رووداو - رومادی
هێزە ئەمنییەكانی عێراق ناوچەی ئەلبوغانمیان لە رۆژهەڵاتی شاری روومادی كۆنترۆڵكردەوە، لەئەنجامی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچەیەشدا زیاتر لە 9 چەكداری داعش كوژراون و 37 خێزانیش لەدەستی داعش رزگاركراون. هاوكات 25 چەكداری دیكەی داعش لە سامەڕا كوژراون.
لە راگەیێندراوێكدا شانەی راگەیاندنی جەنگی رایگەیاند "هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ناوچەی ئەبوغانم بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكەنەوە و ئاڵای عێراق لەسەر یەكێك لە باڵەخانەكانی ئەو ناوچەیە هەڵبدەن".
لە راگەیێندراوەكەی شانەی راگەیاندنی جەنگیدا هاتووە "لەئەنجامی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەی ئەلبوغانم، زیاتر لە 9 چەكداری داعش كوژراون". ئاماژە بەوەش دراوە، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە 37 خێزان لەژێر دەستی داعش رزگار بكەن، كە داعش لەو ناوچەیەدا گەمارۆی دابوون.
هاوكات سەباح كەرحوت، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:"بەرەبەیانی رۆژی هەینی 15-1-2016، سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوای شەڕ و پێكدانێكی تووند لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی داعش، توانیویانە سەركەوتووانە ناوچەی سۆفیە لە شاری رومادی كۆنترۆڵ بكەنەوە".
هاوكات فەریق رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە راگەیێندراوێكدا، رۆژی هەینی 15-1-2016 رایگەیاند "هێزەكانی لیوای 10 ی سەر بە فیرقەی 3 توانیویانە لە رۆژئاوای جەزیرەی سامەڕا 25 چەكداری داعش بكوژن و 8 ئۆتۆمبێلی سەربازی داعشیش تێكبشكێنن".
فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق گوتیشی "هێزەكانمان لە مەكحول توانیویانە بنكەیەكی چەكدارانی داعش لە گوندی مەسعود وێران بكەن و، سەرجەم ئەو چەكدارانەش بكوژن كە لەنێو بنكەكەدا بوون". ئاماژەی بەوەش دا، لەو كردە سەربازییەی هێزەكانی پۆلیسدا چەكدارانی داعش زیانی زۆریان بەركەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ