێت هاووڵاتی لە کاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە هۆبەی فریاکەوتنەوە بکات.
 
9- هەر کەسێک نەخۆش بکەوێت، لیژنەی پزیشکی نزیکە و پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
10-  لیژنەیەکی تایبەت بە وێنەگرتن هەیە و لە کاتی نوێژکردن کاری خۆیان دەکەن.
 
11-  رۆژی پێنجشەممە شوێنی نوێژکردنەکە رادەگەیێنین، دوای ئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
 
12- دەستپێکردنەکە بە یەکگرتوویی و باوەڕداری دەبێت، لەسەر هەموو پاسەکانی نووسینگەی شەهید سەید محەممەد سەدر ناوی پارێزگاکە و ژمارەی پاسەکە دەنووسرێت.
 

 

زیاتر بخوێنەوە